مهودا میدیا-
ئهگهرى خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئاسۆی ئیسلام ئاباد له ئارادایه، بەڵام تا ئێستا پڕە لە پرسیاری چارەنووسساز و پڕ لە کێشە، کێ بەڕاستی دەسەڵاتی لەناو ئێراندا بەدەستەوەیە؟ ئایا شاندی ئامادەبوو توانای ئەوەی هەیە رژێم ناچار بکات پابەند بێت بە هەر رێککەوتنێک کە واژۆی بکات؟
ڕۆژنامەنووس محەمەد ئەلحەمەدی، لە لێدوانێکیدا بۆ سکای نیوز عەرەبى رایگهیاند “زۆربەی کاربەدەستانی ئێران لە 24 کاتژمێری رابردوودا قسەیان کردووە، تویتیان کردووە و لێدوانیان بڵاوکردووەتەوە، کە هەموویان بە رواڵەت ئامانجیان ئەوەیە دەرگای دانوستان لەگەڵ ئیسلام ئاباد بە کراوەیی بهێڵنەوە”.
ئەلحەمەدی ئاماژەی بەوەشکرد “ئێستا ئێران تەنها چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ تەواوبوونی ئاگربەستەکە، ئەمەش وایکردووە حیساباتەکانی “زۆر ناسک و قورس بێت”، بەتایبەتی کە رژێمی ئێران لە ماوەی شەڕی 40 رۆژەدا دۆناڵد ترەمپی سهرۆكى ئهمهریكاى تاقیکردۆتەوە و بینیویەتی کە ئەو بێ وەستانە و توانای پەرەسەندنی سەربازیی هەیە لە هەر ساتێکدا”.
وتیشى “دانوستانکاری ئێرانی رەنگە ناچار بێت بچێتە ئیسلام ئاباد”.
لاى خۆیهوه عەواد ئەلبورەیکی، بەرپرسی کەرتی ترێندس گڵۆباڵ لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ترێندز، پشتڕاستی کردەوە کە شاندی ئێرانی ناچار دەبێت بچێت، بە پشتبەستن بەو فشارە ئابوورییە گەورەیەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمهریکاوە سەپێنراون. زیانە ئابوورییەکان رۆژانە بە 435 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت کە یەکسانە بە 13 ملیار دۆلار مانگانە و ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 90%ی هاوردە و هەناردەکردنی ئێران بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و تاران بە جێگرەوەیەکی زۆر سنووردار بەجێدەهێڵێت.
سپای پاسداران… گەورەترین بەربەسته لەبەردەم هەر رێککەوتنێک
ئیلی ئەلهندی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند “هێشتا گومانی ئەوەی هەیە ئەوانەی لە ئیسلام ئاباد بە راستی توانای قسەکردنیان بە ناوی رێژیمەوە هەیە”.
ئهوهشى خستهڕوو “دانوستان لەگەڵ سیاسەتمەداران بەڕێوە دەچێت، لە کاتێکدا دەسەڵاتی راستەقینەی بڕیاردان لە دەستی سوپای پاسداراندایه”.
ئەلهندی دهڵێت “ئایا سەرکردایەتیی سوپای پاسداران خاوەنی پراگماتیزمی پێویستن بۆ قبوڵکردنی ئیمتیازاتی پێویست؟ یان سروشتیی ئایدۆلۆژی و عەقیدەیی رێژیم کە شەڕکردن تا کۆتایی و شەهیدبوون لە پێناوی دۆزی بە بنەمایەکی بنەڕەتی دەزانێت، رێژیم هیچ رەچاوێک بە بەرژەوەندیی گەلی ئێران و نە ئابووری نادات”.
لای خۆیەوە شادی دیاب، پسپۆڕی کاروباری ئێران ئاشکرای کرد “قەیرانێکی شەرعییەتی راستەقینە لە قووڵایی ئێراندا خەریکە دەخوڵقێت و ئەو پرسیارە بنەڕەتییە دەوروژێنێت، کێ لە غیابی دەسەڵاتێکی شەرعیدا شەرعیەت بە کێ دەدات؟
ئاماژەی بەوەشکرد “گومانی ناوخۆیی هەیە کە کێ رێگەی بە ئیمتیازاتەکان داوە لەسەر ئەم خاڵانە یان قبوڵکردنی ئەم مەرجانە”.