مەودا میدیا-
حكومەتی ئەمەریكا بڕیارێكی دەركرد و تێیدا فەرمانی بە دەزگاكانی كرد كە واز لە بەكارهێنانی ئامرازەكانی ژیریی دەستكردی كۆمپانیا چینییە تازەپێگەیشتووەكەی “دێپ سیك” (DeepSeek) بهێنن، ئەوەش لە چوارچێوەی ململانێ توندەكەی نێوان هەردوو وڵات بۆ باڵادەستی لەو كەرتەدا.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریكاوە دەرچووە، قەدەغەكردنی ئەو بەرهەمانەی راگەیاندووە كە لەلایەن “دێپ سیك”ەوە پەرەیان پێدراوە، لەگەڵ ئەو ئامرازانەی كە لەلایەن لایەنە دەرەكییەكانەوە بە بەكارهێنانی ئەم تەكنیكە چینییە دروست كراون، و جەختی لەسەر پێویستیی سڕینەوەیان لە ئامێرە تەكنیكییەكان كردووەتەوە.
وەزارەتەكە هۆشداریی داوە كە “بەكارهێنانی ئامرازەكانی ژیریی دەستكردی دێپ سیك رەنگە ببێتە هۆی گواستنەوەی داتای هەستیار بۆ چین لە حالەتی بەكارهێنانیان لەلایەن فەرمانبەرانی حكومەتی ئەمەریكا یان دابینكەرەكانیانەوە”.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوە كردووە “سێرڤەرەكانی كۆمپانیاكە لە چینن، كە لەوێدا سیستەمی یاسایی دەسەڵاتێكی فراوان بە حكومەت دەدات بۆ دەستگەیشتن بە ژێرخانی كۆمپانیا تایبەتەكان”.
كۆمپانیای “دێپ سیك”، كە یەكێكە لە دیارترین تاقیگەكانی ژیریی دەستكرد لە چین، لە كانوونی دووەمی 2025ـدا شۆڕشێكی لەم بوارەدا بەرپا كرد بە راگەیاندنی رۆبۆتێكی گفتوگۆی بەرز و كەمتێچوو، بەمەش پێشبینییەكانی باڵادەستیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی تێپەڕاند.
هاوكات ئەمەریكا كۆمپانیای “دێپ سیك” و كۆمپانیا پێشەنگەكانی تری ژیریی دەستكردی چینی تۆمەتبار كرد بە دزینی تواناكانی مۆدێلە پێشكەوتووەكان كە لەلایەن كۆمپانیاكانی كێبڕكێكاری ئەمەریكییەوە پەرەیان پێدراوە.
ئ پ