چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە سەرجەم یاسا دەستورییە پەكخراوەكان پێكدەهێنێت

مەودا میدیا-
شەوی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای بۆ پۆلێنكردن و لێكۆڵینەوە لە سەرجەم یاسا دەستورییە پەكخراوەكان راگەیاند، هاوكات جەختی لە پابەندبوونی خۆی كردەوە بەو رێككەوتنەی كە لە بارەی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت تا كۆتایی حوزەیرانی 2027 كراوە.

لە راگەیەندراوێكی چوارچێوەكەدا هاتووە “لە كۆبوونەوەیەكدا كە سەرۆكی سەرجەم كوتلە سیاسییەكان و سەرۆك وەزیرانی عیراق ئامادەبوون، لیژنەیەك لە ئاستی باڵادا پێكهێنراوە بۆ پۆلێنكردن و لێكۆڵینەوە لە سەرجەم یاسا دەستورییە پەكخراوەكان و ئەو یاسایانەی كە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت لەسەریان وەستاوە”.

راگەیەندراوەكە روونی كردووەتەوە “ئامادەبووان رێگاكانی پشتگیریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و بەردەوامبوونی چەسپاندنی پایەكانی سەقامگیریی سیاسی و كارگێڕییان تاوتوێ كردووە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە ماددەكانی بەرنامەی حكومەت و گۆڕینی لێكتێگەیشتنە سیاسییەكان بۆ هەنگاوی كرداری كە پاڵپشتیی كاركردنی دەزگا فەرمییەكان بكات و پێداویستییەكانی قۆناغی داهاتوو دابین بكات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “كۆبوونەوەكە تیشكی خستووەتە سەر سیاسەتە داراییەكان كە ئامانجیان باشتركردنی باری ژیان و خزمەتگوزاریی هاوڵاتییان، كۆنترۆڵكردنی جووڵەی بازاڕەكان و چارەسەركردنی هەژاری و بێكارییە، بە جۆرێك كە دڵنیابن لەوەی چاكسازییە داراییەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ و بەرچاو رەنگ بدەنەوە لە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییاندا”.

باسی لەوەش كردووە “چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی كردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی بەو رێككەوتنەی كە لە بارەی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كراوە تا 30ی حوزەیرانی 2027، و حكومەتی دەسەڵاتدار كرد بۆ ئەنجامدانی ئەو هەنگاوانەی كە پابەندبوون بەوەوە بەهێزتر دەكەن”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان