ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد لە مانگی هەشتی رابردووەوە لەپارێزگای سلێمانی نووسراو و رێکارە فەرمییەکان بۆ دابینکردنی نەوتی سپی دەستپێکردووە، بەڵام داتا و ئامارەکان ئاماژە بە قەیرانێکی گەورە دەکەن لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتییان، ئەگەر هەرێم بە رۆڵ و لێپرسراوێتی خۆی هەڵنەسێت.
مامۆستا فاتیح سەنگاوی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “تەنها پارێزگای سلێمانی پێویستی بە نزیکەی (110 ملیۆن لیتر) نەوت هەیە، لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی کە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە تەنها (50 ملیۆن لیتر)ە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” کۆی گشتیی پێداویستیی راستەقینەی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ نەوتی سپی نزیکەی (230 ملیۆن لیتر) دەبێت، ئەمەش بە روونى قەبارەی کورتهێنانەکەیان بۆ دەردەخات کە نزیکەی چارەکی پێداویستییەکان پڕدەکاتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەشێک لە رێکارەکان تەواو بوون و ئومێد هەیە ئەمڕۆ دۆسییەکانی سنووری سلێمانی بگەنە بەغدا، پێویستە کۆمپانیایەک تەندەرینی بۆ دەرچێت، گرێبەستەکەی فەرمی بێت، و لایەنی پەیوەندیدار پێشوەختە پارەکەی بنێرێت بۆ ئەوەی دواتر بە نرخی دیاریکراو لە هاوڵاتییان وەربگیرێتەوە”.
باسی لەوەشکرد “ئەم (50ملیۆن لیترە) بە شێوەی بڕو وەجبە (قۆناغ بە قۆناغ) دێت و پڕۆسەکە تا مانگی چواری ساڵی داهاتوو دەخایەنێت، لەبەرئەوە پێویستە چارەسەری بەپەلە بۆ ناوچە شاخاوی و کوێستانییەکان بگیرێتەبەر، ئەم بڕە کەمەی نەوت و دابەشکردنی بەو خاوییە، گرفتی گەورە و کارەساتبار بۆ ناوچە کوێستانی و ساردەکان دروست دەکات”.
وتیشی ” ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە تەنها پشت بە پشکی بەغدا نەبەستێت، بەڵکوو بەپەلە لەو (50 هەزار بەرمیل نەوتە)ی کە لە بەردەستیدا هەیە و لە رێگەی تری جێگرەوەوە، خەمی ناوچە سارد و مەترسیدارەکان بخوات و فریای هاووڵاتییان بکەوێت، هەروەها دامەزراوە پەیوەندیدارەکان رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەست و تەندەرین خێرا بکەن بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا نەوتەکە بگاتە دەست هاوڵاتییان”.
ب ح