بێری غەریب
کاتێک کەسێک بە دەنگ و پشتیوانی حزبێک دەچێتە پەرلەمان بە متمانە و هەوڵی ئەو رێکخراوە سیاسییە کورسی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت، پێویستە لە هەموو قۆناغەکاندا ئەو راستییە لەبەرچاو بگرێت کە گەیشتن بەو شوێنە تەنها بە هەوڵی تاکە کەسی نەبووە، بەڵکوو لە ئەنجامی پشتیوانی و هاوکاری و متمانەی کۆمەڵێک کەس و پشتیوانیی راستەوخۆی هێزە سیاسییەکە، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
بێگومان سەربەخۆیی لە بڕیارداندا و هەڵوێستی سیاسی مافی هەر پەرلەمانتارێکە، بێگومان پەرلەمانتار کاتێک حزبێکی خوازراوی خۆی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە رێگەی ئەو حزبەوە بگات بە پەرلەمان دەبێت رێز لە دەنگی لایەنگرانی ئەو حزبەش بگرێت، لە هەمان کاتدا نابێت ئەو سەربەخۆییە ببێتە هۆی لە بیرکردنی ئەو دەنگ و پشتیوانییەی کە پێی گەیشتووە بەو شوێنە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان سەربەخۆیی لە بڕیاردان و بڕانەوە لە رابردوو و متمانە .
دەبێت کۆمەڵگە بزانێت پەرلەمانتار بوون تەنیا بەدەستهێنانی کورسی و ناونیشانێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە بەرانبەر ئەو دەنگ و متمانەیەی کە پێی دراوە، ئەگەر ئەمڕۆ بە دەنگی حزبێک و پشتیوانیی ئەندام و لایەنگرانی چوویتە پەرلەمان، ئەوە پێویستە بەڕوونیی هەڵوێستت لە بەرانبەر ئەو متمانەیە دیاری بکەیت، نەک دوای گەیشتن بە ئامانج هەموو پەیوەندییەکان پشتگوێ بخەیت و بانگەشەی ئەوە بکەیت کە چیتر هیچ پەیوەندییەکت بەو لایەنەوە نییە .
لە سیاسەتدا جیاوازیی بیرکردنەوە و هەڵوێست شتێکی ئاساییە، بەڵام رێزگرتن لە متمانە، دانان لە پشتگیرییەکان و لەبیرنە کردنی رۆڵی ئەوانەی لە رۆژانی سەختدا پشتگیرییان کردوویت بەشێکن لە ئەخلاق و کولتووری سیاسی .
راستە کورسیی پەرلەمان بە دەنگ بەدەست دێت، بەڵام متمانە وەفاداری، راستگۆیی و بەرپرسیارێتیی دەپارێزرێت، دەبێت بیرت بێت سەرچاوەی متمانە لەبیر نەکەیت، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ دەنگی پێت دەبەخشێت، سبەی مێژووی هەڵوێستەکانت هەڵدەسەنگێنێت.
ر.س