یەکی ئایار لەنێوان شکۆی کار و مەترسییەکانی ژیان لە کوردستان

دێرین جەمال
رۆژی جیهانیی کرێکاران تەنها یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکوو وەستانێکی ویژدانییە بۆ رێزگرتن لەو چینەی کە کۆڵەکەی سەرەکیی هەر وڵات و ئابوورییەکن. لەم رۆژەدا، پێویستە بەوردی سەیری رەوشی کرێکارانی کوردستان بکەین و ئەو ئاستەنگە گەورانە بخەینەڕوو کە رووبەڕووی ژیان و کەرامەتیان دەبێتەوە.

ئاڵنگارییەکانی کرێکاری ناوخۆ و کێشەی بێکاری
لە ئێستادا کرێکاری کورد لە بارودۆخێکی ئابووریی ئاڵۆزدا دەژی. یەکێک لە کێشە هەرە بەرچاوەکان، زیادبوونی بێسەروبەریی کرێکاری بیانییە. زۆرێک لە خاوەنکارەکان بەهۆی کەمیی تێچووی کرێکاری بیانی و نەبوونی بیمە و پابەندییە یاساییەکان، پەنا بۆ هێزی کاری دەرەکی دەبەن. ئەمەش وایکردووە کە گەنجانی نیشتمان لەناو خاکی خۆیاندا بێکار بمێننەوە و نەتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابینبکەن. پێویستە یاسای کار بەجۆرێک رێکبخرێتەوە کە پارێزگاریی لە هەلی کاری ناوخۆیی بکات و شکۆ بۆ کرێکاری نیشتمانی بگەڕێنێتەوە.

کەرتی بیناسازی؛ قوربانیانی پشتگوێخستنی سەلامەتی
خاڵێکی تری خەمناک کە ساڵانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەیان گەنج، نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و پاراستنە لە شوێنی کاردا. زۆرێک لە خاوەن پرۆژەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەکانیان، ئامادەنین سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک: (پشتێنی سەلامەتی، کڵاوی پارێزەر و ئەسکەلەی ستاندارد) دابینبکەن.
ساڵانە چەندان کرێکار دەبنە قوربانی کەوتنەخوارەوە لەسەر ئەسکەلەکان. ئەمە تەنها قەزا و قەدەر نییە، بەڵکوو کەمتەرخەمییەکی گەورەی خاوەنکارەکانە. قازانجی ماددی هەرگیز شایەنی ئەوە نییە منداڵی کرێکارێک بەهۆی نەبوونی پشتێنێکی سەلامەتییەوە هەتیو بکەوێت.

رێزگرتن لە کرێکار لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە
ئایینی ئیسلام پێش هەموو سیستمە جیهانییەکان، بەهایەکی باڵای داوە بە کار و کرێکار. مرۆڤ لای خودای گەورە رێزلێگیراوە و پاراستنی گیانی لە پێش هەموو شتێکەوەیە.
پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: أَعْطُوا الأَجِيرَ أَجْرَهُ قَبْلَ أَنْ يَجِفَّ عَرَقُهُ (واتە: حەق و کرێی کرێکار بدەن پێش ئەوەی ئارەقەی نێوچەوانی وشک بێتەوە). ئەمە نەک هەر بۆ لایەنی ماددی، بەڵکوو بۆ پاراستنی کەرامەت و مافی مرۆڤیشە. لە ئیسلامدا، هەر کەمتەرخەمییەک لە ژیانی کرێکار کە ببێتە هۆی زیان پێگەیاندنی، خاوەنکارەکەی لەبەردەم خودا و یاسادا بەرپرسیار دەکات.

مافی مرۆڤ و بەرپرسیارێتیی دەسەڵات
پاراستنی مافی کرێکار بەشێکی دانەبڕاوە لە مافەکانی مرۆڤ. ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە:

  • چاودێرییەکی ورد و تووند بخەنە سەر پرۆژەکان بۆ دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی.
  • رێژەی کرێکاری بیانی سنووردار بکەن و پێشینە بدەن بە گەنجانی ناوخۆ.
  • یاسایەک دابڕێژن کە قەرەبووی شایستەی ئەو خێزانانە بکاتەوە کە سەرپەرشتیارەکەیان لە کاتی کاردا دەبێتە قوربانی.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان