مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد بەگشتیی ئەو چەند رۆژەی داهاتوو شەپۆلی بارانبارین لە ئارادانین، ئەوەی هەیە ئەگەری چڕبوونەوەی هەوری ناوخۆیی هەیە، ئەمڕۆ لە هەندێک شوێنی باشووری هەرێم بەشێوەی لاوازو کاتی بارانێکی کەم هەیە، بۆ رۆژانی داهاتوو خێرایی با بەزۆری ئاساییە و پلەکانی گەرما بەزۆری جێگیرن، بەڵام پێش کۆتایی مانگ کەمێک بەرزدەبنەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزایەکی بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “لەنێوان کۆتاییەکانی مانگ بۆ سەرەتایەکانی مانگی داهاتوو یەکەم شەپۆلی بەهێزی دابارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات، سیستمێکی تەڕو شێدار باڵادەست دەبێت ئەویش بەهۆی جێگیر بوونی بەرزە پاڵە پەستۆیەکی گەورە لەسەر ناوچەکانی رۆژئاوای ئەوروپا و گۆڕانی فەیسی AO و NAO”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “فەیسی MJOش لەگۆڕاندا دەبێت و بەتایبەت بۆ مانگی 11 و 12 بەتەواوی چالاک دەبێتەوە کە دەبێتەهۆی رەخساندنی چەندین شەپۆلی به هێزو لافاو، سەبارەت بەبارانی پەڵە لەکۆتایی مانگ لە بەشێک ناوچەکان پەڵە دەدات بەتایبەت ناوچەکانی باکووری هەرێم و لەنێوان 10 رۆژی سەرەتای مانگی 11 پەڵەی سەرتاسەریی دەدات”.
ب ح