مەودا میدیا-
بەپێی ئاگاداركردنەوەیەك كە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان بڵاویكردووەتەوە هەر شۆفێرێك سەرەی بەنزین بگرێت و مۆڵەتی شۆفێری نەبێت، ئەوا ئۆتۆمبێلەكەی دەستبەسەر دەكرێت.
هاتوچۆی گەرمیان دەڵێت “ئاگاداری شۆفێران و هاوڵاتییان دەكەینەوە لە كاتی وەرگرتنی بەنزین، ئەگەر كەسی لێخوڕی ئۆتۆمبێلەكە مۆڵەتی شۆفێریی نەبێت، ئۆتۆمبێلەكەی دەستبەسەر دەكرێت و رێكارە یاساییەكانی بەرامبەر جێبەجێ دەكرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “هەندێك كەس لە كاتی وەرگرتنی بەنزین، بەهەر هۆكارێك بێت، ئۆتۆمبێلەكانیان دەدەنە دەستی كەسانێك كە مۆڵەتی شۆفێریان نییە، یان تەمەنی یاساییان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری تەواو نەكردووە، ئەم كارەش پێچەوانەی یاسایە و لەمبارەیەوە چەندین ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەرداگیراوە”.
دەشڵێت “داوا لە سەرجەم شۆفێران دەكەین پابەندی یاسا بن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر كارێك كە پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی سزادانیان”.
ئ پ