مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد وەزارەتی کارەبا باس لە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان و گەڕاندنەوەی 300 ملیۆن دۆلار دەکات (ساڵانە) بۆ خەزێنەی حکومەت، بەڵام کاتێک وردەکاریی راپۆرتی وەزارەتی دارایی دەخوێنینەوە، بە شێوەیەکی تر دەردەکەوێت.
کاوە عەلی کەریم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “جیاوازیی گەورە لە نێوان لێدوانی وەزارەت و خشتەی خەرجییەکاندا هەیە، بەپێی راپۆرتی فەرمی خەرجییە کردارییەکانی حکومەت، خەرجییەکانی کەرتی کارەبا نەک هەر کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو لە 429 ملیار دینارەوە لە ساڵی 2019دا، ساڵ بە ساڵ رووی لە زیادبوون کردووە و لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 717 ملیار دینار”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” تێبینییە فەرمییەکانی سەر خەرجیی ساڵانی 2019 و 2025، پەردە لەسەر شاردنەوەی قەبارەیەکی گەورەی خەرجییەکان لادەدەن بەهۆی نەبوونی نەختینە (سیولە) لە بانکەکاندا، لە ساڵی 2019دا لە کاتێکدا خەرجی کرداری تۆمارکراو تەنها 425 ملیار و 810 ملیۆن دینار بووە، بەڵام شایستەی دارایی راستەقینەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا یەک تریلیۆن و 272 ملیار دینار بووە”.
ئەوەشی خستەڕوو “لە ساڵی 2025دا خەرجی تۆمارکراو 482 ملیار و 584 ملیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا شایستەی دارایی راستەقینەی کۆمپانیاکان گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 479 ملیار و 895 ملیۆن دینار، ساڵانە زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار لە شایستەی کۆمپانیاکان بە شێوازی تەمویل نەکراو یان چەک و مقاسە دەمێنێتەوە و لە خەرجییە راستەقینەکاندا بە تەواوی دەرناکەوێت، ئایا ئەو 300 ملیۆن دۆلارەی وەزارەت باسی دەکات، لە کام جومگەی ئەم خەرجییە تریلیۆنییانەدا رەنگی داوەتەوە و کەمیکردووە”.
باسی لەوەشکرد “لەکاتێکدا باس لە دابەزاندنی تێچووەکان و دۆخی دارایی دەکرێت، لە بەرواری 2026/5/3، وەزارەتی کارەبا گرێبەستێکی بۆ پڕۆژەی سێ وێستگە بە شێوازی راستەوخۆ و بەبێ کێبڕکێی ئاشکرای کۆمپانیاکان (تەندەرین) واژۆ کردووە بە بڕی 100 ملیار دینار، ئەم پڕۆژانە پێشتر تەنها بە 60 ملیار دینار جێبەجێ دەکرا!
بۆچی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە بەبێ کێبڕکێی ئاشکرا دەدرێت بە کۆمپانیایەک؟ ئەم بازدانە گەورەیە لە نرخدا (40 ملیار دینار زیادبوون) لەسەر چ بنەمایەکی تەکنیکی و ئابووری بووە لە کاتێکدا بانکەکان کێشەی نەختینەیان هەیە و داهاتی ناوخۆ بە ووتەی خۆیان زۆر کەمیکردووە”.
ب ح