قەرزەكانی ئەمەریكا جیهان بەرەو قەیرانی قوڵی دارایی پاڵدەنێت

مەودا میدیا-
بابەتی قەرزەكانی ئەمەریكا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر قورس دەبێت و هیچ بەرپرس و سەرۆك و فریادڕەسێكیش نییە كە بتوانێت ببێتە هیوایەك بۆ رزگاركردنی ئەو وڵاتە لەژێر باری ئەو قەرزانەی كە ئێستا لەسەری كەڵەكە بووە و گەیشتووەتە 40 ترلیۆن دۆلار و نەك هەر وڵاتەكەش بەڵكو ئابووری جیهانیشی خستووەتە مەترسییەكی گەورەوە.

بە گوتەی سێرگی كلیسینكۆ، بەڕێوەبەری دەزگای هەڵسەنگاندنی نیشتمانی (NRA)، “گەنجینەی ئەمەریكا پێویستی بە دووبارە پارەداركردنەوە هەیە بە بڕی نزیكەی نۆ تریلیۆن دۆلاری قەرزی نیشتمانی لەمساڵدا، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی قەرزەكانی وڵاتەكە كە بەم دواییە 40 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، یەكسانە بە 125%ـی بەرهەمی ناوخۆیی”.
ئەم قەرزكردنە تازەیەش قەبارەی قەرزەكانی ئەمەریكا زیاتر دەكات و بارگرانییەكی گەورە دەخاتە سەر بودجەی وڵاتەكە كە دەبێتە هۆی ناسەقامگیركردنی تەواوی سیستەمی دارایی، چونكە تەنها پێدانی سوود نزیكەی 20%ی خەرجییەكانی بودجە پێكدەهێنێت.

كلیسینكۆ ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات” قەرزكردن و خستنەبازاڕی پارەی زیاتر، دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە سەروەت و سامانە راستەقینەكانی وەكو خانووبەرە، زێڕ و كاڵاكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵاوسان زیاد دەكات، لە ئەنجامدا كێشەی قەرزە نیشتمانییەكان بەردەوام دەبێت لە خراپتربوون”.

بەرپرسە ئەمەریكییەكە دەشڵێت”مەترسییەكە ئەوەیە سیستەمێكی دارایی كە بكەوێتە ژێر باری ئەو رێژە زۆرەی قەرزەوە، لە درێژخایەندا ناسەقامگیر دەبێت و درەنگ یان زوو رووبەڕووی قەیرانێكی گەورە دەبێتەوە”.

سێرگی كلیسینكۆ لە بارەی دەرەنجامەكانی كەڵەكەبوونی زیاتری قەرزەكانەوە دوو خاڵی سەرەكی دەخاتەڕوو كە دەكرێت درەنگ یان زوو تووشی ئابوری وڵاتەكە ببێت، لەوانەش، یەكەم، متمانە بە دراوی ئەو وڵاتە لە بازاڕی جیهانیدا لەرزۆك دەبێت.
دووەمیش، خستنەڕووی لە رادەبەدەر و بێ كۆنترۆڵی پارە درەنگ یان زوو دەبێتە هۆی بڵقی دارایی و شێواندنی جددی لە ئابووریدا، لە كۆتاییشدا دەبێتە هۆی پاشەكشە و فرۆشتنی بەرفراوان لە بازاڕە داراییەكان. ئەم جۆرە شۆكانەش لە ماوەی سەدەی رابردوودا دووبارە بوونەتەوە و مەیلیان هەیە بۆ گەڕانەوە، بۆیە ناتوانرێت رێگری بكرێت لە شۆكی نوێ لە ماوەی داهاتوودا”.

لە كۆتاییشدا دەڵێت”خەڵكی بیانی نزیكەی یەك لەسەر سێی قەرزی حكومەتی ئەمەریكایان بەدەستەوەیە، بۆیە ئەگەر كێشە لەسەر قەرزی حكومەتی ئەمەریكا دروست ببێت، دەكرێت گێژاوێكی قووڵ و ئاڵۆز لە بازاڕی دارایی جیهانی رووبدات، وەك ئەوەی لە ساڵی 2008ـدا روویدا”.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان