عومەر گوڵپی: ملیۆنێک و 800 هەزار بەرمیل نەوت چی لێکرا؟

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد پاڵاوتنی نزیکەی (100 هەزار) بەرمیل نەوت، بێجگە لە بەرهەمی بەنزین و گاز، رۆژانە نزیکەی (شەش هەزار) بەرمیل نەوتی سپی ماڵانیان لە هەردوو پاڵاوگەی کارو لاناز بەرهەمهێناوە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “تەنها لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەو نەوتەی کە بۆ ماڵان بەرهەمهاتووە دەکاتە نزیکەی ( یەک ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل) ئەو نەوتەیان چی لێکردو بۆچی دابەشی ناکەن؟ مەعقولە (یەک ملیۆن و 800 هەزار) بەرمیل نەوت دیار نەبێت؟ ئەگەر دیارەو ماوەو پارێزراوە بۆ دابەشی ناکەن و چاوەڕێی چی دەکەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەرمیلێک نەوت لە بازاڕ بە (300 هەزار دینارە) خەڵکی هەژار چۆن بیکڕێت؟ کارەبا هێندە گرانکراوە ئەگەر بۆ گەرمکردنی ماڵ بەکاربهێنرێت، بۆ خێزانێکی پێنج کەسی هێندەی نەوتە گرانەکەی بازاڕ تێچووەکەی دەبێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “خەڵک چی بکات؟ یان روو لە کوێ بکات و هاوار بۆ کێ بەرێت؟ لە راستیدا کێشەی گەرمکردنەوە بۆ زستان هەڕەشەو کێشەیەکی جیدییە بۆ ژیانی خەڵک، هەردوو حزبی دەسەڵات و حکومەتە ماوە بەسەر چووەکەیان بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ژیانی خەڵک و ئەومەترسیانەن رووبەڕوویان دەبێتەوە لەم زستانەدا”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان