٢٤٢ ساڵ لە شکۆی فەرهەنگ، پێکەوەژیان و سەربەرزی

دێرین جەمال

هەموو ساڵێک لە ١٤ی تشرینی دووەمدا، تەنها یادێکی مێژوویی ناگەڕێتەوە، بەڵکو لاپەڕەیەکی زیندوو لە شکۆمەندی و خۆڕاگریی شارێک هەڵدەدرێتەوە کە بووەتە هێمای رۆشنبیری، ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی لە کوردستاندا.

٢٤٢ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک ئیبراهیم پاشای بابان بڕیاری بنیاتنانی سلێمانی دا، بەردی بناغەی شارێکی دانا کە نەک تەنها بووە پایتەختی میرنشینی بابان، بەڵکوو بووە پایتەختی وشە، هونەر و بیری نوێ.

سلێمانی بە درێژایی مێژوو وەک قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی نەوە هۆشیارەکان کاری کردووە و هەمیشە چەقی گۆڕانکارییە گەورەکان بووە. لەم شارەدا ژنانی پێشەنگی وەک مەستورە خانی ئەردەڵان و حەپسەخانی نەقیب رۆڵێکی گەورەیان لە هۆشیاری، مێژوو و فێرکردنی کچاندا گێڕا، شانبەشانی کەسایەتییە مەزن و مێژووییەکانی وەک شێخ مەحموودی حەفید و.. هتد، کە بوونە قەڵای بەرگری و سەنگەری خەبات.

هاوکات، کەسایەتیی مەزنی ئایینیی وەک کاک ئەحمەدی شێخ رۆڵێکی گەورەیان لە ئیرشاد و پەروەردەی رۆحیدا هەبوو، کە ئێستاش مەزار و نزرگە پیرۆزەکەی لەناو مزگەوتی گەورەی سلێمانی بووەتە رەمزێکی جوان و مێژوویی شارەکە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە خانەقا و حوجرەکان مەکۆی پێگەیاندنی زانایان بوون و ماڵی نەجمەدینی مەلاش وەک (کەشتییەکەی نوح) بووە پەناگە و کۆکەرەوەی رۆشنبیران و قەڵەمبەدەستانی شار.

یەکێک لە جوانترین سیماکانی سلێمانی لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئەوە بووە کە هەمیشە شاری پێکەوەژیان و لێبووردەیی بووە. لەم شارەدا جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی هەرگیز نەبووەتە بەربەست، بەڵکوو مسوڵمان، مەسیحی و تەنانەت جووەکانیش بە ئاشتی و وەک یەک خێزان تێیدا ژیاون و گەڕەک و پەرستگای خۆیان هەبووە و بەشێکی دانەبڕاو بوون لە ژیانی کۆمەڵایەتی و بازرگانیی شارەکە.

لە رۆژانی ئاوەدانیدا بە هەوڵی شاعیران و نووسەرانی مەزنی وەک نالی، سالم، کوردی، پیرەمێرد، گۆران، شێرکۆ بێکەس و هتد، سلێمانی بووەتە مەڵبەندی وشە و لە رۆژە سەختەکانیشدا سەنگەری بەرگری و قوربانیدان بووە، هەر بۆیەش رەوانشاد سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردی لە مێژووی عیراق، لە وتارێکی مێژووییدا بە شایستەیی نازناوی (شاری هەڵمەت و قوربانی) پێبەخشی و پێگەی شارەکەی لە مێژووی هاوچەرخدا بەرزتر کردەوە.

ئەمڕۆیش بەهۆی ئەم پێگە فەرهەنگی و زیندووەوە، سلێمانی بووەتە جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانێکی تایبەت لە لایەن کونسوڵخانە، نێردەی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، بە جۆرێک کە چەندین خەڵات و ناسنامەی جیهانیی وەک (پایتەختی رۆشنبیری) و (شاری داهێنەری ئەدەب)ی یۆنسکۆی پێ بەخشراوە.

خۆشەویستیی راستەقینە بۆ سلێمانی لەوەدا دەردەکەوێت کە ئەم میراتە فەرهەنگی و کولتووریی پێکەوەژیانە بە کردار بپارێزین و ژینگەکەی بە پاکی رابگرین.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان