غالب محەمەد: داهات زیادیکردووە و کەمی نەکردووە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق لە وەڵامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد بە پێچەوانەوە داهات زیادیکردووە و رۆژانە لە خاڵە سنوورییەکان بڕێکی زیاتر کەرەسەتە و پێداویستی دێتە هەرێمی کوردستان.

غالب محەمەد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عیراق بۆ زیادکردنی باج (ئەسیکۆدا) لە خاڵە سنوورییەکان لە ئێستادا بازرگانانی باشوور و ناوەڕاست لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە کاڵاکانیان هاوردە دەکەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستادا داهاتی کارەبا بۆ 100 ملیار دیناری مانگانە بەرزبووەتەوە بەڵام بەناوی کۆمپانیاوە کۆیدەکاتەوە تاوەکو وەک داهاتی ناوخۆ هەژمار نەکرێت، هەروەها داهاتی ئاو و خزمەتگوزارییەکانی تر کە زیادیانکردووە”.

ئەوەشی خستەڕوو “رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت وەردەگرن وەک دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆ بەڵام حکومەتی هەرێم بەشێوەی بازرگانی بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە”.

باسی لەوەشکرد “شاندی هەرێم داوایان لە حکومەتی عیراق کردووە کە 120 ملیارەکەیان بۆ بکات بە 80 ملیار بە بیانووی کەمبوونەوەی داهات، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عیراق پێی راگەیاندوون هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا 120 ملیارەکە رادەست بکەن، مووچە رەوانە دەکات”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان