وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

مەودا میدیا-
دوای هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر بارەگاكانی هێزەكانی پێشمەرگە و شەهیدبوون و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەك، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت” هەموو مافێكمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەك كە دەكرێتە سەر گەل و خاكەكەمان”.

دەقی راگەیەنراوەكە:
راگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٤/٣/٢٠٢٦ لە دوو هێرشی جیاواز دا ، بارەگایەكی فیرقەی ٧ ی پیادەی دەڤەری یەك و هێزێكی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە كردەوەیەكی دوژمنكارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاكارێكی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی شەش موشەكی بالیستی ئێرانی كەوتن و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوون.

لە كاتێكدا كە بە توندترین شێوە ئەم هێڕشە و هەموو هێڕشە تیروریستیانەی تر كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان شەرمەزار دەكەین، دووپاتی دەكەینەوە كە ئێمە هەموو مافێكمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەك كە دەكرێتە سەر گەل و خاكەكەمان.
بە هیچ جورێك چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی كوردستان بدرێتەوە، بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم كورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەكەوێت.

وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدەكانمان ، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكانمان دەخوازین، جارێكی دیكەش داوا لە هەموو لایەك دەكەین شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی كوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەكەین بەرانبەر ئەم پێشێلكارییانە بێدەنگ نەبن و سنوورێك بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباكانە دابنرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە
24/3/2026

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان