مەودا میدیا- کوردستان دەلۆیی
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (DW)ی ئەڵمانی، مانەوە و کارکردنی رۆژانە لەناو باخچە و سەوزاییدا بۆ ماوەی 30 خوولەک لە رۆژێکدا، دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی گرنگ لە ژیانی مرۆڤدا و ئارامی جەستەیی پێدەبەخشیت.
باخداری تەنها حەزکردن نییە، بەڵکوو چالاکییەکی رۆژانەی سادەشە کە دەتوانێت ببێتە هۆی: تەندروستبوونی دڵ، کەمکردنەوەی شڵەژان و دڵەڕاوکێ، باشبوونی بارودۆخی جەستەیی و لایەنی دەروونی و زۆر شتی دیکەیش، بەدەستهێنانی هەموو ئەوانەیش دەتوانرێت لە رێگەی بەسەربردنی 30 خوولەک کارکردن لەناو باخچە یان لە رێگەی باخدارییەوە بەدەستبهێنیت.
لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک بەدوای ئەوەوەن کە بەئاسانترین رێگە ببنە خاوەن تەندروستییەکی باش، دەتوانین پێیان بڵێین بیرتان نەچێت: باخداری باشترین چارەسەر و رێگەیە.
شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە، رۆژانە کارکردن بۆ ماوەی 30 خوولەک لەناو باخدا تەنها بۆ ئەوە نییە میوە و سەوزە یان گوڵی جوانت لێوەی دەستبکەوێت، بەڵکوو سوودی تەندروستیی تەواوەتی بۆ جەستە و عەقڵ هەیە.
تەنها 30 خوولەک بەسە
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن بۆ ماوەی 30 خوولەک باخداریکردن لە رۆژێکدا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستیی دڵ و بەهێزکردنی ئیسک و ماسوولکەکان هەیە، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و کەمبوونەوەی راڕایی و شڵەژان. هەروەها دڵنیایی ئەوە دەدەن کەوا مانەوەی نیو کاتژمێر لەناو باخ یان باخچەدا دەبێتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی دەروونی و نەمانی شڵەژانی دەروونی.
ئایا باخداری، وەرزشە؟
لەگەڵ ئەوەی باخداری چالاکییەکی سادەیە، بەڵام بەپێی ناوەندی “Centers for Disease Control and Prevention” باخداری لە چوارچێوەی چالاکییە جەستەییە مام ناوەندەکاندا دادەنرێت هەروەکوو مەلەوانی و تێنسکردن.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامۆژگاریی ئەوەی خستووەتەڕوو کە پێویستە رۆژانە لەنێوان 150 بۆ 300 خوولەک چالاکیی جەستەیی ئەنجامبدرێت، ئاسانترین رێگەیش بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە باخدارییە.
چالاکیی رۆژانەی باخداری زۆر شت دەگرێتەوە بۆ نموونە لابردنی دڕک و گەڵا وەریوەکان و پاککردنەوەی بنی دارەکان، هەروەها هەڵکەندن و نەمام ناشتن و رێکخستنەوەی گڵی بن دار و نەمامەکان، ئەوەیش هیچی کەمتر نییە لە راهێنانی وەرزشی.
نەمانی راڕایی: کەمتر لە 20 خوولەکی پێویستە
مانەوە لە سرووشت و سوودەکانی زۆرجار بە چاو نابینرێت و تەنها چاوەکان ئارام ناکەنەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی مێشک، هەروەها مانەوە لەناو شوێنە سەوزەکاندا دەبێتە هۆی بەخشینی ئارامیی بە مێشک، تەنانەت سەیرکردنی سرووشت زۆرجار کاریگەریی وەکوو کاریگەریی چارەسەرکردنی سرووشتی دەژمێردرێت.
زیاترە لە چالاکیی تاک
باخداری و مانەوە کارکردن لەناو سەوزاییدا، تەنها بۆ جەستە سوودی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەستکردن بە تەنهایی، چونکە دەرفەتی ئەوەت بۆ دەڕەخسێنێت پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکانی دیکەدا دروستبکەیت، ئەویش لە رێگەی بوونی باخچەی هاوبەش یان یانە لۆکاڵییەکانی بۆ نموونە گەڕەکەکەتەوە. هەروەها چاندنی سەوزە و رووەکە بەردارەکان دەبێتە هۆی ئەوەیش کە خواردنی سرووشتیت دەستبکەوێت و سیستمی خوارکیشت رێکببێتەوە.
خ.غ