مەودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم هاوشێوەی مانگی رابردوو بە بڕێکی کەم لە ناردنی داهاتی ناوخۆ، چاوەڕێی بڕیاری وەزیری دارایی عیراقە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار، بەڵام تەیف سامی داوای 100 ملیار دینار دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار پەیوەستە بە رێککەوتن لەسەر بری داهاتی ناوخۆی هەرێم کە چەند بداتە بەغدا ، بۆ ئەم مانگەش بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە ناتوانن 120 ملیارەکە کۆبکەنەوە و بینێرن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بۆ ئەم مانگەش بەغدا نەرمی نواندووە بەڵام بە 43 ملیار دیناریش رازی نابێت و داوایکردووە بڕی 50 ملیار بۆ نزیک 100 ملیار دینار رادەستی وەزارەتەکەیان بکەن”.
ئەمە لە کاتێکدایە، لەئێستادا وەفدی هەرێم لە بەغدان و چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر تاوەکو سبەینێ لەسەر بڕی داهاتەکە ڕێکبکەون، تەیف سامی واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەی مووچە بکات، دوای تەواوبوونی رێکارەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتیش، تەنها پرسی داهاتی ناوخۆ وەک کۆسپ لەبەردەم ناردنی پارەکە ماوەتەوە.