مهودا میدیا-
ئاژانسى سی ئێن ئێنى ئهمهریكى بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی رایگەیاندووه، ئیسرائیل هەماهەنگی لەگەڵ ئەمهریکا دەکات بۆ ئامادەکاریی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ دوای ئەوەی گرژییەکانی گەرووی هورمز ئاگربەستەکەی خستە مەترسییەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەماهەنگی نێوان تەلئەبیب و واشنتۆن ئامادەکاری بۆ خولێکی نوێی لێدان لە دژی ئێران لەخۆدەگرێت، کە تیشک دەخاتە سەر ژێرخانی وزە و بەرپرسانی باڵا دەکاتە ئامانج.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، زۆربەی ئەو پلانانە لە سەروبەندی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی نیساندا بۆ جێبەجێکردن داڕێژراون.
ئەو سەرچاوەیە روونی کردەوە “مەبەست لێی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی کورتە بە ئامانجی فشارخستنە سەر ئێران بۆ ئەوەی لە دانوستانەکاندا ئیمتیازاتی زیاتر بکات”.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە “هەر بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایە، کە تادێت زیاتر بێزار دەبێت بەهۆی وەستانی دانوستانەکان و بێتوانایی لە کردنەوەی گەرووی هورمز، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد کە ترەمپ نایەوێت ململانێیەکی تەواو لەگەڵ ئێراندا دروستببێت”.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاندووه “تەلئەبیب هەر لە سەرەتاوە گوماناوی بووە سەبارەت بە ئاسۆی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمهریکا، بەڵام هەڵدانی مووشەکی نوێبوونەوەی ئێران لە رۆژی دووشەممە بەرەو کەنداو، ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری پەرەسەندنی دوژمنایەتییەکان خێراتر کردووە”.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆڕبەندە ئەمنییەکانی سنووردار و توند کۆنتڕۆڵکراودا، راوێژکارییەکانی ئەنجامدا، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاگادار لەو بابەتە، بنیامین ناتانیاهۆى سهرۆك وهزرانى ئیسرائیل، وەزیرەکانی راسپاردووە کە بە ئاشکرا هیچ لێدوانێک لەسەر ئێران نەدەن”.
رۆژی دووشەممە، بەرپرسانی ئەمەریکا پێشنیاریان کرد کە رەنگە ترەمپ لە ماوەی چەند رۆژێکدا رێگە بە هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران بدات، ئەمەش دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە ئەمهریکییەکان لە گەرووی هورمز و ئامانجەکانی دیکە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئهمهریكى”.
ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە “ترەمپ چەند رۆژێکە لە نێوان سزادانی ئێران بەهۆی بەردەوامبوونی بەدواداچوون بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی و دوورکەوتنەوە لە هەڵکشانی مەترسیدار کە رەنگە ئەمهریکا زیاتر بەرەو شەڕ رابکێشێت، هیچ بڕیارێکی نەداوە”.
رۆژی دووشەممە، ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییە سەربازیی و بازرگانییەکانی ئەمهریکا و هێرشی نوێی بۆ سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەستپێکرد، ئەمەش دوای جێبەجێکردنی پلانی ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
دوابەدوای رووداوەکانی ڕۆژی دووشەممە، ترەمپ تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدا مایەوە، ئەوانیش فەرمانی خولێکی نوێی لێدان لە دژی ئێران یان پشتگوێخستنی ئیستفزازەکانی و بەردەوامبوون لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکەی، لەگەڵ پلانی کردنەوەی گەرووی هورمز، بەگوێرەی رۆژنامە ئهمهریكییهكه.
هەر لەو پهیوەندییەدا، بەرپرسانی باڵای ئەمهریکا رۆژی دووشەممە رایانگەیاند “ئەمهریکا لە دەستپێکردنەوەی شەڕی تەواوەتی دژ بە ئێران نزیک بووەتەوە و بڕیاری کۆتاییش لە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا و سەرکردایەتی نوێ لە تاراندایە”.
ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە “سوپای ئەمهریکا “ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە” و “چەکدارکراوەتەوە و تەیارکراوەتەوە”.
ع