مەودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد سەرجەم رێکارەکانی ناردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی تەواو بووەو پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پارەکە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عیراق.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە نووسراوی فەرمی سەبارەت بە بڕی داهاتی نانەوتی ئاراستەی بەغدا کراوە و لە ئێستاشدا چاوەڕێی رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵین لەسەر 50٪ی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان، بۆ ئەوەی پشکی بەغدا رەوانە بکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کۆی داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی نیسان زیاتر لە 100 ملیار دینار بووە، کە لەو بڕەش نزیکەی 52 ملیار دیناری دەبێتە پشکی حکومەتی فیدراڵی و رۆژی یەکشەممە رەوانەی بەغدای دەکەن”.
لای خۆیەوە غالب محەمە، ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند ” وەزارەتی دارایی عیراق ئاگاداریان کردووەتەوە کە ئەم هەفتەیەش هەرێم داهاتی ناوخۆی نەناردووە، بە نوسراوی فەرمی داوای دانانی میکانیزمی ناردنی داهاتی کردووە، بۆ ئەوەی فەرمانبەران مووچەیان دوانەکەوێت، تەوتین باشترین چارەسەرەو تاوەکو نەکرێت واز ناهێنێت”.
ب ح