مهودا میدیا-
توێژە گەورەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لە ئێران بە هۆی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی چارەسەری کیمیایی و دەرمانی هۆرمۆنی، کەمیی دەرمانی هاوردە و تێکچوونی رەوشی ئابووری و نائارامی ناوخۆیی، رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بوونەتەوە کە راستەوخۆ مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن روانگەی جیهانیی شێرپەنجەوە بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، لە ماوەی ساڵی 2022 نزیکەی 137 هەزار و 198 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە ئێران تۆمارکراوە، لە کاتێکدا 87 هەزار و 247 حاڵەتی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە تۆمارکراوە. ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا دەژین لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا گەیشتە نزیکەی 357 هەزار نەخۆش.
بە پێی ئەم راپۆرتە، دوایین راپۆرتی ڕوانگە، شێرپەنجەی گەدە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە ئێراندایە، دواتر شێرپەنجەی مەمک، پاشان شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە، شێرپەنجەی سییەکان لە پلەی چوارەمدایە.
پسپۆڕان و شرۆڤەکاران بە سکای نیوز عەرەبییان ڕاگەیاندووە، چارەسەری شێرپەنجە لە ئێران لە گرانترین چارەسەرەکانە و هەندێک لە پرۆتۆکۆڵەکانی چارەسەرکردن پارەیەکی زۆریان تێدەچێت، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی قورس دەخاتە سەر نەخۆشەکان، ئەمەش وایکردووە بەردەوامبوون لە چارەسەرکردن ببێتە تەحەدایەکی ماندووکردن کە کەمتر لە خودی نەخۆشییەکە مەترسیدار نییە.
بەگوێرەی شایەتحاڵی و راپۆرتەکان، زۆرێک لە نەخۆشەکان بەهۆی خراپتربوونی قەیرانی ئابوورییەوە ناچارن واز لە خواردنی هەندێک دەرمان بهێنن یان پەنا بۆ پرۆتۆکۆڵی چارەسەری کەمتر گرانبەها و کەمتر کاریگەر ببەن.
حوسێن دائی ئیسلام، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی خۆڕاگری ئێران بە سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووه “ئەوەی توشبووانی شێرپەنجە لە ئێران رووبەڕووی دەبنەوە، کارەساتێکی مرۆییە کە بە تەنیا دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپرسیارێتی راستەوخۆی لە ئەستۆ دەگرن، ئێستا هەندێک لە خێزانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە ناچارن کەلوپەلەکانیان بفرۆشن یان چارەسەرەکانیان رابگرن، لەکاتێکدا نەخۆشەکانی دیکە ناچارن بە دوای دەرماندا بگەڕێن لە بازاڕی رەشدا بەبێ هیچ گەرەنتییەک بۆ کوالیتی و سەلامەتی. ئەنجامەکەی فراوانبوونی بازنەی کارەساتی مرۆییە لە وڵاتێکدا کە خاوەنی سەرچاوەیەکی فراوانە بەڵام سامانەکەی بەفیڕۆ دەچێت”.
راپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرێک لە نەخۆشەکان ئێستا رووبەڕووی هەڵبژاردەی توند بوونەتەوە لە نێوان وەستاندنی چارەسەرکردن یان هەڵگرتنی بارگرانی دارایی لە دەرەوەی تواناکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دەرمان و دابەزینی توانای کڕینی خێزانەکان، ئەمەش پاڵ بە هەندێک لە نەخۆشەکانەوە دەنێت بۆ فرۆشتنی پاشەکەوت یان کەلوپەلەکانیان، وەک زێڕ، ئۆتۆمبێل، یان تەنانەت خانووبەرە، بۆ دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردن و بەردەوامبوون لە وەرگرتنی ژەمە پێویستەکان.
بەگوێرەی رۆژنامەی “عیتەمەد”ی ئێرانی، نرخی هەندێک دەرمان لەسەدا 30 بۆ 300 بازدانی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە چارەسەر بۆ ژمارەیەکی زۆر نەخۆش بەتایبەتی ئەوانەی پشت بە دەرمانی درێژخایەن یان گرانبەها دەبەستن.
رۆژنامەکە هەروەها لە زاری نەخۆشێکی شێرپەنجەییەوە نووسیویەتی کە ئەو دەرمانەی بەکاری دەهێنێت بۆ خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی وەرەمی ئێسک ئێستا نزیکەی 30 ملیۆن تمهن بۆ هەر ژەمێک تێدەچێت، دوای ئەوەی پێشتر بیمەی تەندروستیی دەیگرێتەوە.
پزیشکێکی شێرپەنجە بە سکای نیوز عەرەبی راگەیاندووە “هەر پچڕانێک لە پرۆتۆکۆڵەکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا، تەنانەت بۆ چەند هەفتەیەکیش، لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری مانەوە یان دووبارەبوونەوەی شەڕانگێزتری وەرەمەکە”.
ئەو پزیشکە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە “زۆرێک لە دەرمانەکانی شێرپەنجە بە ئاسانی ناتوانرێت بگۆڕدرێن یان دواناخرێن، پشت بە خشتەی ورد دەبەستن، هەروەها هەر پچڕانێک لە بەردەستبوونیان، پزیشکەکان ناچار دەکات هەڵبژاردنی قورس بکەن، وەک کەمکردنەوەی ژەمە دەرمانەکان، دواخستنی چارەسەر، یان پەنابردنە بەر بەدیلەکانی کەمتر کاریگەر”.
ع