مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد بەهۆی کارانەکردنەوەی پەرلەمان، حکومەتی هەرێم رەوایەتی بەخۆی داوە بۆ گرانکردنی سووتەمەنییەکان و بارگرانی و فەوتانی مووچەی خەڵک بۆ ماوەی دوو مانگ و سێ مانگ لە ساڵێکدا.
جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند “نەبوونی پەرلەمان بە دڵی کەسانێکە کە دەیانەوێت بە دڵی خۆیان حکوم بکەن، بەڵام بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموکراسی بوونی پەرلەمان زۆر گرنگە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت پەرلەمان کارابکرێتەوە، چونکە مەترسی گەورە و جددی لەسەر هەرێم هەیە کە دەبێت هێزە سیاسییەکان بزانن زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی کوردستانە”.
ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە پەرلەمان کارابکرێتەوە و چاودێریی کارەکانی حکومەت بکات لە بوونی داهاتەکان و چۆنییەتی بەکارهێنانی لە خزمەتکردنی خەڵک، لە بۆشایی نەبوونی پەرلەمان بە رەهایی حکوم دەکرێت و مافی هاوڵاتییان پێشێل دەکرێت”.
ب ح