مەودا میدیا-
جێگری هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ئاشکرایکرد پێویستە چارەسەر بۆ پرسی کورد بدۆزرێتەوە و دەستبەجێ یاسای تایبەت بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربکرێت.
سەزای تەمەلی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند “قووڵکردنەوەی قەیرانی سیاسی بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی جەهەپە، ئەم قەیرانە سیاسییە بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هەدەپە دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” هۆکاری قەیرانی ئابووریی و دادپەروەریی پەیوەستە بە پرسی کورد، بۆ ئەوەش دەبێت لە مافی هیواوە دەست پێبکەن، پێویستە دەستبەجێ یاسای تایبەت بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربکرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەڵاوسان لە تورکیا لە سەرووی 40٪وەیە و قەیرانی ئابووری لە پەرەسەندندایە و برسێتی و هەژاریی لە زیادبووندایە، بەهۆی بێکارییەوە هاوڵاتییان ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، سەرمایەدارەکان گەشە دەکەن”.
ب ح