مەودا میدیا-
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر ئاشکرایکرد بە ئامادەبوونی سەرجەم نوێنەرایەتییەکانی ناو شار، قەزا و ناحیەکان، بڕیاردرا بە کارپێکردنەوەی سەرجەم موەلیدەکان لە شار و شارۆچکەکان.
خۆران تەحسین رەحمان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی لە هەولێر رایگەیاند “ئەو موەلیدانەی کە 300 کاتژمێر کارەبایان بە هاوڵاتییان داوە و هیچ قەرزێکی هاوڵاتییانیان لەسەر نییە، لە بەرانبەر کارپێکردنەوەی موەلیدەکانیان بۆ 100 کاتژمێری تر، بڕی پێنج هەزار و 750 دینار بۆ یەک ئەمپێر کۆدەکەنەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو خاوەن موەلیدانەی کە قەرزداریی هاوڵاتییانن، کارکردنی موەلیدەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی قەرزەکەیان پاکتاو دەکەن، دواتریش لەلایەن ئەنجومەنەوە بۆ چۆنیەتیی کۆکردنەوەی پارە ئاگادار دەکرێنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “داوا لەو خاوەن موەلیدانە دەکەن کە کاتژمێری کارکردنیان تەواو بووە، سبەینێ سەردانی ئەنجومەن بکەن بۆ وەرگرتنی رێنمایی پێویست لربارەی کۆکردنەوەی پارەی مانگانە لە هاوڵاتییان”.
ب ح