وەزارەتی پەروەردە بڕیار و رێنمایی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی دەرکرد

مەودا میدیا-

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئاشکرایکرد لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی باش بەڕێوەچوونی (تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆی نیشتمانیی و 12ی ئامادەیی) چەند بڕیار و رێنماییەکی دەرکردووە.

1- پێویستە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەکانی تاقیکردنەوە کەشێکی گونجاو بۆ قوتابیان و خوێندکاران فەراهەم بکەن.

2- سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەکان نابێت بە هیچ جۆرێک مۆبایل ببەنە ناو ناوەندی تاقیکردنەوە و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، جگە لەو مۆبایلە تایبەتەی کە بۆ بەڕێوەبەری هۆڵەکان دابینکراوە، هەر حاڵەتێکی لەو جۆرە ڕووبدات پێویستە لیژنەی لقی تاقیکردنەوەکان ڕاپۆرتی خۆیان بۆ لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان بنێرن و وا دادەنرێت کە هاوکاری گزی (غەش) کراوە و دەدرێت بە لیژنەی لێکۆڵینەوە.

3- پرسیاری بابەتەکانی تاقیکردنەوە لە قوتابیان وەردەگیرێتەوە لەلایەن مامۆستای چاودێر و دەبێت بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر لەوە دڵنیابنەوە کە پرسیارەکان و پەڕەی سۆما وەردەگرنەوە، پرسیاری هەموو قوتابییەک ناوی خۆی لەسەرە، هەر لاپەڕەیەکی سۆمای قوتابی و خوێندکار ئەگەر پەڕەی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی لەگەڵدا نەگەڕێتەوە، نمرەی بۆ ئەژمار ناکرێت.

4- پشکنین بۆ هەموو قوتابیان و خوێندکاران ئەنجام دەدرێت پێش چوونه هۆڵی تاقیکردنەوە، هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی و زیرەک، کاتژمێری زیرەک و مۆبایل لە هەموو جۆرەکانی دیکەش ڕێگەی پێنەدراوە، پێش تاقیکردنەوە و بەر لە چوونه هۆڵی تاقیکردنەوە هەر قوتابی و خوێندکارێک ئەو ئامێرانەی پێبێ و لێی وەربگیرێت، لەناو هۆڵی تاقیکردنەوە بە گزی (غەش) ئەژمار دەکرێت و دەبێت لەم بابەتە زۆر جددی بن.

5- لەکاتی تاقیکردنەوەکان و پاش تەواوبوونیشیان، لیژنەی لقی تاقیکردنەوەکان و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرەکان و هیچ کەسێکی تر مافی نییە پرسیارەکان وێنە بگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکاتەوە، میکانیزمی تایبەتمان هەیە بۆ ناسینەوەی بۆ هەموو پرسیارێک، بڵاوبوونەوەی هەر پرسیارێک پاش تاقیکردنەوەکە خاوەنی پرسیارەکە و بەڕێوەبەری ناوەندەکە ڕادەگرێت و دەخرێتە بەردەم لێکۆڵینەوەی یاسایی کە بۆ ئەم مەبەستە لیژنە پێکهاتووە.

6- مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و فەرمانبەرانی دیکەش مافیان نییە کە پرسیارەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی پاش تاقیکردنەوەکان بڵاوبکەنەوە و وەڵامیان بۆ دیاریبکەن، لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان ڕۆژانی تاقیکردنەوە کۆبوونەوە دەکەن و وەڵامەکان دیاری دەکرێن بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەیی، پاشان تەنها لیژنەی باڵا ڕێگەپێدراوە کۆپییەک لە پرسیارەکان و وەڵامی نموونەیی بڵاوبکاتەوە.

8- تاقیکردنەوە پێویستی بە رووماڵی میدیا نییە، گوتەبێژی وەزارەت داتا و زانیاری بەشداربووان دەخاتە ڕوو بۆ هەموو میدیاکان بێ جیاوازیی.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان