مهودا میدیا-
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ گەلی سوریا دەگەڕێنێتەوە، ئەو پارانەی لە بنەماڵەی ئەسەد دەستیان بەسەردا گیرابوو، بۆ ئەوەی بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان بەکاربهێنرێت.
لە سەردانەکەی ماکرۆن بۆ دیمەشق، هەردوو وڵات رێککەوتنی هاوکارییان لە چەند بوارێکدا واژۆ کرد بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە دوای چەندین ساڵ لە شەڕ، یەکێک لەو رێککەوتنانە مەرجی گەڕانەوەی ئەو پارانەیە کە لەلایەن فەرەنسا لە رەفعەت ئەسەد مامی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووترەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سورییەکەی لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، ماکرۆن رایگەیاند کە “زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ کە لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامانانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن بنەماڵەی دیکتاتۆری پێشووەوە بەدەستیان هێناوە، دەگەڕێندرێتەوە بۆ گەلی سوریا بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی بەرجەستە لەسەر خاکی سوریا”.
بەیاننامەیەکی نیەت کە وەزیرانی دەرەوەی سوریا و فەرەنسا لە پەراوێزی سەردانەکەدا واژۆیان کردووە، باس لەوە دەکات کە هەردوو وڵات دەست بە پرۆسەی وەرگرتنەوەی 51 ملیۆن یۆرۆ دەکەن کە لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی نایاسایی سەر بە رەفعەت ئەسەد هاتۆتە ئاراوە.
رەفعەت ئەسەد لە ساڵی 1984 سوریای بەجێهێشت و بەرەو سویسرا و پاشان فەرەنسا، ئەمەش دوای هەوڵی کودەتا بەسەر براکەی، حافز ئەسەد سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی.
لە ساڵی 2022 دا لە فەرەنسا سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بەهۆی کۆکردنەوەی سامانێکی ساختە کە بە 90 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
ع