كورد رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی مێژوویی دەبێتەوە و رەنگە ئەمەریكاش دووبارە كورد هەڵخەڵەتێنێتەوە


هەر ناوچەكە رووبەڕووی ئاڵۆزی سەربازی یان سیاسی دەبێتەوە، پرسی كورد سەرهەڵدەداتەوە، نەك هەر وەك بابەتی مافە نەتەوەییەكان، بەڵكو وەك كارتێكی جیۆپۆلەتیكیش كە زلهێزەكان هەوڵی بەكارهێنانی دەدەن لە ململانێ ناوچەییەكانیاندا.
ئەمڕۆش لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لە لایەك و ئێران لە لایەكی دیكەوە، میدیاكان باس لە جموجوڵ و پەیوەندییەكان دەكەن لە بارەی رۆڵی كورد لە هاوكێشە و ململانێكان بە تایبەت هاوكاریكردنی ئەمەریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، كە ئەمەش بەلای چاودێران چاودێرانی سیاسییەوە وەك چومار وایە و پێویستی بە بیركردنەوەیەكی جددی و خوێندنەوەی وردی مێژوو هەیە.

ئافاق عەبدولڕەحمان، نوسەر و لێكۆڵەر لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت” مەترسیدارترین هەڵە كە هەر بزووتنەوەیەكی سیاسی دەتوانێت بیكات، باوەڕكردنە بەوەی كە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا جێگیرن یان هاوپەیمانی لەگەڵ واشنتۆن نوێنەرایەتی گەرەنتییەكی ستراتیژی درێژخایەن دەكات، چونكە سیاسەتی ئەمەریكا، وەك لە دەیەكانی رابردوودا دەركەوتووە، لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ هاوپەیمانان نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای حیساباتی بەرژەوەندییەكانە كە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ و هاوسەنگی هێزدا دەگۆڕێت، كاتێك ئەم بەرژەوەندییانە دەگۆڕدرێن، ئەو هاوپەیمانەی كە دوێنێ “هاوبەشێكی ستراتیژی” بووە، ئیتر دەبێتە كارتێكی سووتاو.

ئەو نوسەرە دەشڵێت” ئەزموونی كورد روونترین بەڵگەیە بۆ ئەم بابەتە هەر لە عیراقەوە تا سوریا، چونكە ئیدارە یەك لە دوای یەكەكانی ئەمەریكا كارتی كوردیان بەكارهێناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازی و سیاسییەكانیان، بەڵام درێغییان نەكردووە لە رێكخستنەوەی ئەولەویەتەكانیان كاتێك بەرژەوەندییەكانیان گۆڕاوە، لە سوریاش بە تایبەتی، هێزە كوردییەكان لە كاتی شەڕی داعشدا قوربانییەكی بەرچاویان دا و لە پێشەنگی ئەو شەڕانەدا بوون كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی واشنتۆن ئەنجامیاندا، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی دیمەنی ناوچەیی، ئەمەریكا دەستیكرد بە كەمكردنەوەی دەستوەردانی راستەوخۆ و رێبازی نوێ سەریان هەڵدا كە ئامانجیان ناچاركردنی هێزە كوردییەكان بوو لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریا وەك بەشێك لە دووبارە كێشانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەم قۆناغە نوێیەدا.

ئەوەش كە جێگەی پرسیارە ئەویە كە ئایا تێوەگلان لە ململانێی زلهێزەكان خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی كورد دەكات، یان دەیانكاتە بارمتەی حیساباتی دەرەكی كە هیچ كۆنتڕۆڵێكیان بەسەردا نییە؟

هەرچۆنێك بێت ئەزموونی مێژوویی ئەوە پیشان دەدات كە ئەمەریكا مێژوویەكی هەیە لە بەكارهێنانی ئەكتەرە ناوخۆییەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجە كورتخایەنەكان، پاشان هاوپەیمانییەكانی رێكدەخاتەوە كاتێك بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی دەگۆڕدرێن، كوردیش چەندین جار بووەتە قوربانی ئەم گۆڕانەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا چ لە عێراق و چ لە سوریا، بۆیەش ئێستا باوەشگرتنەوە بۆ بەڵێنەكانی ئەمەریكا یان ئیسرائیل لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا مەترسی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی پێشووی هەیە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەوەی كە تا ئێستا هەیە ئەوەیە كە سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان تا ئێستا چەند جارێك دڵنیاییانداوە لەوەی كە هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران.
ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان