ئۆجه‌لان ئازادناكرێت و لێبوردنى گشتیی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە، وێڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشت پەردە سەبارەت بە یاسای چوارچێوەی ئاشتیی حکومەتی تورکیا، بانگەشەی ئەوە دەکات یاساکە لێبوردنی گشتیی لەخۆناگرێت، رێگا بە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە نادرێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجه‌لانیش لە زیندانی ئیمراڵی دەمێنێتەوە.

لە کاتێکدا بڕیارە بەم نزیکانە رەشنووسی “یاسای چوارچێوەی ئاشتی” بخرێتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا، شامیل تەییار، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان پۆستێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و زانیاریی پشت پەردەی لەبارەی ئەگەری بڕگەکانی یاساکە ئاشکرا کرد.

تەیار ئاشکرای دەکات، حکومەت پلانی هەیە پێش پشووی پەرلەمان یاساکە دەربکات، بە وتەی ناوبراو، لێبوردنی گشتیی لە پلانەکەدا پێشبینی نەکراوە و یاساکە تەنها بۆ ماوەی ساڵێک کارا دەبێت.

تەیار پاگەندەی کردووە، ئەو ئەندامانەی پارتی کە دەکەونە ژێر یاساوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەخرێنە ژێر چاودێری دادوەرییەوە و ئەگەر لەو ماوەیەدا تاوانێک ئەنجام نەدەن، رێگەیان پێدەدرێت تێکەڵ بە کۆمەڵگا بن.

نوێنەری پێشووی ئاکەپە هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە رێبەرانی پەکەکە رێگەیان پێنادرێت بچنە تورکیا و نابێت دژی ئەو وڵاتە کاربکەن، سەرکردەکان ناتوانن بچنە ناو تورکیا و رێگەیان پێنادرێت دژی تورکیا کاربکەن، ئۆجەلانیش لە ئیمراڵی دەمێنێتەوه‌، یاسا نوێیەکە شوێنی دەستبەسەرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان ناگۆڕێت و لە زیندانی ئیمراڵی بەردەوام دەبێت.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان