راپۆرت

لەنێوان پابەند نەبوون و ناچارییدا... رێككەوتنی هەرێم و بەغدا چی بەسەردێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەنێوان پابەند نەبوون و ناچارییدا... رێككەوتنی هەرێم و بەغدا چی بەسەردێت؟
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێی وایە هەرێم و بەغدا سەبارەت بە رێككەوتنی گشتگیر ناگەنە ئەنجام، ئەندامێكی دیكەی ئەو ئەنجومەنەش دەڵێت ئەگەر رێككەوتنەكە ئەنجام بدرێت جێبەجێكردنی ئاسانە، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش لە لیژنەی دارایی پێی وایە هەرێم هیچ بژاردەیەكی دیكەی جگە لە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نییە.

"هەرێم و بەغدا ناگەنە ئەنجام "
ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند"من هەرزوو وتوومە هەرێم و بەغدا ناگەنە ئەنجام چونكە هەرێم ئامادەنییە پابەند بێت بەو داواكارییانەی عیراقەوە كە هەیەتی، عیراقیش ئامادەنییە خۆی بخاتە ژێر فشارەوە لەكاتێكدا ئەگەر هەرێم پابەندی داخوازییەكانی نەبێت".
وتیشی "هەرێم ئەو شتانەی كە پێویستە پێوەی پابەند بێت لەدەستی خۆیدا نەماون بۆیە ناتوانێت بە رێككەوتنەكەوە پابەند بێت، بۆ نمونە پرۆسەی نەوت، گومركەكانیش دابەش كراون بەسەر حزبەكانی ناو حكومەتدا بۆیە سەرچاوەی داهاتەكانیان دەبڕدرێت، لە داهاتووشدا عیراق لێپێچینەوە لە خاڵە سنووری و گومركەكاندا دەكات ".
وەك ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت "عیراق داهاتی قبوڵ نییە  بە فەرمی نەوتی دەوێت، بۆیە قورسە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت ".

"هەرێم لەگەڵ بەغدا رێك نەكەوێت تووشی قەیرانێك دەبێت پێشینەی نەبووە"
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند"ناوەڕۆكی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ هیچ لایەنێك روون نییە، پێم وایە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا رێك نەكەوێت تووشی قەیرانێك دەبێت پێشینەی نەبووە".

عەلی حەمەساڵح، وتیشی "ئەگەر رێككەوتنەكە بكرێت بەڵام جێبەجێ نەكرێت وەكو ئەوە وایە هەر نەكرابێت، بۆیە ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغدا رێكنەكەوێت تووشی قەیرانێك دەبێت كە پێشتر هەرگیز بەخۆیەوە نەبینیوە بۆیە ناچارن لەگەڵ بەغدا رێكبكەون چونكە ئەگەر نەكرێـت هەرێم تووشی قەیرانێكی زۆر گەورە دەبێت كە كەس تیایدا پارێزراو نابێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت "بۆ مووچەی فەرمانبەران هەرێم 900 ملیار دیناری پێویستە بەغدا 320 ملیاریش دەنێرێت ئەوكاتیش 400 ملیاریان پێ دابین ناكرێت جا ئەگەر پارەكەی بەغدا نەمێنێت چی دەكەن؟ خۆ هەر مووچە نییە دەیان خزمەتگوزاری دیكە پەكی دەكەوێت بۆیە جگە لە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا هەرێم هیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەستدا نییە".

"ئەگەر رێككەوتنەكە بكرێت جێبەجێكردنیشی ئاسانە"
هەر لەوبارەیەوە شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای وت "ئەوەی من ئاگادارم دەبێت شێوازێك بدۆزرێتەوە بۆ چاودێریكردنی خاڵە سنووریەكان لەلایەن هەردوولاوە و ئیدارەی هاوبەشی هەبێت كە ئەمە شتێكی دەستوورییە، بەڵام دواتر كێشە دروست دەبێت یاخود نا ئەوە شتێكی دیكەیە".
شیروان میرزا وتیشی"سەبارەت بە نەوت حكومەتی هەرێم دەڵێـت ئێمە نەوت رادەست دەكەین و ئامادەین هەموو داتا و زانیارییەك بدەینە حكومەتی عیراق بۆیە بە پێشبینی من ئەگەر رێككەوتنەكە بكرێت جێبەجێكردنیشی ئەگەر هەردوولا پابەند بن ئاسانە".

بەپێی نوێترین هەڵوێستی، حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ چارەسەر بكات.

پێشتریش وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاندبوو " هەرێم دەیەوێت لەسەر پرسی نەوت و گاز، شایستە دارایی و دەروازە سنوورییەكان و داهاتە نانەوتییەكان لەگەڵ بەغدا بگاتە رێكەوتن".

 لە كۆی دانیشتن و گفتوگۆكانیشدا هەرێم جەخت لە گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا دەكاتەوە، بەڵام بۆ ئەوە دیسانەوە دەستوور بنەمایە، بەغداش هەمان نیەتی رێكەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە بەڵام فشاری زۆریشی لەسەرە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە رێكەوتنی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ دەروازەیەكی گرنگی بەڕووی هەردوو لایەندا كردەوە، خاڵی گرنگ لە كۆبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا، ئێستا لایەنی سێیەمە، لە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمەریكا مایك پۆمپیۆ  وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوایكرد «هەرێم و بەغدا رێكبكەون». نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەهەمانشێوە لەسەر ئەم پرسە جدییە و دەیەوێت هەردوولایەن كێشەكانیان چارەسەر بكەن.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان