کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: ھەموو ھەوڵێکی یەکێتی روو لە سیاسەتی شەراکەتی راستەقینەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: ھەموو ھەوڵێکی یەکێتی روو لە سیاسەتی شەراکەتی راستەقینەیە
مەودا میدیا-

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبیی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا، لەدیدارێکەدا بەوردی دواین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان خرایە بەرباس و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی بەڕاشکاوی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی ھەرێم و عیراق و سوریا و ناوچەکەی خستەڕوو، تەئکیدی لە سیاسەتی ھاوسەنگ و ھەماھەنگی و ھاریکاری ھاوبەشکردەوە لەپێناو سەقامگیری سیاسی لە ناوچەکە بەمەرجێک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردی تێداپارێزراو بێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و کێشە کەڵەکەبووەکان، ھاوسەرۆکی یەکێتی دووپاتی لە خواستی یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوو و رایگەیاند "ھەموو ھەوڵێکی یەکێتی روو لە سیاسەتی شەراکەتی راستەقینە و ھاوبەشە کە بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا تێیدا پارێزراوبن". 

سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش و پاشماوەکانی تیرۆریستان بافڵ تاڵەبانی پێویستی بەردەوامی و ھەماھەنگی زیاتری ھەمەلایەنەی نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان کردەوە و داوایکرد ھاوکارییەکان زیاتر بکرێت بۆ ھێزی پێشمەرگە لەرووی پێداویستی سەربازی و مەشق و راھێنانەوە ئەم ھەنگاوەشی بەھۆکاری بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایشی زیاتر وەسفکرد.

ھەر لە دیدارەکەدا ھاوسەرۆک تەئکیدی لەبەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەھەموو ئاستەکان کردەوە، لەبەرانبەردا جەیمس جێفری سوپاس یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد کە ھاوکار و پشتیوانێکی سەرەکی بووە لەشەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش و تەئکیدی کردەوە لەبەردەوامی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکان لە عیراق و سوریا بەو پێیەی شەڕی تیرۆر کۆتایی نەھاتووە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan