راپۆرت

قەرەباغ.. ئەو هەرێمەی بەنزین بە ناكۆكیەكانی ئازەربایجان و ئەرمینیادا دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


قەرەباغ.. ئەو هەرێمەی بەنزین بە ناكۆكیەكانی ئازەربایجان و ئەرمینیادا دەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

لەسەر هەرێمێك، جارێكی دیكە شەڕ و پێكدادان لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا و لە شەڕەكەدا سوپای ئەرمینیا دوو هەلیكۆپتەری ئازەربایجانی خستەخوارەوە، سوپای ئازەربایجانیش دەڵێت 16 سەربازی ئەرمینییان كوشتووە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر توركیا بە سەدان چەكداری سوریی نزیكی خۆی رەوانەی ئازەربایجان كردووە
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر توركیا بە سەدان چەكداری سوریی نزیكی خۆی رەوانەی ئازەربایجان كردووە بۆ شەڕكردن لە دژی ئەرمینیا.
لە هەرێمی ئەرتساخ یان قەرەباغ، لە ئێستادا دەنگی دەهۆڵی شەڕ لێدەدرێت و هێز بەرەو سنوور دەچن، ئەرمینیا لە لایەك و ئازەربایجانیش لە لایەكی دیكەوە، پشتیوانییەكانی روسیا و توركیاش خەریكە ئاگری شەڕ خۆشتر دەكەن.

رۆژی یەك شەممە 27ی ئەیلول، هێزەكانی ئازەربایجان هێرشیان كردە سەر هەرێمی قەرەباغ و شەڕ لەنێوان هێزەكانی ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا، لە ئەنجامدا دوو فڕۆكەی هەلیكۆپتەری ئازەربایجان لەلایەن سوپای ئەرمینیاوە خرانە خوارەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا رایگەیاند، سوپای ئازەربایجان هێرشی كردووەتە سەر چەند ناوچەیەكی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان لە هەرێمی قەرەباغ، داواشیان لە هاوڵاتیان كرد بچنە ژێر زەمینەكانەوە.

زۆربەی دانیشتوانی قەرەباغ ئەرمەنیین
هەرێمی ئارتساخ یان قەرەباغ لە سەردەمی یەكێتی سۆڤیەتەوە ئاڵۆزی تێدایە، هەرێمەكە دەكەوێتە ناو وڵاتی ئازەربایجانەوە بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنیین.

لە ساڵی ١٩٩١ و دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت، ئەم هەرێمە سەربەخۆبوونی خۆی راگەیاند بەناوی كۆماری قەرەباغ، بەڵام هێشتا لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنراوە.

رووبەری قەرەباغ چوار هەزار و 800 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە لە%15 ی رووبەری ئازەربایجان پێكدەهێنێت و ژمارەی دانیشتوانەكەشی بەپێی دواین سەرژمێری كە ساڵی 2008 ئەنجامدراوە 150 هەزار كەسن و زۆرینەیان ئەرمەنیین، لە ساڵی 1988 هەتا ساڵی 1994شەڕێكی درێژ لە ناوچەكە روویدا و لە ئەنجامدا 30 هەزار كەس كوژران و سەدان هەزار كەسیش ئاوارە بوون.

ساڵی 1994ئاگربەست لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان راگەیەندرا، لەژێر ناوی رێككەوتنی مێنسك كە ناوی پایتەختی بیلاروسیایە، ئاگربەستەكە هەتا ئێستا بەردەوامە، بەڵام جار جار شەڕ و ئالۆزیی روودەدات، بۆ نمونە ساڵی 2016 شەڕ لەنێوان هەردوولادا روویدا و بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران.

مێژووی دوژمنایەتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، كە ئەو كاتە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەك ملیۆن و نیو ئەرمەنی جینۆسایدكرد یان ئاوارەبوون و كوژران، لەلایەكی دیكەشەوە ئازەربایجان و توركیا خۆیان بە یەك گەل دەزانن كە لەناو دوو دەوڵەتدان، هەردوو وڵاتەكەش كە دراوسێی ئەرمینیان دژایەتی ئەو وڵاتە دەكەن.

توركیا بە ئاشكرا پشتیوانی ئازەربایجان دەكات
لە ئێستادا توركیا بە ئاشكرا پشتیوانی ئازەربایجان دەكات و لە چەند رۆژی رابردووشدا سەرۆكی توركیا رایگەیاند، ئەوان بە هەموو هێزی خۆیانەوە پشتیوانی باكۆ دەكەن.
لە بەرانبەردا روسیا پشتیوانی ئەرمینیا دەكات و پەیوەندی روسیا و ئەو وڵاتە بەهێزە چ لەسەر ئاستی ئابوری و چ لەسەر ئاستی سەربازیی.

كردنەوەی بەرەی قەرەباغ دەبێتە بەرەیەكی دیكەی ناكۆكییەكانی نێوان روسیا و توركیا، كە ئێستا لە سوریا و لیبیا دژی یەكتر كاردەكەن.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان