راپۆرت

بەربەست لەبەردەم دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی حکومەتی عیراقەوە دروست دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەربەست لەبەردەم دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی حکومەتی عیراقەوە دروست دەبێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەوڵی ئەوەدان کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە رێگەی حکومەتی عیراقەوە دابەش بکرێت، بەڵام شارەزایانی بواری ئابووری و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان ئەم پێشنیازە بە نادەستووری ناودەبن و دەڵێن "دەستووری عیراق رێگە بەو کارە نادات".

"دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە پێشێلکردنی دەستووری عیراقە"
محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاوروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیا راگەیاند "دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە گونجاو نییە، چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە دانیپێدانراوە لە دەستووری عیراقدا و حکومەت و پەرلەمان و دەزگای دادوەری خۆی هەیە".

"بەپێی دەستووری عیراق ئەرکی حکومەت راپەڕاندنی کاروبار و پێدانی مووچەیە، هەروەها ئەو دەمەزراوە حکومییانەی لە هەرێم هەن بە یاسای پەرلەمانی کوردستان و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم کارەکانیان ئەنجام دەدەن"، محەمەد سەعدەدین وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر حکومەتی عیراق خۆی مووچە دابەش بکات کەواتە شتێک نییە بەناوی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی هەرێم حکومەتی سەربەخۆی خۆی هەیە دەبێت خۆی کاروباری خۆی بەڕێبکات، بۆیە دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە پێشێلی دەستووری عیراق و سیستەمی گشتیی عیراقە".

"هەنگاوەکانی حکومەتی عیراق بۆ وەرگرتنی قەرز هەنگاوی مەترسیدارن"
هەر لەسەر هەمان پرس بیلال سەید، شارەزا لە بواری ئابووری بۆ مەودا میدیا وتی "پرسی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەخۆ لە رێگەی حکومەتی فیدڕالییەوە سێ رەهەندی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە ئێستا هەرێمی کوردستان سەرجەم پەرلەمانتاران بەدوای دەرچە و دەرگایەکدا دەگەڕێن کە چۆن مووچەخۆران سوودمەندبن و مووچە وەربگرن، هەروەها رەهەندێکی دیکەش هەیە ئەوەیە کە پەیوەستە بە ناوخۆی عیراقەوە، چونکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق هەیە دەکرێت بەشێک لە خواستی سیاسی هێزەکانیان بیانەوێت تێکەڵی ئەم هاوکێشە بن، بەڵام دەستووری عیراق رێگە بە حاڵەتێکی لەو شێوەیەنادا، ئەمە تەنیا بابەتێکە راستە دەنگدانەوەی لە میدیادا هەیە، بەڵام هەوڵێکی کارتی فشاری پەیوەست بە هەڵبژاردنە نەک چارەسەری مووچە".

ناوبراو لەبارەی پرسی یاسای قەرز ئاماژەی بەوەکرد "هەنگاوەکانی حکومەتی عیراق بۆ وەرگرتنی قەرز هەنگاوی مەترسیدارن، بەڵام ئێستای عیراق ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئیدارەی عیراق دەکەن بە تایبەت خودی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبەردەم دووڕیانێکدان هیچ دەرچەیەکی نییە، چونکە سەرچاوەی داهاتی عیراق نەوتە نەوتیش لە بازاڕی جیهاندا پاڵپشتی ئابووری عیراق ناکات، هەروەها دەستبردن بۆ یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی عیراق جارێکی دیکە مەترسییە، بۆیە وەرگرتنی قەرز تاکە رێگە بوو، بەڵام بڕی وەرگرتنی قەرزەکەی زۆرە دەکرا کەمتربێت".

"قۆناغی مەترسیدارتر ئەوەیە ئێمە لەبەردەم بودجەی 2021ی عیراقداین، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران جارێکی دیکە رێگە بداتەوە لەناو بودجەی 2021دا قەرزی دیکە وەربگیرێت ئەمە مەترسیدارە بۆ ئابووری عیراق و دەکرێت بڵێن ئابووری عیراق لەدوای ساڵی 2003 رووبەڕووی قەرزێکی گەورە نەبووەتەوە"، بیلال سەید وتی.

"نازانین پێشنیازەکە چۆنە"
جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ مەودا میدیا ئاماژەی بەوەکرد "دەبێت بەشە بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی حکومەتی عیراقەوە دابینبکرێت، چونکە بەپێی دەستووریش بێت دەبێت بەو شێوەیەبێت".

باسی لەوەشکرد "تاوەکو ئێستا نازانین ئەو وردەکاری ئەو پێشنیازەی کراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بەغداوە  چۆنە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان