راپۆرت

كەركوك.. كودەتای عەرەب و توركمان بۆ دزینی پۆستی پارێزگار لە كورد

مەودا میدیا - سلێمانی |


كەركوك.. كودەتای عەرەب و توركمان بۆ دزینی پۆستی پارێزگار لە كورد
مەودا میدیا- كاروان نوری

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت سوێندی یاسایی پەرلەمانتاری بخوات و پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەجێبهێڵێت، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت، هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو بابەتە نییە. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک روونیدەکاتەوە ئەو پۆستە بەرکەوتەی کوردە و سەرۆكی پێشووتری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دەڵێت دەبێت مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراوبێت.

 راکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 لەسەر لیستی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکوک بەشداری کردووە و بووە پەرلەمانتاری عیراق و تائێستاش سوێندی یاسایی نەخواردووە، بەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا ئەمڕۆ راکان جبوری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سوێندی یاسایی دەخوات و کەرکوک بەجێدەهێڵێت.

خەسرۆ گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت وتی "هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەو بابەتە نییە و ناشزانم راکان جبوری ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخوات بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق".

"پۆستی پارێزگار، بەركەوتەی كوردە"
ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە مەودا میدیای وت "تائێستا روون نییە کێ و لە چی نەتەوەیەک دەبێت بە پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، بەڵام ئەو پۆستە بەرکەوتەی نەتەوەی کوردە"، جەباری وتیشی "کورد بە نیازە کاکەڕەش سدیق، سەرۆکی پێشووی ئۆفیسی کەرکوکی مادەی 140 بکاتە پارێزگار کەرکوک".

لەلایەکی تریشەوە دەنگۆی ئەوە هەیە بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبەر هەندێک کێشەی یاسایی و سیاسی ناتوانێت کۆببێتەوە و بە بڕیارێکی تایبەت فەلاح یایچی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکوک لە نەتەوەی تورکمان بکرێتە پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت.

"دەبێت مافی هەموو پێكهاتەكان بدەین"
د. فایەق گوڵپی، سەرۆكی پێشووتری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بە مەودا میدیای وت "راستە کەرکوک شارێکی کوردستانییە، بەڵام سێ پێکهاتەی تیادایە نەك تەنها کورد، لەدوای راپەڕین و لەدوای روخاندنی سەدامەوە تا ئێستا کەرکوک بەدەست کوردەکانەوە بووە، پارێزگاری کەرکوک و بەرپرسی ئاسایشی کەرکوک کورد بووە، هێزی پێشمەرگە لەوێ هەبووە، کورد لەوێ دەسەڵاتی یەکەم بووە، بەڵام لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەر، گەڕانەوەی سوپای عیراق بۆ کەرکوک و دەورووبەری، دەتوانین بڵێین كەركوك کەوتووەتە دەست پارێزگارێکی عەرەب".

"بەڕاستی ئەگەر بمانەوێت سیاسەتێکی دیموکراسییانە لەناو کەرکوکدا بەڕێوە ببەین، دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان بدەین، بەشێوەک لە شێوەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، عەرەبیش مافی هەیە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، کوردیش مافی هەیە و تورکمانیش مافی هەیە، بە مەرجێک ئەم کەسانە کە دەسەڵات دەگرنە دەست، دەسەڵاتی خۆیان بەکارنەهێنن لە دژی پێکهاتەکانی تر"، فایەق گوڵپی وا دەڵێت.

سەرۆكی پێشووتری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان باسی لەوەشكرد "لە ماوەکانی پێشوودا بە ئێستاشەوە جبوری رەخنەی زۆری لێدەگیرا کە  پشتیوانیی عەرەبەکان دەکات، ئەوانەی بۆ تەعریب هاتوونەتە ئەوێ لە دژی کورد، ئەمە سیاسەتێکی هەڵە بوو، بەڵام حەقی خۆیەتی وەک پێکهاتەیەکی کەرکوک کە ماوەیەک لە دەسەڵات بێت".

سەبارەت بە ناسنامەی كوردستانیی كەركوك، فایەق گوڵپی وتی"گرنگ ئەوەیە ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگار کەسێکی شۆڤێنی نەبێت و کەسێکی دیموکراتی بێت، واتە سەیری کەسەکان بکات بە یەک چاو، بەلای منەوە ئاساییە ماوەیەك کورد حوکمی بکات، ماوەیەک تورکمان و ماوەیەک عەرەب، بە مەرجێک ناسنامەی کوردستانی لە کەرکوک دانەماڵرێت".

ئەمە لە کاتێکدیە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی پێشتر داوا پۆستی پارێزگاری كەركوكی کردبوو و وتبووی "پێویستە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێت بە بەرەی تورکمانی.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان