کوردستانی
شیرین ئەمین: دەسەڵات پارێزەری بکوژەکانە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند دەسەڵات پارێزەری ئەو کەسانەیە کە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و شەهیدیان دەکەن بۆیە تا ئێستا کەس لەسەر ئەو کارە سزا نەدراوە.
شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ لە دادگای سەیدسادق سکاڵا لەسەر ئەو کەس و لایەنانە تۆمار کرا کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردبوو و دوو خۆپیشاندەریان شەهید کردبوو".
لە کۆتا مانگی ساڵی رابردوودا، لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان خۆپیشاندان دژی دواکەوتن و بڕینی مووچە و بێکاری و خراپی دۆخی دارایی ئەنجامدرا و لە هەندێک شوێن خۆپیشاندانەکان گرژییان تێکەوت و نۆ خۆپیشاندەر کوژران.
سەبارەت بەوەی پەرلەمان چ رۆڵێک دەبێنێت لە چاودێریکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و بەسزاگەیاندنی ئەوانەی کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتی "لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمان سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە کە تێیاندا تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە و بڕیارە راپۆرتێک لەوبارەیەوە ئامادە بکات".
وتیشی "لەبەرئەوەی ماوەیەک کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پەکیان کەوت و ئێستاش لە پشووی زستانەدایە، بۆیە دیار نییە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە چۆنە و کەی رادەگەیەنرێت".
شیرین ئەمین جەختیکردەوە "دەسەڵات پارێزەری ئەو کەسانەیە کە بکوژی خۆپیشاندەرانن، چونکە ئەگەر پێشتر بکوژانی خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووسانیان رادەستی دادگا بکردایە ئەوا ئەو حاڵەتە بەردەوام دووبارە نەدەبوویەوە".
ب.م