سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

‎ترس لە کشانەوەی بێ گرەنتی


لە چەند رۆژی رابردوودا، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هێزەکانیان لە ناو خاکی تورکیاوە بەرەو قەندیل لە باشووری کوردستان کشاندەوە، ئەوە شەقامی کوردی و هێزە سیاسییەکان و تەنانەت چاودێرانی سیاسیشی بۆ چەند ئاراستەیەکی بیرکردنەوە دابەشکرد، هەبوون بە بڕیارێکی هەڵە و هەشبوون بە راست و دروست و ستراتیژی لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد ناویان برد.

قۆناغی ئەوجارەی پرۆسەی ئاشتی هەر لە ناوەکەیەوە جیاوازی لەسەرە، سەرەڕای دروستکردنی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ دانانی رێگەچارەی پێویست بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەر، لەگەڵ ئەوەیشدا تائێستا دەوڵەتی تورکیا و دامەزراوەکانی هەنگاوی جدییان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە نەناوە، تەنانەت خودی سەرۆک کۆماری تورکیا هێشتا هەر بە پرسی تورکیای بێ تیرۆر ناویدەبات و دەشڵێت بەرانبەر کۆتاییهێنان بە تیرۆر ئەوان هیچ شتێک نابەخشن و تەنانەت مافی هیوا نابەخشن بە ئۆجەلان بۆ ئەوەی لە زیندانی ئیمریاڵییەوە بگوێزرێتەوە بۆ جێگەیەکی تایبەت.

لەدوای بانگەوازەکەی دەوڵەتی باخچەلی نەتەوەپەرستەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە سێ هەنگاوی کردارییان ناوە بێ ئەوەی تورکیا هیچ هەنگاوێکی گرنگی بەئاراستەی چارەسەر نابێت:
یەکەم: پەکەکە بەرەسمی لە کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا و لەسەر داوای ئۆجەلان خۆی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی هێنا.
دووەم: لە ئەشکەوتی جاسەنە ژمارەیەک گەریلا چەکەکانیان لە مەراسیمێکدا سووتاند وەکو ئاماژەیەک بۆ بە کردارکردنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
سێیەم: چەند رۆژی پێشوویش گەریلاکانیان لە ناو خاکی تورکیاوە بۆ قەندیل کشاندەوە.

ئەو سێ هەنگاوە یەک لە یەک روونترن بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازی ئۆجەلان بۆ کۆتایی پەکەکە و چەکدانان، رەنگە هیچ کوردێک نەبێ ویستی ئەوەی نەبێت دۆزی نەتەوەکەی بەئاشتی و دوور لە شەڕ چارەسەر بکرێت، بەڵام بەمەرجێ سەرەتا و ناوەڕۆکی پرۆسەکە روون بێت، کەچی ئەوەی هەیە تائێستا هەر پەکەکە هەنگاو دەنێت و قەندیل وەڵامی داخوازییەکانی ئۆجەلان دەداتەوە، بەبێ ئەوەی دەوڵەتی تورک هەنگاوی دیار و کاریگەر و روونی بەرانبەر ئەو هەموو هەنگاونانەی پەکەکە نابێت، ئەوەیش جێگەی نیگەرانییە.

کشانەوەی گەریلاکان لە تورکیا بێ ئەوەی هیچ گرەنتییەکی دیار و بەرچاوی هەبێت، مایەی نیگەرانییە، من باس لە بەرچاوڕوونی و گرەنتی راگەیەندراوی واقیعی دەکەم کە هەبن نەک بیانووهێنانەوەی کادری حزبی و خەڵکانی ئایدۆلۆژیاخواز کە ناتوانن خۆیان بیربکەنەوە، بەڵکو لەسەرووی خۆیانەوە لەجێگەیان بیردەکرێتەوە، هەنگاوی وا گەورە بێ گرەنتیی مەترسیی گەورە دروستدەکات، بەتایبەت کۆکردنەوەی تەواوی هێزەکانی گەریلا لە قەندیل و باشووری کوردستان رەنگە ببێتە بیانوو بەدەست تورکیاوە بۆ بەردەوامیی پەلاماردانی هەرێمی کوردستانیش لە ئەگەری سەرنەکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و شکستهێنانی.

ر.س
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan