
سۆزان حەمەتاتە
ساڵی نوێی خوێندن و لابردنی ئاڵنگارییەکان
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵ، ئیتر دەبێت دەرگای خوێندنگەکان بەڕووی خوێندکاران و مامۆستایاندا بکرێنەوە، ئەوە یەکێک لە هەرە پیرۆزترین رۆژەکانی ساڵە کاتێک پرۆسەی پەروەردەی منداڵەکانمان لەسەر دەستی مامۆستایان دەستپێدەکات، بەو هۆیەیشەوە خەونی دایکان و باوکان زیاتر دەپشکوێن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بەرەو زیاتر سەرکەوتن و پەروەردەبوون و بەربوونەوەی ئاستی زانستییان هەنگاو دەنێن.
پێش راپەڕین، بەتایبەت لە باشووری کوردستان کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان بە کۆمەڵێک مەراسیمی بەعسییەکان دەستیپێدەکرد، خوێندکاری کورد و بەشێکی زۆری دایبابەکانیش نەیاندەتوانی دڵخۆشبن بەوەی منداڵەکانیان لەو چوارچێوە پەروەردەییە دواکەوتوو و رەگەزپەرستییەدا پەروەردە دەکرێن، بۆیە پەروەردە هیچ تام و چێژ و ویستێکی نەبوو بۆ ئەوەی بەدڵخۆشییەوە بەپیرییەوە بچیت.
لەدوای راپەڕینەوە، پرۆسەی پەروەردە قۆناغ بە قۆناغ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، راستە هێشتا زۆر گۆڕانکاریی دیکەی پێویستە و دەکرێت نوێگەریی زیاتریشی تێدا بکرێت، بەڵام بەراورد بە زۆر شوێن و تەنانەت وڵاتیش، هەرێمی کوردستان سیستمەکەی باشە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بێ مووچەیی و قەیرانی داراییەوە، چەند ساڵێکە بارودۆخی پەروەردە و خوێندکاران و مامۆستایان بە دۆخێکی نائاساییدا دەڕوات، ئەوەیش وایکردووە زیانی زۆر بەر کۆمەڵگە، سیستمی پەروەردە، خوێندکاران و مامۆستایان و داهاتووی هەموو ئەوانە بکەوێت، مەترسییەکانی گەورەتریش دەبن ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت.
پێش هەموو شت ژینگەی پەروەردە گرنگە، لە پۆل، خوێندنگەی باش و نوێ، پێداویستییەکانی ناوی، کارەبای بەردەوام و بوونی تاقیگەی باش، خوولی بەردەوام بۆ مامۆستایان و راهێنەران و فەرمانبەران و زۆر شتی دیکەیش زۆر پێویستن، لەگەڵ ئەوەیشدا چاوخستنە سەر ژیانی مامۆستا و بەردەوام باشترکردنی بۆ ئەوەی هەموو کاتەکانی بۆ پەروەردە تەرخانبکات، یەکێک لە هەرە پێداویستییەکانی پێشکەوتنی پرۆسەی پەروەردەیە.
ساڵانی رابردوو بایکۆتی دەوام و نەکردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان کێشەی زۆری بۆ خوێندن و خوێندکاران و ئاستیان دروستکرد و چەندین کێشەی دەروونی و کەمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، مامۆستا ناچاربوو بەوەی فشاربکات بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی خۆی بدرێتی و بایکۆتی وەکوو میکانیزمێک بەکارهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئازایانە گەڕانەوە و ئامێزی گەرم و دڵسۆزانەیان بۆ خوێندکارەکانیان کردەوە کە ئەوە لووتکە دڵسۆزی و وەفا بوو.
ئاڵنگارییەکان روونن و پێداویستییەکانی پرۆسەی خوێندنیش دەزانرێت، حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەرپرسن بەرانبەر داهاتووی منداڵانی کورد و ئەرکی سەرەکی و گرنگ ئەوەیە هەموو رێگەیەک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی بەها جوانەکان بۆ پەروەردە و خوێندن و منداڵەکانمان بگەڕێنەوە و خوێندگەکانمان پڕبن لە جوانی و دڵسۆزی و کۆشش و پێشخستنی کەرتی زانست، کە ئەوەیش داهاتووی کوردستان گەشاوەتر دەکات.
پێویستە ژیانی مامۆستایان بەشێوەیەک باشتربکرێت کە لە ئاستی گەورەیی و پێگەی ناو و کارەکەیاندا بێت، ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی باش و گرنگ بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە و گەشانەوەی زیاتری داهاتووی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان.
خ.غ
خ.غ