
سۆزان حەمەتاتە
چەکدانانی پەکەکە و ئایندەیەکی ناڕوون
وەکو نیازپاکی و جێبەجێکردنی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکیان، گرووپێکی ٣٠ کەسیی گەریلا، لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند، ئەوە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی و نەتەوەییمانی بۆ ئاراستەی جیاواز جیاواز دابەشکرد، هەبوون پشتیوانییان کرد و هەبوون دژی وەستانەوە، ئیتر هەر چۆنێک بێت پرۆسەکە دەستیپێکرد و ئاسانیش ئامانجەکان بەدەستنایەن.
ئۆجەلان بانگەوازی کرد و گەریلا چەکیان دانا، گەیشتنە ئاکامی پرۆسەکە پێویستیی بەوەیە لایەنی تورکی و حکومەت هەنگاوی جدی بنێن و قسەکان بکەنە کردار، سەرەتای ئەوەمان بینی، بەڵام بە تۆمەتبارکردنێکی زۆر و بەردەوامەوە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەی راوێژکاریی پارتەکەیدا رەج تەیب ئەردۆغان دیسانەوە کۆتایی رێکخراوی تیرۆریستی و تورکیای بێ تیررۆری بەکارهێنایەوە، ئەوە بەشێکە لە خۆنمایشکردنی ئەردۆغان و ناسنامەی هێزی تیرۆریستی بە بەردەوامی دەبەخشێتە پارتی کرێکارانی کوردستان، رەنگە ئەو بە راگرتنی هاوسەنگیی بەرانبەر دەنگدەرە توندڕەوەکانی و شەقامی نەتەوەیی تورکی بزانێت، بەڵام بۆ کورد ناسنامەیەکی خراپە و بێدەنگیی لێی واتە رازی بوون بەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی هەبووە.
لە بەجێگەیاندنی پرۆسەیەکی وادا، پرسەکە پرسی رەشبینی و گەشبینی نییە، بەڵکو بەو پێیەی پەیوەندیی بە چارەنووسی نەتەوەکەمانەوە هەیە، بۆیە دەمانەوێت هیچ هێزێکی سیاسیی کوردیی شۆڕشگێڕ نەکەوێتە بەردەم تەڵەکانی شکست و کۆتایی و رەنج بەخەساربوونی سەدان ساڵە کە رووبارێک خوێنی لەپێناودا دراوە، بۆ ئەوەیە دڵنیابین لە سەرکەوتن و گەیشتنە خۆری ئاسۆ کە خەونی هەر کوردێکی دڵسۆزە.
قۆناغی دوای چەکدانان راستەوخۆ پەیوەندیی بە دەوڵەتی تورک و رەجەب تەیب ئەردۆغان و باخچەلییەوە هەیە، ئەوان بەشی گرنگی پرۆسەکەن، بەو پێیەی سەرکردایەتیی پەکەکە مەرجی ئازادبوونی ئۆجەلان و گۆڕینی مادەی دەستووری و دەرکردنی یاسای نوێ و راگەیاندنی لێخۆشبوونی و چەسپاندنی دیموکراسیەتێکی راستەقینەیە، روونیشە ئەو مەرجانە ئاسان جێبەجێ ناکرێن.
کێشەی کورد لە تورکیا تەنها لەسەر پێدانی مافی مەدەنی هەڵەیە، بەڵکو دەبێت لەناو دەستووردا کورد وەکو هاوڵاتیی راستەقینەی تورکیا ناوی بهێنرێت، مافە نەتەوەییەکانی بۆ بگەڕێندرێتەوە، دەیان هەزار کورد لە زیندانەکان و پێویستە ئازاد بکرێن، قەدەغەی سیاسیی هەڵبگیرێت و سیستمی قەیومەکان نەهێڵرێت، هەروەها داوای لیبووردنی لێ بکرێت بەرانبەر ئەو هەموو سوکایەتییەی بە مێژوو و زمان و هاوڵاتیی کورد کراوە لە مێژووی سەد ساڵەی تورکیا.
پرۆسەکە دەستیپێکرد، بەڵام ئایندەی روون نییە، چونکە سەدان گرفتی سیاسی و ئەمنی و پیلان و پلان لەسەر رێگەکەیدایە، بەڵکو ئەمجارەیان مێژوو لە بەختی کورد بسوڕێت و باکووری نیشتمانەکەمان بگاتەوە بە مافە راستەقینەکانی خۆی.
ر.س
ر.س