سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

‎ئەنفال و تێپەڕاندنی قۆناغی باسکردنی بۆ خۆمان


ئەنفال، یەکێک لە گەورەترین جینۆسایدەکانی مێژووە، هاوشێوەی هۆڵۆکۆستی جووەکانە لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە لە سەروەختەکانی شەڕی دووەمی جیهانیدا، بەڵام ئەوان هەرزوو کەوتنە خۆیان و لە قۆناغی کوڕوزانەوە و باسکردنی هەر بۆ خۆیان چوونە دەرەوە و کردیانە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونیان و بەهۆی فشارەکانیشیانەوە لەسەر ئاستی جیهان بەڕەسمی ناسێنرا و قەرەبوویش کرانەوە لە هەموو رووەکانەوە، تەنانەت لە هەندێک وڵاتی وەکو ئەڵمانیا سزای ئەو کەسانەیش دەدرێ ئەگەر نکۆڵی لێبکەن.

بەپێچەوانەی جووەکانەوە، دوای زیاتر لە ٣٧ ساڵ لە جینۆسایدکردنی، کورد و دەسەڵاتەکەی، نووسەر و رۆژنامەنووس و میدیاکانی، حزب و رێکخراوەکانی، نەیانتوانیوە جینۆسایدی ئەنفال بە جیهان بناسێنن و قەرەبووی مادی و مەعنەویی بکرێتەوە، تەنانەت دوای ٢٢ ساڵ لە رووخاندنی رژێمەی سەدام حسێن، عیراقیش هەر داوای لێبووردنی لە کورد نەکردووە و قەرەبووی نەکردوونەتەوە.

دوای ئەو هەموو ساڵە، ئیتر کاتی جۆرێکی دیکەیە لە قسەکردن لەسەر جینۆسایدی ئەنفال و بردنی ئەو کەیسە بۆ ناو ناوەندە گەورەکانی جیهان و کارکردنی جدی بۆ ناساندن و دانپێدانانی، بەشێوەیەکی وا ئەنفالیش وەکو هۆڵۆکۆست و کوشتوبڕی ئەرمەنییەکان لە ساڵی ١٩١٥ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بکرێتە کەرەستەی سەدان پرۆژەی جیهانی و هەر کورد بۆ خۆی کاری لەسەر نەکات.

سەیربکە تا ئەم ساتە چەندین فیلمی سینەمایی لەسەر ئاستی باڵا بۆ ئەنفال بەرهەم نەهێنراوە، بەڵگەدارکردنی جینۆسایدی ئەنفال هەر هەوڵی تاکە کەسییە، بە زمانە جیاواز و زیندووەکانی جیهان توێژینەوە و کتێبی زۆری لەسەر نەنووسراوە، ناوەندی گەورەی جیهانی لەلایەن کوردەوە لە وڵاتانی گەورە نییە، خۆ دەبوو سەدان کۆنفرانسی گەورە لە ناوەندە جیهانییەکان و پەرلەمانی وڵاتان لەسەر ئەنفال سازبکرانایە، بەڵام نەکراون.

ئەو فەرامۆشییە لە کارکردن لەسەر جینۆسایدی ئەنفال لەسەر ئاستی دەرەوە وایکردووە هێشتا خەڵکان و وڵاتانی زۆر هەبن، بڕوا بەوە نەکەن کورد جینۆساید کراوە، بگرە هەر رەتیشیدەکەنەوە، ئەوە ئەگەر بەردەوام بێت و هەر بۆ خۆمان ئەنفال باسبکەینەوە و نەیبەینە ناوەندە جیهانییەکان و نەناسێنرێ، ئەوا نەوەی دیکەیش دێن زیاتر رەتیدەکەنەوە و بڕواناکەن نەتەوەی کورد جینۆسایدکرابێت.

نابێت ئەوەیش لەبیربکەین بە بەرنامە وڵاتانی دژە کورد و دەزگا هەواڵگرییەکانیان کاری جدی لەسەر ئەوەدەکەن کورد جینۆساید نەکراوە و بڕواییهێنان لەسەری کاڵتردەکەنەوە، ئەوان بە میدیای گەورە و میکانیزمی جیاواز ئەو کارە دەکەن و پێویستە کوردیش بە پرۆژەی گەورە رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببێتەوە، تا پیلانەکانیان لەسەر کورد قورستر نەکردووە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan