سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

هەر شکست بەشتان بێت

دوای ماوەیەک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد بەڵێنەکەی بردە سەر و پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لە راکان جبوری، پارێزگارە سەپێنراوەکە وەرگرتەوە و ئیستێکی بە تەعریبی نوێ کرد، ئەوەش ئیتر بووە سەرەتای کرداریی گەڕانەوەی هیوا بۆ کەرکوکییە رەسەنەکان و وەکو دەشبینین سەرەتای ئاوەدانی لەو شارە دەستیپێکردووە.

هەر زوو، دوای کۆبوونەوەکەی هۆتێل رەشیدی بەغدا، کە تیایدا پارێزگاری نوێیی کەرکوک هەڵبژێردرا، بەشێک لە پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی، کەوتنە خۆیان و چەندین سکاڵایان لەسەر ئیدارە نوێیەکە تۆمارکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگار یاسایی نییە، وا بینیمان ئەمڕۆ دادگای کارگێڕیی بەغدا، سکاڵاکەیانی رەتکردەوە و دوا تیریان ئامانجەکەی نەپێکا.

کەرکوک دۆز و شەڕی پیرۆزی کوردە بەدرێژایی مێژوو، تیایدا شکستی هێناوە و پیلانەکانیش لەسەری زۆرن، بەڵام نەبووە و نابێت سازشی لەسەر بکات، چونکە کەرکوک شارێکی کوردی و کوردستانییە و سەدان بەڵگەنامە هەن ئەو راستییە دەسەلمێنن، ناسنامەکەی بۆ کورد لە نەوت و جەوتەکەی گرنگترە.

حوکمی دادگای بەغدا بۆ کورد و ئیدارەی نوێ پاڵپشتییەکی باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ بێخەم لێی دابنیشن و پێیان وابێت هەموو کات بەغدا و دادگاکەی دۆستی کوردن، بەڵکو بە کردارکردنی دروشمی پێکەوەژیان و خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە بێ جیاوازی و هێنانەکایەی تەبایی و کارکردنی پێکەوەیی و کۆکبوونی لایەنە کوردستانییەکان لەسەر بەرگریکردنی زیاتر لە کوردستانیبوونی کەرکوک، کاری زۆر گرنگن و نابێت فەرامۆش بکرێن.

لەمەدا نابێت کورد غرور بیگرێت و سیاسەتی پەراوێزخستنی لایەن و پێکهاتەکان بگرێتەبەر لە وێنەی ئەوانەی پێشوو، بەڵکو گرتنەبەری سیاسەتی "دادپەروەریی لە ماف و ئەرکدا" بکاتە کردار و کەرکوک بکرێتە نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و کاری جدیش بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بکات و بە رێگە دەستوورییەکەی کەرکوک بخاتەوە سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان.

چەندین ساڵە، غەدر ژیانی کورد و کەرکوکییەکانی خنکاندووە، ئەوە قەدەری مێژوو نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی بەعس و هاوشێوەکانێتی، ئیتر دەرفەتی ئەوە رەخساوە کەرکوک قۆناغی غەدر تێپەڕێنێت و "ئەوانەی هەر شکست بەشیانە" بەئاگا بهێنێتەوە کە قۆناغی نوێی ژیانی شایستە بە کەرکوکییەکان دەستپێدەکات، کورد وەکو ئەوان نابێت و کەرکوکیش شاری غەدر و ستەم نییە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan