تەندروستی
چهوهندهر بخۆو ترست له هیچ نهبێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
چەوەندەر ساڵانێكی دوورودرێژە میوانی سەر سفرەی مرۆڤەك ئێستاش دەركەوتووە جگە لەوەی بە ڤیتامین بی، ئاسن، مەنگەنیز، مس، مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم دەوڵەمەندە، كاتێك دەیخۆیت چەندین كاری ئەرێنی لە جەستەتدا ئەنجامدەدات، كە ئەمانە هەندێكیانن:
1-فشاری خوێن رێكدەخات:
چەوەندەر بە ماددەی نیترات دەوڵەمەندە، كە جەستە دەیگۆڕێت بۆ ئۆكسیدی نیترات و ئەویش دەبێتەهۆی خاوكردنەوەی بۆرییەكانی خوێن و فراوانكردنیان. ئەوەش سوڕی خوێن رێكدەخات و فشاری خوێن دادەبەزێنێت، توێژینەوەك كە لە ساڵی 2008 لە جۆرناڵی (هایپەرتێنشن) بڵاوبووەتەوە دەریخستووە ئەوانەی شەربەتی چەوەندەر دەخۆنەوە، تاكو سێ كاتژمێر لە خواردنەوەی شەربەتەكە فشاری خوێنیان بەبڕی 10 ملم.جیوە دادەبەزێ و كەمتریش تووشی كڵۆبوونی خوێن دەبن.
2-دڵ تەندروست دەكات:
ماددەی بێتاین و ترشی فۆلیك كە لە چەوەندەردا هەن، دەبنەهۆی كەمكردنەوەی رەگەزی هۆمۆسیستین لە خوێندا، ئەوەش ئەگەری زیانگەیشتن بە دڵ و بۆرییەكانی خوێن كەمدەكاتەوە.
3-لێهاتوویی جەستە زیاد دەكات:
توێژینەوەی زانستی دەریخستووە چەوەندەر لێهاتوویی و توانای جەستە زیاددەكات، بۆیە شەربەتی چەوەندەر خۆراكێكی دڵخوازی وەرزشكارەكانە، توێژینەوەیەك دەریخستووە ئەو پاسكیلسوارانەی شەربەتی چەوەندەر دەخۆنەوە بە راددەی 15% توانای دوور رۆیشتنیان زیاددەكات، دكتۆر ئاندی جۆنز نووسەری توێژینەوەكە دەڵێ بۆ ئەوەی ئەو توانایەت زیادبكەی پێویستت پێیە 3-5 دانە چەوەندەر بخۆی، ئیدی دوای 2-3 كاژێر لووتكەی كارگەرییەكە هەستپێدەكەی.
4-كاری مێشك باشتردەكات:
خاوكردنەوە و فراوانكردنی بۆڕییەكانی خوێنی مێشك لەلایەن ترشی نیتراتی نێو چەوەندەر، وادەكات خۆراك و ئۆكسجینی زیاتر بگەنە مێشك و ئەوەش كارایی مێشك زیاتردەكات. ئەمە بۆ كەسانی بەتەمەن ئێجگار گرنگە، چونكە لەگەڵ چوونکە تەمەن، ترشی نیترات لە جەستەدا كەمدەكات.
5-كارئاسانی بۆ جگەردەكات:
جگەر گەلێ سەرقاڵە بە خاوێنكردنەوەی خوێن لە ماددە ژەهری و زیانمەندەكان و ئەوەش ماندووی دەكات. خواردنی چەوەندەر ئەركی سەرشانی جگەر كەمدەكاتەوە و كاری بۆ ئاساندەكات، توێژینەوەیەك دەڵێ ماددەی بەسوودی بیتاین كە لە چەوەندەردا هەیە، كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا كەمدەكاتەوە، توێژینەوە لە تووشبووانی شەكرەدا دەریخستووە، ماددەی بیتاین-ی نێو چەوەندەر دەبێتەهۆی رێكخستنی كاری جگەر، هەندێك ئاستی كۆلیسترۆڵی خوێن دادەبەزێنێ و هەڵاوسانی جگەر كەمدەكاتەوە.
6-توانات لە دژی نەخۆشییە درێژخایەنەكان زیاددیكات:
چەوەندەر بە ماددەی بێتالاین دەوڵەمەندە كە دژە ئۆكسێن و دژە هەوكردنێكی بەهێزە و لەدژی ماددە زیانبەخشە تووشكەرەكان بە نەخۆشی درێژخایەنی هاوشێوەی نەخۆشییەكانی دڵ، قەڵەوی و شێرپەنجە دەجەنگێ، ماددەی بێتاسیانین كە رەنگە سوورەكە بە چەوەندەر دەبەخشێ، دژی ماددە تووشكەرەكانی شێرپەنجەیە و ئێستا توێژینەوەی لەسەر دەكرێ تاكو وەكوو دەرمان لەدژی شێرپەنجە سوودی لێ ببینرێ.
7-لە قەبزی و مایەسیری بەدوورتدەخات:
یەكێك لە رێگەكانی دووربوون لە قەبزی، زۆر خواردنی ریشاڵە خۆراكییەكانە. ریشاڵە خۆراكییەكان هەروەها دەبنەهۆی كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە مایەسیری و كیسكردنی ریخۆڵەكان. ماددەی بێتاین پرۆسەی هەرسكردن رێكدەخات. بیرتنەچێ، چەوەندەر هەر رەنگی میز سوور ناكات، بەڵكوو دوای 24-72 كاژێر ئەگەری هەیە رەنگی پیساییش بگۆڕێ.
ع
بیروڕا


