سۆزان  حەمەتاتە

سۆزان حەمەتاتە

کورد نەبێتە بەشێک لە شەڕی ناوخۆیی سوریا

ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هێشتا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی نێوخۆیی سوریا بکات، بگرە ئەوەی دەبینرێت رۆژ لەدوای رۆژ کێشەکان گەورەتر دەبن و ئاماژەکانی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی و هەرێمایەتیش (حزبوڵڵای لوبنان) خەریکی هەڵگیرساندنێتی وردە وردە دەردەکەون و لێرە و لەوێ ئاگری شەڕ خۆش دەکرێ.

شەڕی ناوخۆیی لەسەر ئەم ئاستانە ئەگەری هەڵگیرسانی هەیە:
یەکەم: شەڕی دەسەڵاتی نوێی سوریا لەگەڵ پاشماوەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ناوچە جیاوازەکان، ئەوان وردە وردە سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیانن و بەپێ دەرفەت پەلاماری هێزەکانی شەرع دەدەن، کردیان و بەردەوامیش دەبن.

دووەم: عەلەوییە بەرهەڵستکارەکان کە بەشی زۆریان لەکاتێکدا کەمینەن لە سوریا، دژی ئەحمەد شەرعن و دەیانەوێت سوریای نوێ ئارام نەبێت، خۆیان لە ناوچە کەناراوەکان رێکدەخەنەوە و ئەزموونی زۆریان هەیە لەڕووی سەربازییەوە بەو پێیەی بەشی زۆریان لەناو سوپای سوریادا پێگەی سەربازییان هەبووە.

سێیەم: دروزی و کریستانەکان پرۆژەی خۆیان هەیە و ئاسان ناچنە ژێرباری دەسەڵاتی نوێی سوریا، بەتایبەت دروزەکان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان لێ دەکرێت.
چوارەم: هێشتا گەراکانی حزبوڵڵای لوبنانی کە پشتیوانی تەواوەتی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بوون لەناو سوریا و سەر سنوور هەن، بینیمان یەک دوو رۆژی رابردوو سێ سەربازی سوریایان کوشت و شەڕ و پێکدادان لەنێوانیان روویدا.

پێنجەم: ناکرێت بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەناو خاکی سوریا نادیدە بگیرێت و بە مەترسیی جدی وەرنەگیرێت، ئەوان ئامادەن و لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ هەڵکوتانە سەر سوپای نوێی سوریا و لێ ناگەڕێن ئەو وڵاتە ئارام بێت.

شەشەم: سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، دژی بوونی کورد و ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدەن، هێرشەکانیان لە ئاسمان و زەوییەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر بەردەوامن و دەیانەوێت هەسەدە تێکبشکێنن.

کورد لەسەر ئاستی ناوخۆی سوریا پشتیوانی نییە، شەرع و گرووپە تووندڕەوەکان و تورکیا ئەجێندای هاوبەشیان دژی کورد هەیە، بەڵام هەرەیەکیان بەشێوازی خۆی، دەیانەوێت وردە وردە هەسەدە و کورد لاواز بکەن، یان لە شەڕێکی نابەرانبەری بگلێنن و بیانوو وەربگرن بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆیان.

ئەوەی گرنگە لەم کاتەدا کوردی رۆژئاوا لە شەڕی ناوخۆیی سوریاوە نەگلێ و نەبێتە لایەنگیریی کەس، چونکە هیچ هێزێکی ناوخۆی سوریا دۆستی کورد نییە و کۆکن لەسەر ئەوەی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان نەهێڵن.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan