راپۆرت

راگەیاندنی هاوپەیمانێتیی هیوا کێشەی ناوخۆیی بۆ چەند حزبێک دروستکردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


راگەیاندنی هاوپەیمانێتیی هیوا کێشەی ناوخۆیی بۆ چەند حزبێک دروستکردووە
مەودا میدیا-

راگەیاندنی هاوپەیمانێتی هیوای کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کێشەی ناوخۆیی بۆ هەندێک لەو حزبە سیاسیانە دروستکردووە کە پەرلەمانتارەکانیان بوون بە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە.

هاوپەیمانێتی هیوای کوردستان، رۆژی 11ی ئەم مانگە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیانرا و لە 15 ئەندامی پەرلەمان پێکهاتووە کە پێشتر بەناوی گروپی 15 خۆیان دەناساند، ئەوەی کێشەی بۆ هاوپەیمانه‌یتییەکە دروستکردووە، ئەوەیە کە دەوترێت لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراقەوە نزیکە و پڕۆژەکە هی ئەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان پێنج ئەندامی لە پەرلەمانی عیراق هەیە، ماوەی نزیکەی شەش مانگە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەکەیان هەڵپەساردووە، بەهار مەحمود یەکێکە لەو پەرلەمانتارانە، بۆ مەودا میدیا دوا و ئاماژەی بەوەکرد "بەشداربوون لەو هاوپەیمانێتییە بەو واتایە نایەت کە پەیوەندیمان لەگەڵ حزبەکانمان نەماوە".

لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە گوایا هاوپەیمانێتییەکە پرۆژەی سەرۆک کۆمارە، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتی "ئەوە راست نییە و هاوپەیمانێتی هیوا هیچ پەیوەندی بە سەرۆک کۆمارەوە نییە".

تا ئێستا کە زیاتر لە چوار رۆژ بەسەر راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەکەدا تێپەڕیوە، هیچ لایەنێکی سیاسیی لەوانەی کە پەرلەمانتارەکانیان بەشدارن تێیدا، هەڵویستی خۆیان بەرانبەر ئەو هەنگاوە رانەگەیاندووە و پشتیوانیی یان دژایەتیی خۆیان دەرنەخستووە.

مەودا میدیا بۆئەوەی هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بزانێت لەبارەی بەشداربوونی پەرلەمانتارەکانی لەو هاوپەیمانێتییە، پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی ئەو حزبەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێک بدەن و وتیان "هێشتا دیراسەی ئەو هەنگاوەمان نەکردووە".

کۆمەڵی ئیسلامیی یەکێکی ترە لەو حزبانەی کە پەرلەمانتارەکانی بەشداربوون لە هاوپەیمانێتییەکەدا، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی هەڵویستی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرکردایەتی ئەو حزبە دوێنێ پێنجشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بە چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەکە، ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، ئەوەش وەکو دەرخەری ئەوە لێکدرایەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا دژایەتی هەنگاوەکەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ کرابێت.

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە "ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هیوا ئەجیندای هیچ کەس و لایەنیک نییە و کەسیش ناتوانێت بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت".

لە روونکردنەوەکەدا ناوبراو باسی لەوەکردووە کە بڕی دوازدە ملیۆن و شەش سەدو پەنجا هەزار دیناری رادەستی حزبەکەی کردووە، ئەوەش لەماوەی 9 ساڵی رابردوودا، ئاماژە کردن بە بڕی ئەو پارەیە، وەکو نیشانەیەک لێکدرایەوە کە پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ بێمنەتی خۆی بەرانبەر حزبەکەی دەردەخات لە هەر رێکارێک کە دژی ئەو بیگرێتە بەر.

بێجگە لە پەرلەمانتارەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، دوو پەرلەمانتاری هاوپەیمانه‌یتییەکە ئەوانەن کە لەسەر لیستی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری دەرچوون و دواتر لەگەڵ سەرۆکی حزبەکە وازیان لەو حزبە هێنا، دوانی تریان لەسەر لیستی نەوەی نوێ دەرچوون و دواتر وازیان لەو جوڵانەوەیە هێنا و فراکسیۆنی ئایندەیان راگەیاند، دوانی تریان لەسەر هەمان جوڵانەوە دەرچوون و پەیوەندیان لەگەڵی نەماوە، ترسی حزبەکانی تر لەوەیە کە پەرلەمانتارەکانی ئەوانیش بەهەمان شێوەی ئەو شەش پەرلەمانتارە واز لە حزبەکانیان بهێنن.

لێکدانەوە و شیکاری جیاواز بۆ هۆکاری راگەیاند  و داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە دەکرێت، رێبوار کەریم وەلی، رۆژنامەنوس، لە وتارێکیدا کە دوێنێ بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەکردوە کە هاوپەیمانێتییەکە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق و لاهور شیخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتییەوە ئاراستە دەکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هاوپەیمانێتییەکە وەکو خەتی دووەمی یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشدار دەبێت و هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی خەڵکی ناڕازی دەدات، بەڵام ئەو رۆژنامەنوسە چاوەڕێی داهاتوویەکی باش بۆ هاوپەیمانێتییەکە ناکات و پێی وایە ئامانجەکانی ناپێکێت.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان