راپۆرت

نامۆترین به‌سه‌رهاتی خێزانه‌ كورده‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی شێخ جه‌راحی قودس

مەودا میدیا - سلێمانی |


نامۆترین به‌سه‌رهاتی خێزانه‌ كورده‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی شێخ جه‌راحی قودس
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

مونا كورد بوو به‌ ئایكۆنی تێكۆشانی چالاكوانانی فه‌له‌ستین له‌ شاری قودس، خێزانی نه‌بیل كورد له‌ ساڵی 2009وه‌ وه‌ك خێزانێكی تێكۆشه‌ری فه‌له‌ستینی ناویان ده‌ركردووه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی خانووه‌كه‌یانه‌وه‌ بوون به‌ خاوه‌نی چیرۆكێكی سه‌رنج راكێش‌ و نامۆ، نه‌بیل كورد پیاوێكی به‌ ته‌مه‌نی هه‌ڵگری ناسنامه‌ی فه‌له‌سیتن‌ و ئیسرائیله‌، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی شێخ جه‌راحی شاری قودسه‌، ئه‌و به‌ ره‌چه‌ڵك ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌ماڵه‌ كوردانه‌ی له‌سه‌رده‌می سەڵاحه‌دینی ئه‌یوبی چوونه‌ته‌ فه‌له‌ستین، ئه‌وان تائێستا پاشگری كورد به‌ خێزانه‌كه‌یانه‌وه‌ ماوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ناسنامه‌كه‌شیان وه‌ك ناسناو ناوی كورد نوسراوه‌، به‌ڵام ئه‌وان زیاتر وه‌ك فه‌له‌ستینی خۆیان ده‌بینن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌وێ له‌دایكبوون‌ و سەدان ساڵه‌ له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستین ده‌ژین.

نه‌بیل كورد، خاوه‌نی كوڕ و كچێكه‌، كوره‌كه‌ی ناوی محه‌مه‌ده‌ و پێی ده‌وترێت  محه‌مه‌د كورد، كچه‌كه‌شی ناوی مونایه‌ و پێی ده‌وترێت مونا كورد، مونا ته‌مه‌نی 23 ساڵه‌، چالاكوان‌ و راگه‌یاندنکاره‌، له‌گه‌ڵ به‌شێكی زۆر له‌ میدیا عه‌ره‌بیه‌كان وه‌ك په‌یامنێر كاری كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چالاكوانێكی زۆر چالاك‌ و چاو نه‌ترسه‌، چیرۆكی ئه‌م خێزانه‌ له‌ساڵی 2009وه‌ ده‌ست پێده‌كات، ساڵی 2009 محه‌مه‌د كورد برای مونا هاوسه‌رگیری ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خێزانی محه‌مه‌د له‌ خانوویه‌كی بچوكی دوو ژوریدا ده‌ژین، هیچ ژورێك نابێت ته‌رخان بكرێت بۆ محه‌مه‌د‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی، بۆیه‌ ئه‌ویش بڕیار ده‌دات له‌ناو حه‌وشه‌ی خانووه‌كه‌ ژورێكی تر دروست بكات بۆخۆی‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی شاره‌وانی قودس ده‌كات، به‌ڵام حكومه‌تی ئیسرائیل رێگه‌ نادات ژوره‌كه‌ دروست بكات‌ و مۆڵه‌تی بینای پێ نادات، دوای هاتووچۆیه‌كی زۆر محه‌مه‌د كورد نائومێد ده‌بێت له‌وه‌ی مۆڵه‌تی پێ بدرێت، بۆیه‌ بریِار ده‌دات بێ مۆڵه‌ت ژووره‌كه‌ دروست بكات‌ و به‌بێ مۆڵه‌ت ژورێك‌ و هه‌موو پێداویستییه‌كانی وه‌ك گه‌رماو و ده‌ستشۆر دروست ده‌كات، كاتێك حكومه‌تی ئیسرائیل ئاگادار ده‌بێته‌وه‌ محه‌مه‌د ژووره‌كه‌ی دروست كردووه‌، ئیسرائیل ئه‌م كاره‌ به‌ زیاده‌ رۆیی ده‌زانێت‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌وری ماڵیان ده‌گرن‌ و ده‌ست به‌سه‌ر ژووره‌كه‌دا ده‌گرن، كلیلی ژوره‌كه‌ ده‌به‌ن‌ و چوونه‌ ناو ژوره‌كه‌ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حكه‌ومه‌تی ئیسرائیل نیگه‌رانی خێزانه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، مونا خۆی‌ و باوكی‌ و محه‌مه‌دی برای به‌ دوو رێگە ده‌ست به‌ چالاكی ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی مافی به‌كارهێنانی ژووره‌كه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌، رێگەی یه‌كه‌م دادگایه‌ كه‌ له‌ دادگای شاری قودس سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن، رێگای دووه‌م فشاری مه‌ده‌نییه‌ له‌سه‌ر ئیسرائیل ئه‌ویش به‌رێگەی خۆپیشاندان‌ و ناره‌زایی ده‌ربڕین، رۆژانه‌ سه‌ردانی دادگا ده‌كه‌ن‌ و خۆپیشاندانیش ده‌كه‌ن، ئه‌م بابه‌ته‌ تا ساڵی 2015 به‌رده‌وام ده‌بێت‌ و دادگا رازی نابێت ژوره‌كه‌ به‌كاربهێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ توندی رووبه‌رووی خۆپیشاندانی ئه‌و خێزانه‌ ده‌بنه‌وه‌، ساڵی 2015 حكومه‌تی ئیسرائیل بڕیارێكی نامۆ ده‌ر ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بڕیار ده‌دات ژووره‌كه‌ بدات به‌ جوله‌كه‌ جێنشینكراوه‌كانی شاری قودس، به‌تایبه‌ت ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ وڵاتانی دیكه‌وه‌ كۆچی ئیسرائیلیان كردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ (15) هاوڵاتیی جوله‌كه‌ له‌ ژوره‌كه‌ی محه‌مه‌د كورد‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی نیشته‌جێ ده‌كرێن، جوله‌كه‌كانیش ئه‌مه‌ به‌ ئاسایی وه‌رده‌گرن‌ و رازی ده‌بن بچنه‌ ژوره‌كه‌، له‌و كاته‌  به‌دواوه‌ (15) هاووڵاتی جوله‌كه‌ كه‌ هه‌مویان له‌ره‌گه‌زی نێرن ده‌چنه‌ ژوره‌كه‌و له‌ ناو ماڵه‌كه‌ی نه‌بیل كورد نیشته‌جێ ده‌بن، ئه‌و( 15) كه‌سه‌ نامۆیه‌ به‌ خێزانی نه‌بیل كورد له‌و خانووه‌ بچوكه‌دا ده‌ژین كه‌ خێزانی نه‌بیلی تیادا نیشته‌جێیه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك دره‌وازه‌ (مدخل) به‌كار ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش بێزاری ئه‌و خێزانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، مونا ئه‌وكات ته‌مه‌نی (17) ساڵ ده‌بێت، ئه‌م بڕیاره‌ وا له‌ مونا ده‌كات چالاكتر بێت رۆژانه‌ خۆپیشان ده‌كات‌ و گه‌ڕەكی شێخ جه‌راح ده‌كاته‌ ناوچه‌ی تێكۆشان، ره‌تیشی ده‌كاته‌وه‌ خانووه‌كه‌ جێ بهێڵن سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی(15) هاوڵاتیی جوله‌كه‌ی تیا نیشته‌جێ كراوه‌، مونا كورد ده‌یان جار له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام ئه‌و كۆڵی نه‌داوه‌، جگه‌ له‌به‌رگریكردن له‌مافی كۆی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین وه‌ك خه‌مێكی گشتی، مونا ئامانجێكی تایبه‌تیشی هه‌یه‌ ئه‌ویش ده‌ركردنی ئه‌و(15) هاووڵاتیه‌ جوله‌كه‌یه‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ژوره‌كه‌یانه‌.

محه‌مه‌د كورد برای مونا دوای ئه‌وه‌ی ژووره‌كه‌ی ده‌درێت به‌ (15) جوله‌كه‌ بڕیار ده‌كات ژوره‌كه‌ بروخێنێت، به‌ڵام حكومه‌تی ئیسرائیل  رێی لێده‌گرێت، ئیسرائیل هێزێكی تایبه‌تی ته‌ رخان كردوه‌ بۆئه‌وه‌ی چاودێری ئه‌و ژوره‌ بكه‌ن‌و رێگه‌ نه‌ده‌ن ژوره‌كه‌ بڕوخێنێت.

نه‌بیل كورد باوكی مونا و محه‌مه‌د ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی (70) ساڵی تێپه‌ڕكردووه‌، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك چالاكوانێكی به‌ وزه‌ و قایم ده‌بینرێت، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌ توانای جوڵه‌ی زۆر نه‌ماوه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ئیلهامه‌ بۆ چالاكوانه‌  فه‌له‌ستینیه‌كان، ئه‌و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ئارام گره‌ و چالاكی به‌بێ توند‌وتیژی‌ و بێده‌نگی ئه‌نجام ده‌دات، له‌ به‌ناو بانگترین ئه‌و چالاكیانه‌ی نه‌بیل كورد ئه‌نجامیان ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ كاتێك مونا یان محه‌مه‌د ده‌ستگیر ده‌كرێن ئه‌و كورسیه‌ك له‌به‌رده‌م بنكه‌ی پۆلیس دا ئه‌نێت‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ندان كاتژمێر چاوه‌ڕێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش سه‌رنجی میدیاكان راده‌كێشێت‌و ده‌بێته‌ هۆی كۆبونه‌وه‌ی سه‌دان كه‌س له‌هاووڵاتیانی فه‌له‌ستین‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و ئیسرائیلیانه‌ی هاوسۆزن له‌گه‌ڵیاندا، له‌ دوا جه‌نگی نێوان حه‌ماس‌ و ئیسرائیلدا مونا كورد وه‌ك ئایكۆینی خۆپیشاندانه‌كان ده‌ركه‌وت، به‌شی زۆری میدیا جیهانییه‌كان چاویان له‌سه‌ر جوڵه‌كانی مونا بوو، مونا تائێستا نه‌یتوانیوه‌ مافی به‌كارهێنانی ژوەره‌كه‌ و ده‌ركردنی (15) جوله‌كه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌و له‌ چالاكی به‌رده‌وامه‌، دوا جار رۆژی شه‌ممه‌ 04/06/2021 له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ده‌ستگیراو بۆ رۆژی دواتر ئازادكرا.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان