ئابووری

"بازرگانانی كوردستان بیر له‌ جێگره‌وه‌ی چین ده‌كه‌نه‌وه‌"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"بازرگانانی كوردستان بیر له‌ جێگره‌وه‌ی چین ده‌كه‌نه‌وه‌"
مه‌ودا میدیا- دانا حامید

جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر خراپی بارودۆخی ته‌ندروستی چین به‌رده‌وام بێت، بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان به‌دوای جێگره‌وه‌ی وڵاتی چیندا ده‌گه‌ڕێن، باس له‌وه‌ش ده‌كات تا ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگه‌ری نه‌بووه‌ له‌سه‌ر كه‌رتی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ چین.

نه‌وزاد غه‌فور، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌ مه‌ودا میدیای راگه‌یاند "پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چین به‌هۆی پشووه‌كانی سه‌ری ساڵی چینییه‌وه‌ بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان نه‌ڕۆشتوون بۆ چین به‌ مه‌به‌ستی هاورده‌كردنی كاڵا و شتومه‌ك، وه‌ پێشتر به‌شی زۆری كارمه‌ندانی ئۆفیسه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ وڵاتی چینن گه‌ڕابوونه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان". 

جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی وتی "ئێستاش تا وڵاتی چین ده‌ست نه‌كاته‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی كاڵا و شتومه‌ك بۆ وڵاتان له‌و بڕوایه‌دا نیم هیچ بازرگانێكی كورد سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكات".

نه‌وزاد غه‌فور، وتیشی "ئه‌گه‌ر ره‌وشی وڵاتی چین هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای بمێنێته‌وه‌ بێگومان بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان بیر له‌ جێگره‌وه‌ی وڵاتی چین ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌م كاته‌شدا وڵاتی هیندستان باشترین بژارده‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ جێگره‌وه‌ی وڵاتی چین به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی".

 جه‌ختیشی كرده‌وه‌ "تا ئێستا ئه‌و ره‌وشه‌ی له‌ چین روویداوه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی دانانی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كه‌رتی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌".
Qaiwan
Qaiwan