کوردستانی

دوو ناحیەی سنوری پارێزگای هەولێر کران بە قەزا

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو ناحیەی سنوری پارێزگای هەولێر کران بە قەزا
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا دەنگیدا لەسەر بڕیاری بە قەزابوونی هەردوو ناحیەی پیرمام و عەنکاوە و بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن بڕیارەکە پەسەندکرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 93ی خۆی ئەنجامدا، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاری بە قەزابونی هەردوو ناحیەی پیرمام و عەنکاوە خرایە دەنگدانەوە و بەکۆی دەنگ پەسەندکران، بەگوێرەی بڕیارەکەش پارێزگای هەولێر رادەسپێردرێت رێکارە ئیدارییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەهاوکاری وەزارەتی ناوخۆ بگرێتەبەر.

چەند رۆژێک لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ناحیەی عەنکاوە رایگەیاند "شارۆچکەی عەنکاوە رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشچونێکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و گەورەتر دەبێت، بۆیە ئێمەش بەناوی حکومەتەوە هاتوین و من لێرەوە پێتان رابگەیەنم کە جەنابی وەزیر و جەنابی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەسپێرین، بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، تا بتوانرێ خزمەتێکی زیاتری دانیشتوانی بکرێت".

ناحیەی عەنکاوە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای ناوەندی ھەولێرە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 40 هەزار کەسە، عەنکاوە ساڵی 1956 بوەتە ناحیە و 90٪ دانیشتوانەکەی کریستیانن، 14 کڵێسای مەزهەبی و زیاتر لە 20 کۆمەڵە و یانەی رۆشنبیری،  بارەگای پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوری، زانکۆی کاسۆلیکی و مۆزەخانەی کلتوری سریانی لەشوێنە ناسراوەکانن کە لەناحییەکەدا بونیاد نراون.

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan