چاوپێكەوتن

شەوبۆ تاڵەبانی، لە کەرکوکەوە بۆ گەورەترین رێکخراوی جیهان

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەوبۆ تاڵەبانی، لە کەرکوکەوە بۆ گەورەترین رێکخراوی جیهان
مەودا میدیا-

لە دیداری ئەم جارەمدا، خانمێکی دوورەوڵات دەدوێنم، خانمێک بەهۆی ئەزموون و لێهاتووییەوە، لە رێگەی گەورەترین رێکخراوی جیهانییەوە خزمەتی زۆری مرۆڤایەتی کردووە، بەتایبەت لە بواری ئیداری، ئابووری و مافی مرۆڤدا کە لە چەندین شوێنی جیهان و لە چەندین بواری جیادا چالاکانە کاری کردووە و جێدەستی دیارە.

خاتوو شەوبۆ کێیە، کەی و لە چ خێزانێک چاوی بە دنیا هەڵهێناوە؟
شەوبۆ سوعاد حەبیب تاڵەبانی. لە ساڵی 1956 لە کەرکوک لەدایکبووم.
سێ خوشکین، دوو براشمان هەبوو کە ئێستا نەماون. من نۆبەرەیانم. خوشکەکانم: 
شلێر؛ ئەندازیارە، لە کەنەدا دەژی. 
شیلان؛ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کار دەکات. 
دوو براکەشم: 
کاوە؛ ئەندازیاری شارستانی بوو لە بەغدا، لە ساڵی 2006 لە شوێنی کارەکەی رفاندیان و تا ئێستاش بێسەروشوێنە. 
کاروان؛ لە ساڵی 1999 بەگەنجی کۆچی دوایی کرد. 

باوکت کەسێکی چۆن بوو و چ کارێکی دەکرد؟ 
باوکم، بە شێخ سوعاد ناسراوە، له ساڵی 1931 له كەركوك لەدايك بووه، لە ساڵی 1954 لە کۆلێجی یاسا بڕوانامەی بەدەست هێناوە. باوکم کەسێکی سیاسی نەبوو، زۆر سەرڕاست و یاسایی بوو، لەژێر فشاری بەعسیشدا نەبوو بە بەعسی، بۆیە لەو کاتەی ئەمینداری گشتی بوو، تێیانگەیاندبوو بۆ ئەو کارە کەسێکیان دەوێت کە بەعسی بێت، بەڵام باوکم رازیی نەبوو، بۆیە لە تەمەنی 52 ساڵیدا خانەنشینیان کرد، لە راپۆرتەکەشدا نووسرابوو ئەم پیاوە پیاوێکی سەرڕاست و موسوڵمانە، بەڵام لەم کاتەدا بەکەڵکی ئەم کارە نایەت، لەبەر ئەوە گەڕایەوە بۆ کەرکوک. بەداخەوە، لە ساڵی 1996 له تەمەنی 65 ساڵیدا بە نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد.

بەکورتی باسێکی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەم بۆ بکە کە باوکت لە ئەستۆی گرتوون... 
ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکانەی باوکم لەئەستۆی گرتبوون، بەم جۆرە بوون:
- بەڕێوەبەری ناحیەی شوان (رێدار)، ئاغجەلەر.
- قایمقامی: فاو، جبایش، تکریت، رەفاعی، ناسریە، هەڵەبجە، کوفە و هەولێر.
- جێگری پارێزگاری دهۆک، بۆ ماوەیەکیش پارێزگاری دهۆک بوو، بەڵام نەیویست وەک پارێزگار بمێنێتەوە، داوای گواستنەوەی کرد. حکومەت ئەوەی پێ ناخۆش بوو، لەبەر ئەوە پلەکەیان دابەزاند و کردیان بە چاودێری ئیداری لە وەزارەتی ناوخۆ لە بەغدا، کارێکی ئەوتۆیان نەدایە، تەنیا مێزێک و کورسییەک بوو بەبێ کار.
- دواتر کرا بە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی لە بەغدا.
- ئەمینداری گشتیی شارەوانیی هاوینەهەوار لە هەولێر.

ئەی سەبارەت بە دایکت چی، کەسایەتیی ئەو چۆن بوو؟ 
سەبارەت بە دایکم، ناوی بەدیعە جەمال تاڵەبانییە، ئافرەتێکی بەتوانا بوو؛ وەک ژنێک لە سەختترین رۆژدا پشتگیری هاوسەرەکەی دەکرد و گەورەترین رۆڵی هەبوو لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی و بەدواداچوونی خوێندن و فێرکردنیان بۆ خوێندنەوە و نووسین بە کوردی. ژنێکی کۆمەڵایەتی بوو، پەیوەندی زۆری لەگەڵ خێزانە جۆراوجۆرەکانی سەرانسەری عیراق هەبوو. لە ساڵی 2008 کۆچی دوایی کرد.

ئاماژەت بەوە کرد کە دوای خانەنشینبوونی باوکت گەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک، ئایا تا کۆتایی تەمەنی هەر لە کەرکوک مانەوە؟
نەخێر، دوای ئەوەی باوکم خانەنشین کرا، گەڕایەوە کەرکوک و لەوێ دەژیان، ئەو کاتە من له بەغدا ئيشم دەكرد. پاش راپەڕینەکەی لە ساڵی 1991، کە کۆڕەوەکە رووی دا، ماڵی باوکم بەرەو ئێران رۆیشتن و دوو مانگ لەوێ مانەوە و پاشان گەڕانەوە بۆ کەرکوک، ئەو ماوەیە من هیچ هەواڵێکیانم نەدەزانی تا گەڕانەوە، کاتێک گەڕانەوە، سەیریان کردبوو ماڵەکەمان تاڵان کراوە و هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، کە من گەڕامەوە بۆ لایان، بە راستی دیمەنێکی پڕ ئازار بوو. پێش ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ لایان، باوکم لەسەر پارچە کاغەزێک نامەیەکی بۆ نووسیبووم، نووسیبووی خانوویەک لە بەغدا بەکرێ بگرە و ئێمەش دێینە ئەوێ. ئیتر دوای ئەوە هاتنە بەغدا و هەر لەوێش کۆچی دوایی کرد، بەڵام لە  کەرکوک لە تەكيەی تاڵەبانی نێژرا.

لێرەدا دەمەوێت بەکورتی باسی قۆناغەکانی خوێندن لە سەرەتایی تا زانکۆ بکەیت.
بەهۆی کاری باوکمەوە، سەرەتا لە ناحیەى شوان دەستم بە خوێندن کرد، دواتر تا سەرەتاییم تەواو کرد، ئەم چەند شوێنەمان کرد: شوان، فاو، ناوچەی جبایش، تکریت، قەزای رەفاعی.
قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیشم لە: ناسریە، هەڵەبجە، کوفە، هەولێر و بەغدا تەواو کرد.
هەرچەندە ئەم هەموو گواستنەوەیە بۆ خوێندکار خۆش نییە، بەڵام بۆ من هۆکارێک بوو کە شارەزایی باش پەیدا بکەم لەسەر کولتوور و تایبەتمەندییەکانی ناوچە جیاوازەکان و پێکهاتەکان و مەزهەبەکان، هەروەها لەسەر زاراوەی جیاوازی زمانی کوردی و عەرەبیی عیراقی. 

زانکۆت لە کوێ خوێندن؟
له بەغدا، لە ساڵی 1977 کۆلێجی کارگێڕی و ئابووریم تەواو كرد.

دوای تەواوکردنی زانکۆ لە کوێ دامەزرایت و دەستت بە کار کرد؟
لە بەشی دارایی ئەنجومەنی زانستی (کە لە ئاستی وەزارەت بوو)، لە نێوان ساڵانی (1977 – 1989) لە سەنتەری ئەنجومەنەکە و هەموو ئەو سەنتەرانەی توێژینەوە کە سەر بە ئەنجومەنەکە بوون، کارم کرد. لە سێ ساڵی کۆتاییدا، وەک لێپرسراوی بەشی دارایی ئەنجومەن و سەنتەرەکانی سەر بەو ئەنجومەنە کارم دەکرد بەهۆی ئەوەی زۆربەی کادیرە پیاوەکان نێردرابوون بۆ خزمەتی سەربازی لە شەڕی عیراق - ئێران. 

کەی هاوسەرگیریت کرد؟ 
ساڵی 1987. 

لەگەڵ کێ؟
 لەگەڵ فایەق عەبدوڵڵا مەلا تایەر، کە خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەی بیارەیە و لە ساڵی 1960ەوە لە بەغدا ژیاون. باوکی؛ عەبدوڵڵای مەلا تاهیره، کە کەسێکی ناسراوی هەڵەبجەیە و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی ئەنجام داوە پێش ئەوەی کارگەی بلۆک دروست بکات لە ناوچەی سەیدسادق. توبا خانی دایکی، کچی سلێمان بەگی بيارەيه.

ئەویش خاوەنی بڕوانامەی بەرزە؟
بەڵێ، دەرچووی زانکۆی بەغدا، کۆلێجی زانستەکانە لە ساڵی 1976.

ئەى چ کارێکی دەکرد؟
لەگەڵ باوکی لە سەیدسادق کاری دەکرد، کارگەی بلۆکیان بەڕێوە دەبرد کە موڵکی خۆیان بوو، ئەمە جگە لە کاری دەوڵەت.

ئەو کاتەی کیمیابارانی هەڵەبجە کرا ئەوان لەوێبوون؟
ئەوان لە دوای کارکردن لە سەیدسادقەوە شەوانە دەگەڕانەوە بۆ هەڵەبجە. لە ئازاری 1988، لە کاتی سەردانە ئاساییەکانی خۆی بۆ شاری هەڵەبجە، رووداوی کیمیابارانی هەڵەبجە روو دەدات. خۆی و کەسوکاری لەوانە بوون بەر کیمیاوییەکە کەوتن، لەوێوە گواستبوویاننەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تایبەت لەناو ئێران، بۆ ماوەی شەش مانگ بێسەروشوێن بوون. دوای ئەوە گەڕانەوە، کاتێک گەڕانەوە، گرتنیان و رەوانەی زیندانی نوگرەسەلمانی بەدناو کران، لەوێش رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەردەسەریی زۆر هاتبوون. دواتر بە لێبووردنێک لەگەڵ ئەوانی تر ئازاد کران. 

ئەو بەسەرهاتە چ کاریگەرییەکی لەسەر تۆ هەبوو؟
هەر لەبەر ئەو رووداوانە، منیش پلەی کارەکەم لەدەست چوو، بۆیە داوای مۆڵەتێکی دوورودرێژم کرد و دواتر داوای خانەنشینیی پێشوەختەم کرد. 

دوای ئەوەی خانەنشین بوویت، لە ماڵەوە مایتەوە یاخود کاری ترت کرد؟
کاری دوای ئەوەم، بووم بە لێپرسراوی بەشی دارایی لە زانکۆی مەنسووری ناحکومی لە شاری بەغدا، لەوێ مامەوە تاوەکوو ساڵی 1992عیراقم بەجێ هێشت.

بۆ بڕیارت دا عیراق بەجێ بهێڵیت؟
بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی هەراسانکردنی زۆر دەبوومەوە، هەروەها رێگر بوون لەوەی هاوسەرەکەم کار بکات. لە لایەکی تریشەوە دەستیان بەسەر موڵک ماڵیاندا گرتبوو، لەلایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە کارگەکەیان بەتەواوی وێران کرا بوو و هەموو ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانیشیان هەڕاج کردبوون.

باسی سەرگوزشتەی رۆیشتنەکەتانم بۆ بکە...
ئەوسا تەنیا سازم (کچەکەم) هەبوو. من و هاوسەرەکەم و ساز چووین بۆ ئوردن و لەوێ داوامان لە کۆمسیۆنی کاروباری پەنابەران کرد وەک پەنابەر لە وڵاتێک وەربگیرێین. هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانمان خستە بەردەستیان، زۆر بەزوویی لە سویسرا بە پەنابەری سیاسی وەرگیراین و لە 4ی ئازاری 1993 گەیشتینە جنێڤ.

لەوێ ژیانت چۆن دەستیپێکرد؟
دەمەوێت ژیانی ئەوێم بەپێی ساڵەکان بکەمە چەند قۆناغێک...

 1993 – 1998:
سەرەتا نۆ مانگ دیاری کرابوو بۆ فێربوونی زمانی فەرەنسی، خوێندنێکی چڕوپڕ بوو لە پەیمانگەی تایبەت بە وشە و دەستەواژەکانی دارایی، ئیداری و ئابووری بەپێی سیستمی سویسری، کە پەیڕەو دەکران.

شەش مانگیش دیاری کرابوو بۆ فێربوونی زانستی تەکنەلۆژیا و زانستی کۆمپیوتەر.

دوای ئەوە دوو ساڵ وەک خۆبەخش لە ناوەندەکان و کۆمپانیا سویسراییەکان کارم کرد بۆ وەرگرتنی ئەزموون و زانیاریی زیاتر لە بواری دارایی و ئابووریدا. 

لە ساڵی 1998 کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ داوایان لێ کردم یەک مانگ کاریان لا بکەم لەسەر کۆتا راپۆرتی پاکتاوکردنی هەموو بەڵگەکانی هاتوو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان لە وڵاتی رواندا لە دوای شەڕی نەگریسی ناوخۆی ئەو سەردەمە، بەهۆی ئەوەی کادیری تەواویان نەبوو بۆ ئەو مەبەستە. ئەو گرێبەستە کاتییە، بوو بە گرێبەستی هەتاهەتایی تا خانەنشین کرام لە ناوەڕاستی ساڵی 2021. بەهۆی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕی و ئەزموونی تایبەت، دڵسۆزیی لە کاکردن و ئامادەکردنی راپۆرتەکان بەخێرایی، لەو کارە بەردەوام بووم.

1999 – 2002:
لەژێر دەسەڵاتی کۆمسیاری باڵا، خاتوو ماری رۆبنسۆن، کە پێشتر وەک یەکەم ژن هەڵبژێردرابوو بە سەرۆکی ئێرلەندا، کارم دەکرد. نموونەی باڵای ژنێکی سەرکردە بوو، لەو دەزگایە پانتاییەکی فراوانی بۆ رەخساندبووم بۆ وەرگرتنی ئەزموونی ئابووری و شارستانی، هاوکات زیادکردنی ئەزموونی دارایی و ئیداری. لە دەزگایەکی نموونەیی کە تێکەڵەیەک بوو لە کولتوور و شارستانیەتی جیاواز، بەڵام بە رۆحیەتێکی وا کە وەک یەک تیم کارمان دەکرد. ئەم کەشە تەندروستە، بواری زیاتری پێ بەخشیم بۆ ئەوەی شارەزاییەکی زۆر پەیدا بکەم لە یاساکان، کاری رێکخراوەکە، پاشکۆی دارایی، لۆجستی و ئیدارییان، تەنانەت ئەمنییش، ئەمەش وای لێ کردم ببم بە کادیری سەرەکیی بەشی هاوکاری و پێشخستنی بەرنامەکانی کۆمسیۆن، کە ئامادە و پێشکەشکردنی چوارچێوە ستراتیژییەکانی دواڕۆژ دادەڕێژن و لەسەر ئەو بنەمایە؛ چالاکییەکان بڕیاریان لەسەر دەدرا. هەروەها دانانی بودجەی ساڵانە، هەروەها دوابەدوای دانانی هەنگاوەکان، جێبەجێکردن و ئەنجامدانیشی. خۆم ئامادە دەبووم لەبەردەم لیژنەی پێنجەم لە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر بەرنامەکان.

ساڵی 2003:
لەو ساڵەدا و دوای رووخانی رژێمی سەدام، سێرجیۆ دی مێللۆ وەک کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ دانرا، لەو کاتەی کە بەمەبەستی رێزلێنانم هاتبوو، رووبەڕوو داوام لێ کرد بمخاتە ناو ئەو شاندەی کە بەرەو بەغدا دەچوون، چونکە بەشێوەیەکی کاتیی وەک نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق دانرابوو. هەرچەندە بەهۆی مەترسی و پارێزگاریی لە کادیرەکانیان وا باو بوو ئەو کەسانەی هەڵگری ناسنامەی ئەو وڵاتەن، لەگەڵ شاندەکان نانێردرێن، بەڵام من فشارم کرد و بۆم روونکردەوە و پێم وت: دەتوانیت لەسەر مێژوو و کارەکانی خێزانەکەم لە بردوودا لە عیراق بکۆڵێتەوە و دڵنیابیتەوە لەوەی هیچ مەترسییەک و رێگرییەک نییە لە گەڕانەوەم. جگە لەوەش، من دەتوانم بە هەر سێ زمانە سەرەکییەکەی خەڵکی عیراق قسە بکەم، ئەمە جگە لە فەرەنسی و ئینگلیزی. 

دوای سێ حەفتە لە رۆیشتنی دی مێللۆ، شاندەکە بەرەو عیراق بەڕێ کەوتن، منیش رەزامەندییەکی تایبەتیان بۆ دەرکردم بەمەبەستی چوونم بۆ عیراق و پەیوەندیکردن بە شاندەکەوە؛ تا راستەوخۆ وەک بەرپرسی نووسینگەی راوێژکاری سیاسیی د. غەسان سەلامە کار بکەم.

ئێستاش لەبیرمە هەر لە فڕۆکەکە دابەزیم، یەکەم ئەرک کە پێیان سپاردم: رێکخستنی دیدارێک بوو لە نێوان سێرجیۆ لەگەڵ مام جەلال. بە شایەتیی هەموو ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد، من وەک کەسێکی زۆر چالاک لەو بەشە کارم دەکرد، توانیم هەموو کەناڵەکانی پەیوەندیی بکەمەوە لە نێوان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیاسەتمەدارانی عیراق لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵەکان و کەسانی سەربەخۆ.

چۆن لە تەقینەوەکەی 19ی ئابی 2003ی ناو بارەگاکەتان بە سەلامەتی دەرچوویت؟ ئایا بریندار نەبوویت؟
بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر، وەک پەرجوویەک وایە کە زیندووم، بەڵام زۆر هاوڕێ و هاوکارم لەدەست دا و ئەم یادە بە ئازارە هەتاهەتایە لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە. 

دوای ئەوەی بە سەلامەتی لەو تەقینەوەیە رزگارت بوو، عیراقت بەجێ هێشت یان مایتەوە؟
دوای تەقینەوەکە، چەند رۆژێک لە بەغدا مامەوە و دواتر چوومە عەممان بەمەبەستی هاوکاریکردنی بەرپرسانی رێکخراوەکە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکان و سەردانی هاوكارانی بریندارە سەختەكان له نەخۆشخانەکان و دڵنیابوون لە سەلامەتییان و چارەسەرکردنیان لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق، دواتر گەڕامەوە بۆ نووسینگەی سەرەکی لە جنێڤ.

2004 – 2008:
لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کۆمسیاری باڵا، لویز ئاربۆر کارم دەکرد. خاتوو لویز، دیپلۆماتکار و دادوەرێکی ناسراوی کەنەدی بوو، هەروەها سەرۆکی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی یوگسلاڤیا و رواندا بوو. هەر کە دەستی بە کار کرد، بڕیاری پیاچوونەوەی بە کارەکانی ناوەندی کۆمسیۆن و دەزگاکانی کۆمسیۆن لە چەند دەوڵەتێکی جیاواز دەکرد، هەروەها راپۆرتی کاری ئامادە کرد بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی چەند دەوڵەتێکی دیاریکراو لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ساڵی 2005 منیش لەگەڵ خاتوو ئاربۆر چوار جار ئامادەی کۆبوونەوەکان بووم لە کۆمەڵەی گشتی لە نیویۆرک بۆ پێشکەشکردنی پلان و کاری پێنج ساڵمان، لەوانە: کردنەوەی نووسینگە لە چەندین وڵاتی تر، هەروەها دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە. ئەو ساڵە کۆمسیۆن توانیی سەرکەوتنێکی گەورە و رەزامەندیی کۆمەڵەی گشتیی بەدەستبهێنێت لەسەر تەواوی خاڵەکانی راپۆرتی کارەکەی.

لە ساڵی 2006، بڕیاری تایبەت دەرچوو بۆ گۆڕینی لیژنەی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤ. بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە، پێویستی دەکرد پیاچوونەوە بە هەموو بڕیارەکانی لیژنە هەڵوەشاوەکە بکەین و شییان بکەینەوە و جارێکی تر بیخەینەوە بەردەم (ئەنجومەنى مافی مرۆڤ)ی تازە، بۆ پیاچوونەوە و رێکخستنی پەیڕەوی تازەی کاری هەموو لیژنە تایبەتەکان و لاوەکییەکان، هەروەها پێویستییەکان لە دابینکردنی ستافی پسپۆڕی دارایی و مرۆیی. بۆ ئەو مەبەستە بڕیاریان دا لیژنەیەک بۆ پیاچوونەوە پێکبهێنن. کاری من، کارێکی سەرەکی بوو لە هەموو قۆناغەکان بۆ کارە پێویستەکان.

لە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی ساڵانەی ئەنجومەن، دەبوایە راپۆرتێکی دوورودرێژ بە هەموو بڕیارە دەرچووەکان ئامادە بکەم و بیخەمە بەردەم کۆمەڵەی گشتی لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆن، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بدەمەوە بەمەبەستی وەرگرتنی کۆتا رەزامەندی. ئەمانە و دەیان بەرپرسیارێتی تر لە رووی بەدواداچوون و جێبەجێکردنەوە. ئەم بەرپرسیارێتییانە بەڕێوە نەدەبرا ئەگەر شارەزاییم نەبوایە لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها ئاگاداری و شارەزایی لە بارەی سیاسەت و ئاسایشی ئەو وڵاتانەی کە بڕیارەکان دەیانگرێتەوە. ئەو ئەرکە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵکوو شارەزاییەکی زانستییانە و زانیارییەکی زۆری پێویست بوو. ئەم هەموو شارەزایی و خۆماندووکردنە، بووە هۆی ئەوەی لە کاتی ماڵئاوایی و خانەنشینبووم، چەندین وشە و دەستەواژەی بێوێنەیان ئاراستە کردم، بۆ نموونە؛ یەکێکیان وتی: ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە سەردەمێک دەکەین کە دەتوانین پێی بڵێین سەردەمی شەوبۆ. یەکێکی تر وتی: ئەمڕۆ کەسێک جێمان دەهێڵێت، هەرکات تووشی ئاڵۆزییەک دەبووینەوە لە کارەکانمان، دەمانوت بابچین بۆ لای شەوبۆ، وەڵامی راست و کۆتایی لای ئەو دەدۆزینەوە. 

هەروەها لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەدانی خاتوو ناڤی پیلای دادوەری پێشووتری باشووری ئەفریقا و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای، کارم کردووە. ئەمە جگە لەوەی لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەدانی شازادە زەید رەعد حسێنیش کارم کردووە کە ئەویش پێشتر کونسوڵ و نوێنەری هەمیشەیی ئوردن بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کە یاریدەدەرێکی باش بووم بۆی و ئەویش زۆر پێی دەزانی.

جگە لەو کارانەی ئاماژەت پێ کردن، هیچ کارێکی دیکەت لەئەستۆ گرتووە؟
بەڵێ، چەندین ئەرک و کاری دیکەم خراوەتە ئەستۆ، کە بەم شێوەیە بوون:

یەکەم: سەرپەرشتیی سندوقی پرۆژەکانی شیاندنەوەی قوربانیانی ئەشکەنجەدان، هەروەها سندوقی کەمەنەتەوایەتییەکان و قوربانیانی بەکۆیلەکردن لە وڵاتانی جیاواز لە سەرتاسەری جیهان و وردبینیکردنی راپۆرتەکانی ئەو رێکخراوانە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستییان.

دووەم: چاودێری و سەرپەرشتی دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەلی کاری لیژنەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵ، مافەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، لیژنەی نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی، لیژنە نەهێشتنی ئەشکەنجەدان، لیژنەی نەهێشتنی جیاوازیی نێوان هەردوو رەگەز، لیژنەی مافەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لیژنەی تایبەتمەند بە ونبووەکان و چەندین لیژنەی گرنگی تر.

سێیەم: سەردانی بەردەوام بۆ لیژنە لاوەکییەکانی سەر بە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە زۆربەی وڵاتان بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان و دابینکردنی پێداویستییە گرنگەکانیان.

چوارەم: لە ساڵی 2017 داوایان لێ کردم هاوکاری نوێنەری ئەمینداری گشتیی تازە دەستبەکاربوو لە (لیبیا) بم، تا نووسینگەکەی جێگیر بکرێت، ئەم کارەم بە تەواوی ئەنجام دا وتا ئێستا لە پەیوەندیدام لەگەڵ زۆرێک لە هاوکارەکان.

پێنجەم: کارکردنی چڕوپڕ لە ساڵی 2001 بەمەبەستی ئامادەکردنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی دژی رەگەزپەرستی لە باشووری ئەفریقا لە شاری دەربان، هەروەها بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان. دواتر هاوکار بووم لە بەستنی کۆنگرەی دوای دەربان، کە ئەویش لە جنێڤ لە ساڵی 2011 بەسترا.

شەشەم: لە 2003 – 2005، لە کۆمسیۆن بڕیارێکیان دەکرد کە رۆژانە دوو کاژێر هاوکاری میدیاکارانی ناو کۆمسیۆن بکەم بۆ ئامادەکردنی راپۆرت و هەواڵەکان لەسەر رووداوەکانی ناو عیراق، چونکە کادیری تایبەتیان نەبوو.

حەوتەم: 2004 – 2006 لەسەر داوای جۆن باجی نێردراوی کۆمسیۆن لە عیراق، هاوکار بووم لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە سەنتەری ونبووەکان و ونکراوەکان لە عیراق.

هەروەها هاوکار بووم لە دروستکردنی وەزارەتی مافی مرۆڤ لە عیراق، کە دەبوایە بەردەوام ئامادە بم لە کۆبوونەوە و کۆنگرەکان لە عەممان. هەروەها نوێکردنەوە، رێکخستنەوە، بەئەرشیفکردنی یاسا و بەڵگەکانی وەزارەتی دادی عیراق.

چ کارێکت زۆر شانازیی پێوە دەکەیت؟
یەکێک لەو کارانەی کە زۆر شانازیی پێوە دەکەم: لەو رۆژەوەی کە تەقینەوەکەی بەغدا بوو، تا دوای خانەنشینیم، بەدواداچوونی بەردەوامم بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ئەو کادیرە ناوخۆییانەی عیراق کرد کە لە تەقینەوەکە رزگار بوون، بە جێگیرکردنی مافەکانیان بەشێوەی بەردەوام و وەرگرتنی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ ئەوانەی پێویستیان بوو.

ئایا لە لای ئێوەوە هیچ کراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە؟
نەخێر، وەک دەزانن دەبێت ستافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێلایەن بن، واتە ناتوانن ببنە دەستپێکەر، بەڵکوو هاوکاری و ئامۆژگاری و ڕێنوێنی پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە داوای دەکەن. من لەو بوارەدا شکستم نەهێناوە، بەڵکوو لە رێگەی دیدار لەگەڵ زۆربەی ئەو شاندانەی کە سەردانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانيان ده كرد، ئاسانکاریم بۆ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان دەکرد، بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان روون بکەنەوە. هەروەها هەوڵم داوه ئەو كارەساته تراژیدییانەی کە لە کوردستان روویان داوە، بۆ هەموو لێپرسراوانی بەشی مافی مرۆڤ کە نێردراون بۆ عیراق، بە وردیی بۆیان روون بکەمەوە. پێش هەموو شتێک، دەبێت ئەمە لۆبی گەورەی بۆ پەیدا بکرێت لە دەوڵەتە زلهێزەکان، لە وڵاتانیش کەسانی پسپۆڕ ئامادە بکرێن بۆ ئەم مەبەستە. بەداخەوە، لەم بارەیەوە کەمتەرخەمیی زۆرە. کێشەکە لە دەرەوەی وڵات نییە، کێشەکە لە ناوەوەیە. ئەوەی من بەدی دەکەم لەو بارەیەوە، قسەیان زیاترە لە کردار. 

با شتێکت بۆ باس بکەم: پێش پێنج ساڵ لەسەر سندوق و بودجەی قوربانیانی ئەشکەنجەدان کارم کرد، لە باشووری عیراق لەلایەن شیعەکانەوە پرۆژەیان ناردبوو، کەچی لە کوردستان نە حکومەت، نە رێکخراوێک پرۆژەیەکیان نەبوو، هەرچەندە ئەوەی باشوور کاڵوکرچ بوو، بەڵام توانیمان هاوکاریان بین.

جگە لە تۆ وەک خانمێکی کورد لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کوردی دیکە هەبوون لەو رێکخراوە کار بکەن؟
بەداخەوە، لە هەموو رێکخراو و لیژنە و ئەنجومەنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەدەگمەن کوردێک دەبینی.

وەک کادیرێکی پێشکەوتوو لە کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، راوێژت چییە بۆ دەسەڵاتدارانی کورد؟
حکومەتی کوردستان دەبێت هەوڵی جدی بدات بۆ ئامادەکردنی کەسانی لێهاتوو بۆ ئەوەی بچنە ناو دەزگا گرنگەکانەوە، چونکە ئەوانە دەبنە روویەکی جوان بۆ کوردستان، ئەمە تەنیا بە ناوهێنانی چەند کەسایەتییەکی ناسراو نییە بۆ پۆستی سەرکردایەتی لە رێکخراوەکەدا، بەڵکوو بە هاندانی گەنجان بۆ داواکردنی پلە و پۆسته ناوەندییەکان بەمەبەستی فێربوون و پێشکەوتن له بوارە جۆراوجۆرەکانی رێکخراوەکە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پۆستی سەرکردایەتی بەدەستبهێنن، لە هەمان کاتیشدا دەتوانن بەپێی پێویست هاوکاری ناوەوەی کوردستان بن.

لە کۆتاییدا دەمەوێت پرسیاری منداڵەکانت لێ بکەم، منداڵەکانت لە ئێستادا بەچییەوە سەرقاڵن؟
کوڕێک و کچێکم هەیە، کچەکەم ناوی (ساز)ە، دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکاندا هەیە لە زانکۆی مۆنتریاڵ لە کەنەدا. کوڕەکەشم ناوی (دیلان)ە، لە قۆناغی کۆتایی هونەرە جوانەکانە، لە بواری دەرهێنانی سینەما دەخوێنێت له جنێڤ.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan