راپۆرت

388 سەگی 47 دەوڵەت توانیان لە مەڕەش 74 کەس لە مردن رزگاربکەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


388 سەگی 47 دەوڵەت توانیان لە مەڕەش 74 کەس لە مردن رزگاربکەن
مەودا میدیا-

رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 لە چەندا شارێکی تورکیا روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 41 هەزار کەس، ئەوەش کاردانەوەی جیهانیی خێرای بۆ بەهاناوەچوونی تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و فریاکەوتنی خێرا.

بەپێی زانیارییەکان لە رۆژانی سەرەتای روودانی بوومەلەرزەکەدا، 388 سەگی راهێنراوی 47 وڵاتی جیاواز گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بەشدارییان لە رزگارکردنی ئەو کەسانەدا کردووە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بوون.

388 سەگەکە لەلایەن تیمی تایبەتەوە راهێنانیان پێکراوە، هەروەها بەشێوەیەکی ورد پرۆسەی گەڕانیان بەڕێوەبرد لە ویلایەتی کەهرەمان مەڕەش و ئەو ناوچانەی دیکەش کە بوومەلەرزەکە تیایاندا رووی دابوو.

چی وڵاتێک سەگی زۆر نارد؟
لە رۆژی 15 شوباتەوە پرۆسەی بەوردی گەڕان لەلایەن سەگەکانەوە دەستیپێکرد، هەر وڵاتە و بە ژمارەی جیاواز بەشدارییان کرد بەم شێوەیە "ئەڵمانیا  5 سەگ، فەرەنسا 9، ئیسپانیا 11، بەریتانیا 10، ئیتالیا 2، مەکسیک 2، سوید 4، رووسیا 8، سلڤادۆر 3، ئەفریقا 10 سەگ".
بەدوای ئەوەشدا سەگی راهێنراوی دیکەش گەیشتنە ناوچەکانی روودانی بوومەلەرزەکە "پەنەما 2 سەگ، پۆڵندا 8، بۆسنە و هەرسک 1 سەگ، چیک 8، مەنگۆلیا 2، چین 6 سەگ، هیندستان 2، قەتەر 4، ئەرجەنتین 4، ئوسترالیا 4، بەرازیل 4 سەگ، پورتوگال 9 و ئیندۆنیسا 2".

سەگە ئازا و بەوەفا و راهێنراوەکان لە وڵاتانی دیکەوە گەیشتن بەم ژمارە جیاوازانە "سویسرا 9 سەگ، کۆڵۆمبیا 8، کۆسۆڤۆ 3 لیبیا 4، رۆمانیا6 سەگ، کۆریای باشوور 4 و ئۆکرانیا بە 2 سەگ بەشدارییان لە پرۆسەی گەڕان و رزگارکردنەکەدا کردووە".

لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەگەکانەوە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەوا "١٣ سەگ بۆ مەجەر، 1 بۆ ماڵتا، 9 بۆ ئەڵمانیا، 9 بۆ نەمسا، 8 بۆ فەرەنسا، 13 بۆ ئیسپانیا، 4 بۆ ئیسرائیل، 3 بۆ سوید و 8 سەگ بۆ یابان گەڕێنراونەتەوە دوای ئەوەی ماوەی خزمەتیان لە شوێنی بوومەلەرزەکە کۆتایی هاتووە".

هەروەها بۆ رووسیا 11 سەگ، یۆنان2، بولگاریا 1، جەزائیر 6، هۆڵەندا 46، مەکسیک 16، پۆڵەندا 8، تونس 4 سەگ، بەریتانیا 2، کرواتیا 7، ئیتالیا ٥، پورتوگال 4، سلۆفاکیا 10، سعودیە 6، بۆ ڤێتنامیش 6 سەگ گەڕێنراونەتەوە دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان.

لەبارەی ئەو سەگانەوە بابلو گارسیا کە سەرپەرشتی تیمە سەگەکانی مەکسیکی کردووە بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی راگەیاندووە، کەوا بۆ ماوەی دوو ساڵ و بەشێوەیەکی زانستیی چڕ، راهێنانیان بەو سەگانە کردووە، ئەوەش بۆ مەبەستی رووداوی لەناکاو و رزگارکردنی خەڵکی.

ئەوەشی وتوە کە سەگەکان دەتوانن شوێنی ئەو کەسەی لەژێر زەوی و باڵەخانەدایە بدۆزنەوە لە رێگەی بۆنی قوربانییەکەوە، هەروەها ئەوانەی نەمردوون و چاوەڕوانی رزگارکردنن.

ئەوەشی وتوە "سەگی مەکسیکی بۆ گەڕان و دۆزینەوە بەوە ناسراون کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا راهێنانیان پێدەکرێت".

سەگەکانیش برینداربوون
لەکاتی پرۆسەی گەڕاندا سەگە راهێنراوەکانیش هەندێکیان برینداربوون "توبیکی شەش ساڵ، هایتای تەمەن چوار ساڵ و تۆری تەمەن پێنج ساڵ"، برینەکانیشیان بەشێکی بەهۆی شوشە شکا و وردبووەکانەوە بووە. هەروەها دوای تیمارکردنیشیان دووبارە دەستیان بە چالاکییەکانیان کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگا رەسمییەکانی تورکیا ئەو سەگانە توانیویانە تەنها لە کەهرەمان مەڕەش 74 کەس رزگاربکەن.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan