جیهانی

ئیتاڵیا زیانمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ له‌ قه‌یرانی كۆرۆنادا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئیتاڵیا زیانمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ له‌ قه‌یرانی كۆرۆنادا
مەودا میدیا- هه‌ڵمه‌ت هۆشیار 

 پسپۆرانی ته‌ندروستی 10 هۆكاری سه‌ره‌كی دیاری یده‌كه‌ن كه‌ بووەته‌ هۆی به‌ خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا، هەروەها ئەو وڵاتە به‌ زیانمه‌ندترین وڵاتی جیهان داده‌نرێت له‌ قه‌یرانی كۆرۆنادا، تاكو شه‌ممه‌ی رابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیتاڵیا 6557 تووشبووی دیكه‌یان به‌ په‌تاكه‌ راگه‌یاند ئه‌مه‌ش تۆماركردنی ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌ كه‌ نیگه‌رانییه‌كانی به‌رامبه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ زیاتر كردووه‌، چونكه‌ ژماره‌ی تووشبووان بۆ نزیكه‌ی 54 هه‌زار به‌رز بووەته‌وه‌. 

 هه‌روه‌ك به‌ پێی ئاماری به‌رگری فریاكه‌وتن هه‌ر شه‌ممه‌ی رابردوو ئیتاڵیا  ژماره‌ی پێوانه‌یی گیان له‌ ده‌ستانیشی تۆمار كرد له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا 793 كه‌س بووه‌ و به‌مه‌ ژماره‌ی گیان له‌ ده‌ستدان له‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا ده‌گاته‌  4825 كه‌س. 

دیمه‌نێكی ئازه‌ربه‌خشه‌ كاتێك ده‌بینین له‌و وڵاته‌ هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانی، ته‌رمی قوربانییانی نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ ئۆتۆمبیلی سه‌ربازی ده‌گوازرێنه‌وه‌. 

لێردا پرسیارێك دیته‌ ئاراوه‌ وڵاتێك كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانی ده‌گاته‌  60 ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار كه‌س بۆچی ببێته‌ پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا؟ ئه‌و هۆكارانه‌ چین بوونه‌ته‌ هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌و شێوه‌ به‌ر بڵاوه‌؟

پسپۆرانی بواری ته‌ندروستی 10 هۆكاری سه‌ره‌كییان دیاركردوه‌ بۆ وەڵامی ئه‌م پرسیارانه‌: 

1-له‌ سه‌ره‌تادا ئیتاڵیا نكۆڵی له‌ بوونی هیچ نه‌خۆشێك ده‌كرد، هیچ هه‌نگاوێكی په‌له‌ و پێویستی نه‌نا له‌ پێناو دروستكردنی جێگای ته‌ندروست (كه‌ره‌نتینه‌) سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌زگا هه‌واڵگری وڵاته‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیان له‌ مه‌ترسی نه‌خۆشییه‌كه‌ ئاگادار كردووەته‌وه‌. 

2-ئیتاڵیاییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پشكنینی پێشوه‌ختیان پشتگوێخست، له‌ كاتێكدا كارایی ئه‌م پشكنینه‌ بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ سه‌لمێندراوه‌. 

3-نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ پڕ و چاوه‌ڕوانه‌كراو له‌ باكوری ئیتاڵیا هێرشی كرده‌ سه‌ر كه‌سانێك كه‌ نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌بوو، كه‌ره‌سته‌ و ستافی پێویست له‌ یه‌كه‌كانی چاودێرێ چڕی نه‌خۆشخانه‌كانیش به‌رده‌ست نه‌بوون، له‌وانه‌ ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد.  

4-ئیـتاڵیا به‌ یه‌كیك له‌و ووڵاتانه‌ داده‌نرێت كه‌ ژماره‌ی به‌ساڵاچووانی زۆره‌ و رێژه‌ی له‌ %23.3 دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ سه‌رووی ته‌مه‌نی 65 ساڵه‌وه‌ن، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوو. 

5-له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ تۆڕی هه‌واڵی (فۆكس نیوز) بڵاویكردووەته‌وه‌ كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌هێزی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كان و رۆشنبیری و شێوای ژیانی ئیتاڵیاییه‌كان، فۆكس نیوز ده‌شنووسێت "زۆرێك له‌خێزانه‌كان كاتێك نه‌وه‌كانیان هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن هه‌موویان له‌ یه‌ك ماڵدا ده‌ژین و به‌ خێزانی به‌شداری بۆنه‌و یاده‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ریه‌كه‌وتن زیاترده‌كات".

6-هه‌ندێكی تر پێیان وایه‌ پێده‌چێت ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ كه‌سانێكی گه‌نجه‌وه‌ بڵاوبووبێته‌وه‌، چونكه‌ ته‌ندروستی و به‌رگری له‌شیان به‌هێز بووه‌ و هیچ نیشانه‌یه‌كی نه‌خۆشییه‌كه‌یان لێده‌رنه‌كه‌وتووه‌، یان زۆر به‌بێ هێزی هه‌ستیان پێكردووه‌ و له‌وانیشه‌وه‌ بۆ كه‌سه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان گـوازراوه‌ته‌وه‌.

7-گۆڤاری (دیموگرافیك ساینسیش) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ توێژینه‌وه‌ی دانیشتووان ئه‌و دوو هۆكاره‌ی پێكه‌وه‌ گرێداوه‌ و ده‌نووسێت "كێشه‌ی‌ ئیتاڵیا  دوو لا‌یه‌نه‌یه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ دووه‌م وولاته‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهان له‌ رووی ژماره‌ی به‌ته‌مه‌ن و به‌ ساڵاچوواندا، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ گه‌نجاكان به‌رده‌وام تێكه‌ڵاویان له‌گه‌ل كه‌سه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كانیان هه‌یه‌ وه‌كو باپیرانیان".

8-پسپۆرێكی ته‌ندروستیش له‌ سه‌ره‌تای بڵاو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند "یه‌كه‌مین هه‌ڵه‌ی حكومه‌تی ئیتاڵیا ئه‌وه‌ بوو گه‌شته‌ راسته‌وخۆكانی نێوان چین و ئیتاڵیای رانه‌گرت و ئه‌مه‌ش هۆكاربوو كه‌سانێكی تووش بوو له‌ چینه‌وه‌ بێنه‌ ئیتاڵیا یاخو به‌ ترانزێت به‌ ووڵاته‌كه‌دا‌ تێپه‌ڕن به‌بێ هیچ چاودێری و به‌دواداچوونێك".

9-هه‌ڵه‌ی دووه‌میش ئه‌وه‌ بوو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ چینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌كرانه‌ جیاگه‌ی ته‌ندروستی (كه‌ره‌نتینه‌) هه‌روه‌كو چۆن فه‌ره‌نساو وئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا ئه‌نجمیاندا. 

10-یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانی ئه‌و ووڵاته‌ جۆرێك له‌ ناكۆكی كه‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌ له‌ باره‌ی رێکكاره خۆپارێزییه‌كان و هه‌ندێكیان پێیان وابوو ده‌بێت رێکكاری توند بگیرێته‌ به‌ر و هه‌ندێكیشان سه‌رباری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وتن و داوایان له‌ خه‌ڵكی ده‌كرد ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان ئاسایی تێپه‌ڕێنن.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان