چاوپێكەوتن

رەنگین عەبدوڵڵا: بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە تراژیدییە و پاڵەوانەکانی ون نەبن، من ماومەتەوە وەک شایەتحاڵێک

مەودا میدیا - سلێمانی |


رەنگین عەبدوڵڵا: بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە تراژیدییە و پاڵەوانەکانی ون نەبن، من ماومەتەوە وەک شایەتحاڵێک
مەودا میدیا-

دیداری ئەم جارەمان، چ دیدارێک؛ دیدارێکە پڕ لە قەهر و ئازار و فرمێسک... حەسرەت قوڕگ دەگرێت و ئەسرین چاوان لێڵ دەکات. باشە مرۆڤ چۆن دەتوانێت تا ئەو رادەیە دڕندە و ترسناک بێت؟! چۆن دەتوانێت ببێتە جەللاد؟! چۆن دەتوانێت تیغ لە ملمی منداڵێک بسووێ؟! چۆن سەرێک دەبڕێت کە خەون بە مەساسە و پارچەیەک شیرینییەوە دەبینێت؟!!!
"ئەگەر توانیت نەختێ بسکیت و مەساسەم بۆ بنێرە"، ئەمە داواکاریی کچێکی یازدە ساڵانەی کوردە کە لە زیندانی بەعسدا چاوەڕێی سزای سەرپەڕاندنە، تاوانەکەی ئەوەیە کوردە. "لەسەر خوێندنەکەت بەردەوام بە"، ئەمەشیان داواکاریی باوکێکە لە هەمان زیندان بۆ ئەو تاقە کوڕ و کچەی کە دەستگیر نەکراون، تاوانەکەی ئەوەیە منداڵەکانی وا پەروەردە کردووە سەر بۆ دوژمن نەوی نەکەن. ئەوە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەیت کوردبوون چ ئازارێکە! چ ئازایەتییەکە! چ بەرخۆدانێکە!
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا وێنەی ئەو دوو نامەیە دادەنێین، کە یەکێکیان هیی شەهید عەبدوڵڵا و ئەوی تریشیان هیی شەهید شلێری کچیەتی، ناوەڕۆکی نامەکان خۆیان پێناسەی خۆیان و سەردەمەکە دەکەن؛ لە لایەکەوە ئاماژەن بۆ ئاستی ستەم و زۆرداریی دەسەڵاتی فاشیزمی بەعس، لە لایەکیشەوە ئاماژەن بۆ ورەبەرزی و پاکی و تێگەیشتوویی و ئومێد بۆ داهاتوویەکی باشتر.
جەلال عەبدوڵڵا محەمەد ساڵح، ناسراو بە حاجی، ئەندامی کارای رێکخستنەکانی ناوشاری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە مەفرەزەی تۆڵە، لە 24ی تشرینی یەکەمی 1984 لەگەڵ چوار هاوڕێی تریدا لە دووڕیانەکەی سەرچنار گوللەباران کران. رژێم بە شەهیدکردنی جەلال عەبدوڵڵاوە نەوەستا؛ باوکی، دایکی، سێ خوشک و برایەکی گرت و رەوانەی هەیئەی کەرکوکی کردن و بە فەرمانێک لە 12ی کانوونی یەکەمی 1987 سەریان پەڕێنرا.
لەم خێزانەی نۆ کەسییە، تەنیا کوڕ و کچێکی منداڵ مانەوە، ئێستا ئەم کچە بووەتە خاتوونێکی سەنگین و رەنگین. سەرەڕای ئەوەی دیدارەکەمان لەگەڵ خاتوو رەنگین، دیدارێکی ناخهەژێن و ئازاربەخش بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا کە خۆڕاگری و سەرکەوتن و ژیاندۆستیی ئەم خاتوونە دەبینیت، هەست بە شانازییەکی بێوێنە دەکەیت، دەڵێیت ئەمەیە داری بەرداری ئازادی، کە بەخوێن ئاو دراوە... 

کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
لە 13ی تشرینی یەکەمی 1981، لە شاری سلێمانی، لە گەڕەکی خەبات لەدایک بووم.
بە رەچەڵەک، لە دوو سێ پشتەوە، لە کوردستانی رۆژهەڵاتەوە باپیرانم هاتوونەتە ئەمدیو و لە پێنجوێن و چەمی شلێر نیشتەجێ بوون، من خۆم بە پێنجوێنی دەناسێنم.

چەند خوشک و برا بوون؟
حەوت خوشک و برا بووین.
شەهید نەسرین، 1959.
شەهید جەلال، 1963.
شەهید عەتا، 1967.
شەهید پەروین، 1969.
شەهید شلێر، 1976.
من و عومەری براشم ماوین.

باوکت چ کارێکی دەکرد؟
باوکم مامۆستا بوو، لە هەمان کاتیشدا مەلا بوو، مامۆستای خوێندنگەی خالیدیە بوو.

هیچ یادەوەرییەکیت بیر ماوە؟
لە بیرەوەریمدا زۆر کەم یادەوەرییەکانی ماون؛ ئەوەی لەبیرمە، باوکم پیاوێکی زۆر خوێندەوار بوو، ژێرزەمینی ماڵەکەمان پڕ بوو لە کتێبی ئایینی و مەعریفی، زۆربەی کات ئەو وێنەیەم دێتەوە بەرچاو، کە لەسەر کورسییەکی نایلۆن لە باخی ماڵەوە دادەنیشت و کتێبێکی بەدەستەوە بوو. هەندێک جار دەچوومە ژێرزەمینەکە کە پڕ بوو لە کتێب، داوای پارەم لێ دەکرد، ئەوسا دەمانوت "عانە". باوکم لە زیندانیش هەواڵی کتێبەکانی دەپرسی و دەیوت هەندێکیان ئەمانەتن.
ئەوەشم لەبیرە کە باوکم کاتێک خواردنی دەکڕی، زۆری دەکڕی، بەڵام سروشتی وابوو یەکجار دەیوت وەرە پسکیت بخۆ، بۆ نموونە ئەگەر پسکیت بوایە، ئەگەر نەمانخواردایە، دووبارەی نەدەکردەوە. پیاوێکی هێمن و بێوەی بوو، تێکەڵاوی کاری سیاسی نەدەبوو.

ئێستا شێوەی دێتەوە بەرچاوت؟
باوکم لەدایکبووی ساڵی 1932 بوو، لە 29ی ئەیلوولی 1987 بەپێی هەندێک زانیاریی هەیئەی کەرکوک گیراوە و لە 12ی کانوونی یەکەمی 1987 سەری پەڕێنراوە. واتە ئەو کاتە من منداڵێکی بچووک بووم کە ئەو شەهید کرا، تەمەنم هەر شەش ساڵانێک دەبوو، لەبەر ئەوە زۆر وێنایەکی روونیم لا نەماوە.

ئەی سەبارەت بە دایکت چی؟ باسی دایکتم بۆ بکە...
ئەوەندە دەزانم کە زۆر وابەستەی دایکم بووم، چونکە لە هەموویان منداڵتر بووم، هەموویان زۆر بایەخیان پێ دەدام. دایکم ژنێکی باڵابەرزی رەنگ ئەسمەری کەمێک پڕ بوو، جوان و خوێنشیرین بوو. لەدایکبووی ساڵی 1945 بوو. دایکیشم هەر لەگەڵ باوکم و خوشک و براکانم لە هەیئەی کەرکوک سەریان پەڕێنراوە. بەڵام دایکم خۆی تەنزیمی بوو، جگە لە نان و خواردن ئامادەکردن بۆ پێشمەرگە و میوانەکانی رێکخستن، زۆر جار نامە و دەمانچە و فیشەکی دەگواستەوە. جارێکیشیان لەگەڵ دایکی خاتوو رازاو لەسەر تراکتۆر بریندار دەبن، بەهۆی بۆردوومانکردنی ئەو ناوچەیەی پێیدا تێپەڕ بووبوون.
ئەوەشم بیرە، کە بەبێ دایکم لە هیچ شوێنێک نەدەخەوتم. جارێکیان لەگەڵی چووم بۆ بەغدا بۆ چارەسەری عەتای برام، چونکە دڵی کون بوو، لە بەغدا سواری پاسێکی سووری دووقات بووین. هەروەها جارێکیشیان بە رێگەی قاچاخ چووین بۆ ئێران، هاوین بوو، کە لەلایەوە دەخەوتم، بەیەکەوە سەیری ئاسمانمان دەکرد و ئەستێرەی گەشەکەی ئاسمان هیی من بوو.

لەگەڵ خوشک و براکانت نێوانتان چۆن بوو؟
لەبەر ئەوەی لە هەموویان منداڵتر بووم، زۆر نازیان دەدامێ. نەسرینی خوشکم مامۆستا بوو، هەرکات لە باخچەی ساوایان دەگەڕامەوە، لێی دەپرسیم کە چی فێر بووم، ئەوسا لەوێ فێری گۆرانیی ئەو سەردەمەیان دەکرین، بەتایبەتییش ئەو گۆرانیانەی پیاهەڵدان بوو بە شان و باڵی سەدامدا.

دایک و باوک و خوشک و براکانت چۆن گیران؟ چۆن بوو تۆ نەگیرایت لەگەڵیان؟
کامەرانی ئامۆزام لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 1987 هاتە ماڵمان، من لەگەڵ دایکم بووم، لە لایانەوە دانیشتبووم. دوای تەواوبوونی قسەکانیان، کامەران وتی: "بۆ گەڵم نایەیتە لای مامت؟" من زۆرم پێ خۆش بوو. دایکم پاڕایەوە وتی: "کچم مەچۆ." بە کامەرانی وت: "من کچی خۆم دەناسم، لە یەک شوێن ئیدارە ناکات و ناخەوێت." من هەر پێداگریم کرد و دوو پارچە جلم برد و لەگەڵ کامەران رۆیشتم.
ئەو شەوەم بیرە، هەتا بەیانی بۆ دایکم گریام و نەمهێشت کەس بخەوێت. بەیانیی زۆر زوو، وا بزانم یەکەم ئۆتۆمبێل بوو لە گەراج، کامەران منی بردەوە بۆ ماڵی باوکم.
ئیتر لەو رۆژەوە وەرچەرخانێکی تراژیدیی لە ژیانی مندا رووی دا. دەتوانم بڵێم لەو رۆژەوە چیرۆکی ژیانی من دەست پێ دەکات؛ ئەوانەی پێشوو ژیانێکی ئاسایی وەک هەموو منداڵێکی تر بەنازی ماڵە باوان ژیانم بە رێ کردبوو. لەو رۆژەدا چیرۆکی نەهامەتییەکانی ژیانم دەستی پێ کرد.
ماڵەکەمان نزیک نانەواخانەی شێخ جەلال و ماڵی بەکر فەرەج و بورهانی حاجی عەلی بوو، هەر لە سەری کۆڵانەکەمانەوە هەستمان بە کارەساتێکی نامۆ کرد، کاتێک کامەران پرسی، وتیان ئەمشەو ئەمن هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی مامت و هەموویان گرتن و بردیانن.
باوک و دایکم لە خوارەوە دەخەوتن و منداڵەکانیش لە سەربان. کاتێک دێن و هەڵدەکوتنە سەر ماڵەوە، باوکم و دایکم دەگرن. هەرچەندە خۆم لەوێ نەبووم، بەڵام وەک عومەری برام دەیگێڕێتەوە؛ منداڵەکان لە سەرەوە دیمەنەکەیان بینیوە و هاواریان کردووە، ئیتر بەرەو سەربان بۆیان دەچن. عومەر منداڵێکی چاپووک بوو، لەدایکبووی ساڵی 1972ە، واتە لەو کاتەدا تەمەنی نزیک پازدە ساڵان بوو، دەیەوێت دەستی عەتای برام بگرێت و را بکات، بەڵام عەتا لەبەر ئەوەی تەندروستی تەواو نەبوو و بێهێز بوو، ئەو ناڕوات، ئیتر عومەر لە سەربانی خۆمانەوە خۆی فڕێ دەداتە سەربانی دراوسێکەمان، کە زۆر لە یەکەوە نزیک بوو، ئەو دەردەچێت و ئەوانی تر هەموویان دەگرن.

ئەی دواتر رژێم بەدوای ئێوەدا نەدەگەڕا؟
بێگومان ناوی ئێمەشیان دەست کەوتبوو، ئەو چەند رۆژە ئێمەیان لە ماڵان حەشار دا، دوای ئەوە ئێمەیان بردە ماڵی مامم لە شانەدەری.

تۆ کە هێشتا منداڵێکی شەش ساڵان بوویت، ئەو ماوەیە دۆخت چۆن بوو؟
تا راهاتم، بەردەوام بەدوای دایکمدا دەگریام، تەنیا لە باوەشی ژنێکدا دەخەوتم کە هەندێک لە نەسرینی خوشکم دەچوو.

ئێستا کە بیر لەو کاتانە دەکەیتەوە، هەست بە چی دەکەیت؟
هەست دەکەم دوو کەسم، هەر کاتێک بمەوێت دەگەڕێمەوە پێنج ساڵی سەرەتای تەمەنم و بەخەیاڵ تیایدا دەژیم و ساتە خۆشەکانی باوەشی دایکم گەرمم دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەش، زۆر جار تا گەورەش بووم، ئەو هەستەم لا دروست بووبوو کە من نەگبەتی ئەم ماڵەم، بۆیە ماومەتەوە. هەندێک جاریش دەڵێم بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە تراژیدییە و پاڵەوانەکانی ون نەبن، من ماومەتەوە وەک شایەتحاڵێک، دەنا لەبیر دەچوونەوە.

لە ماڵی مامت دۆختان چۆن بوو، مامت چۆن بوو لەگەڵتان؟
هەرچەندە من مامم زۆر خۆش دەوێت، بەڵام کەس نابێت بە دایک و باوک. دایک و باوک لێشت بدەن، بیرت دەچێتەوە، لە دەرەوەی ئەوان، قسەیەکی بچووک ئازارت دەدات و بیرت ناچێتەوە. مامم هەرگیز کەمتەرخەمیی لەگەڵدا نەکردووم.
لە لایەکی تریشەوە، ئێمە تەنیا ئەرک نەبووین بەسەر ماڵی ماممەوە، بەڵکوو ئازار و خەم و خەفەتیشمان لەگەڵ خۆمان بردبوو.

مامت هیچی کرد بۆ ئازادکردنی باوکت و ئەوان؟
مامم هەوڵی زۆری دا، پارەیەکی زۆر زۆری خەرج کرد، ئەوەی هەیبوو لە پارە و سەرمایە، بۆ ئازادکردنی دایک و باوکم و منداڵەکان دای نا.

دۆخی چۆن بوو کە بەو شێوە تراژیدییە برا و براژن و برازاکانی لەدەست دا؟
زۆر بیری لە لەدەستدانی برا و برازاکانی دەکردەوە و ئازاری دەچەشت، بەتایبەتی باسی لە ئازارەکانی دەکرد بەرانبەر بە شلێری خوشکم. لە نامەیەکدا شلێر داوای پسکیت و مەساسەی کردبوو وەک منداڵێک، بەڵام مامم نەیتوانی بۆی بنێرێتە ناو زیندان. هەموو جارێک دەیوت چەندێک دڵگرانم بە شەهیدبوونیان، ئەوەندەش دڵگرانم کە نەمتوانی ئەو ئاواتە بچووکەی شلێر بەجێ بگەیەنم.

نامەکانتان لا ماوە؟
بەڵێ، نامەکان لە کتێبەکەی خاتوو ئەمیرە محەمەد "هەستنامەی زیندان"دا بڵاو کراونەتەوە. خۆشم لام ماون، هەرچەندە هەندێکیان بەهۆی دەستاودەستکردنەوە لەناو چوون.

چۆن زانیتان کە ئەوان نەماون؟ پاش رووخانی رژێم لە 2003 سۆراختان کردن؟
وەک پێشتر باسم کرد، ئەو کاتەی ئێمە منداڵ بووین، مامم سۆراخی زۆر دەکردن و سەروەت و سامانێکی زۆری دانا، هەر کەسێک لە زیندان بەر دەبوو دەیدۆزییەوە تا بزانێت کەسانێکی بەو پێودانگە نەبینیوە وەک باوکم و دایکم و منداڵەکان، تەنانەت وای لێ هاتبوو خەڵک هەبوو ئیستغلالی دەکرد، ناو و ناونیشانی هەڵ دەدان بۆ ئەوەی پارە لە مامم وەربگرێت.
دوای ئەوەی رژێمی بەعسی فاشیش لە 2003 رووخا، ئەو کاتەی زیندانەکان شکێنران، ئێمە سۆراخێکی زۆرمان کردن، رۆژانێکی زۆر بە رێگەی کەرکوکەوە بووین و لە سەیتەرەکاندا چاوەڕێمان دەکرد، دەچووینە بەر گرتووخانەکان بۆ ئەوەی بزانین کەسێک لەوانەی ئێمە نایەنە دەرەوە، یاخود کەسێک کە لەوێ بووبێت و رۆژێک لە رۆژان ئەوانی بینیبێت. بەداخەوە، هیچ شتێکمان دەست نەکەوت، تەنیا ماندووبوونێکی زۆر و هەیەجانێکی دەروونیی ناخۆش نەبێت. هەرگیز ئەو کاتانەم بیر ناچێتەوە کە لە سەیتەرەکاندا دەوەستاین و بەرۆکی ئەو خەڵکەمان دەگرت و پرسیارمان لێ دەکردن گەر کەسێکی لەو شێوەی ئەوانیان بینیبێت. ئێستاشی لەسەر بێت، من رۆژ و مانگ و ساڵەکان دەژمێرم، دەڵێم ئەگەر دایک و باوکیشم تەمەنێکیان هەبووبێت و ئەوا برا و خوشکەکانم تەمەنێکی وایان نەبووە و هێشتا گەنجن، ئەگەر کەوتبێتنە شوێنێکەوە دەتوانرێت بدۆزرێنەوە، هێشتا ئومێدی زیندووبوونیان هەر هەیە، لە ناخەوە بەخۆم دەڵێم رەنگە رۆژێک لە رۆژان بیانبینمەوە. مامیشم (بەڕەحمەت بێت) هەتا مردیش زۆری پێ ناخۆش بوو یەکێک بیوتایە سەید عەبدوڵڵا (باوکم)، یان رەعنا (دایکم) خوا عافویان بکات. دەیوت من تا ئێستا هیچ رووفات و گۆڕێکیانم نەبینیوە. لەبەر ئەوە بڕوام وایە هەر زیندوون.

با لێرەدا بچینە سەر باسی خوێندن، قۆناغەکانی خوێندنت لە کوێ خوێندووە؟
سەرەتاییم لە خوێندنگەی سەرشەقام خوێندووە، ناوەندییش لە ناوەندیی کوردستان و ئامادەییش لە ئامادەیی سلێمانیی کچان... پۆلی شەشی ئامادەییم بە نمرەیەکی زۆر باش تەواو کردووە، یەکێک بووم لە دە یەکەمەکەى سلێمانی.

لە خوێندنگە خوێندکار و مامۆستاکان چۆن بوون لەگەڵت؟ چیرۆکی خێزانەکەی ئێوەیان دەزانی؟
لە سەرەتاییدا بەو پێیەی خوێندنگەکە هەر لە گەڕەکی خۆمان بوو و لە ماڵی باوکمەوە نزیک بوو، زۆربەی زۆری مامۆستا و خوێندکارەکان منیان دەناسی و خۆشیان دەویستم و هەستیان رادەگرتم، بەڵام ئیتر کە وردە وردە گەورە بووم، زۆر باسی ئەو چیرۆکەم نەدەکرد، بیرم نایەت لە ئامادەیی باسی ئەوەم کردبێت کە من کچی خێزانێکی حەوت شەهیدیم، تەنانەت لە زانکۆش بەدرێژایی ئەو چوار ساڵەی لەوێ بووم، لە هیچ جێگەیەک باسی ئەوەم نەکرد، هەتا ئەو کاتەی بەحسی تەخەروجم نووسی. بەحسەکەم لەسەر لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری بوو لەسەر پەیکەرەی ئاسایشی ئێستا و دەزگای ئەمنی سەردەمی سەدام. مامۆستاکان زۆر بە لایانەوە سەیر بوو کە بابەتێکی ئاوا قورسم هەڵبژاردووە، سەرپەرشتیاری بەحسەکەم، حاکم عەبدولکەریم بوو، پێی وتم باشە کچم تۆ بۆ ئەم بابەتە قورسەت هەڵبژاردووە، ئەمە بابەتی ماستەر و دکتۆرایە، ئەمە کەی بابەتی بەحسی بەکالۆریۆسە؟ ئیتر منیش بۆم باس کرد و وتم مامۆستا من ئەو بابەتە زۆر ئازاری داوم، ئەمنی ئەوسا زۆر ئازاری داوین، ئێمە خێزانێکی قوربانیین، ئیتر شتێک لە چیرۆکەکەم بۆ باس کرد. حاکم عەبدولکەریم وتی، واتە تۆ چوار ساڵە لێرەیت و حەوت شەهیدت هەیە و رۆژێک لە رۆژان ئەو چیرۆکەت باس نەکردووە و نەهاتوویت داوای یارمەتییەک، داوای مۆڵەتێک، داوای دەرچوونێک یان نمرەیەک لە کەس بکەیت، بەڕاستی ئێمە شانازییت پێوە دەکەین.

لە چ کۆلێژێک بوویت؟
کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سلێمانی.

وەک باست کرد خوێندکارێکی زیرەک بوویت، لەو کاتانەی کە بە نمرەیەکی باش دەردەچوویت، یان کە لە زانکۆ دەرچوویت، هەستت بە چی دەکرد کە خێزانەکەت لەگەڵ نەبوو؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەگەڕێمەوە بۆ کاتی پۆلی شەشی وێژەیی، لە پۆلی شەش بە پێنجەمی سلێمانی و هەشتەمی هەموو هەرێم دەرچووم، کاتێک کە چاوەڕێی خوێندنەوەی ئەنجامەکان بووین، ئامۆزاکانم دەستیان کرد بە فیکە و چەپڵە، دڵیان خۆش کردم، بەڵام هەستم بە تەنیایی دەکرد، ئارەزووم بوو دایک و باوکم یان خوشکەکانم لەوێ بوونایە و باوەشێکی گەرمم پێدا بکردنایە.
لە کاتی ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆش، هەموو سەرقاڵی کڕینی جلوبەرگی کوردی بوون لەگەڵ خوشک و دایک و کەسوکاریان، منیش حەزم دەکرد ئەوانم لەگەڵ بوایە، هەرچەندە هاوڕێی زۆر باشم هەبوو و هەیە، بەڵام ئەو بۆشاییەم بۆ پڕ نابێتەوە. ئێستاش کە خاوەنی دوو منداڵم و خۆشم دایکم، ئەو بۆشاییەم بۆ پڕ ناکرێتەوە. حەزم دەکرد دایک یان خوشکم هەبوایە، یاخود ماڵی برایەک و بموتایە ئەمڕۆ منداڵەکانم لاتان بەجێدەهێڵم، یان ئەم ئێوارەیە دێم و نانتان لەگەڵ دەخۆین. دەورم چۆڵ نەبووە، بەڵام شوێنی ئەوان پڕ نابێتەوە، بەردەوام جێگەیەک لە ژیانمدا چۆڵە، نەمتوانیوە وەک حەقیقەتێک قبوڵی بکەم؛ هەندێک شتی ورد هەن لە ژیاندا، کە لێیان بێبەش دەبیت، ئەوسا رێزیان دەگریت و قەدریان دەزانیت.

دوای ئەوەی لە زانکۆ دەرچوویت، چیت کرد؟ بەردەوام بوویت لە خوێندن، یان دەستت کرد بە کار؟
خوێندکارێکی زیرەک بووم و لە یەکەمەکانی زانکۆ بووم، خەونم بە تەواوکردنی ماستەر و دکتۆراوە دەبینی، بەڵام وام بە پەسەند زانی، بۆ بژێوی دابمەزرێم. ئەوسا تازە فەمانگەی پاسپۆرت دامەزرابوو، مووچەکەشی دووهێندەی فەرمانگەکانی تر بوو، بۆیە ئەوێم هەڵبژارد و دامەزرام. هەر لەوێش محەمەد ناسی، کە دوایی بووە هاوسەرم. لە ساڵی 2004 لە زانکۆ دەرچووم و ساڵی 2005 دامەزرام، لە ساڵی 2011 راژەکەم بۆ زانکۆ بۆ کۆلێژی یاسا گواستەوە.

لە زانکۆ کاری چیت دەکرد؟
لە کۆلێژی یاسا فەرمانبەر بووم.

کەی دەستت کرد بە کاری سیاسی؟
یەکەم کاری سیاسیم، کاتی هەڵبژاردنی ساڵی 2009 بوو، گرووپێکمان لە منداڵانی شەهیدان دروست کرد و هەڵمەتی دەرگا بە دەرگامان دەست پێ کرد و سەردانی ماڵە شەهیدەکانمان دەکرد، خۆشمان ئەو رێکخستنەمان دروست کرد، ئەوە یەکەم دەستپێکی کاری سیاسیم بوو.

دوای ئەوە چۆن بەردەوام بوویت؟
لە کۆنگرەی سێ، بەڕێز مام جەلال 15 کورسی بۆ منداڵی شەهیدەکان دانا و پێیان دەوت کورسییە سپییەکان، منیش یەکێک بووم لەو 15 کەسە.
دوای کۆنگرە، مەکتەبی شەهیدان دروست بوو، وەسفیە خان بوو بە بەرپرسی ئەو مەکتەبە و داوای لێ کردم و وتی: "ئەم مەکتەبە بۆ ئێوەیە، وەرە لێرە کار بکە." منی بردە لای هەڤاڵ بەختیار و دواتر فەرمانەکەیان وەک ئەندامی ئەنجومەنی ئەو مەکتەبە بۆ دەرکردم. لە ساڵی 2011 دەستبەکار بووم و تا 2014 لەوێ کارم دەکرد.

واتە تا ئەو کاتەی بوویتە ئەندام پەرلەمان؟
بەڵێ، ساڵی 2014 کاندید بووم و دەنگم هێنا و بووم بە ئەندامی پەرلەمانی عیراق.

لەناو پەرلەمان لە کام لیژنەیە بوویت؟
سەرەتا دەمەوێت بڵێم شانازیی دەکەم کە بە رەنگینی شەهیدان ناسراوم. لە پەرلەمان چانسی زۆرم لەبەردەمدا بوو کە لە لیژنەی جیاوازدا کار بکەم و زیاتر لە میدیاکاندا دەر بکەوم، تەنانەت هەندێک وتیان بۆ باری دەروونیی خۆت بچۆرە لیژنەی ترەوە، بەڵام لەسەر بەڵێنەکانم بە ماڵە شەهیدان و دەنگدەرەکانم، ویستم راستگۆ بم لەگەڵ دەنگدەران و چوومە لیژنەی شەهیدانەوە.
ئەو لیژنانە بە لای میدیاکانەوە زۆر گرنگ نین، دەنا بەردەوام کارمان دەکرد و سەرۆکی لیژنە بەتایبەتی سوپاسنامەی بۆ نووسیوم.

چ کارێک لە لیژنەکەدا کردووتانە و شانازیی پێوە دەکەیت؟
لەو لیژنەیەدا زۆر چالاک بووم و توانیمان کۆمەڵێک یاسا هەموار بکەینەوە و لیژنەکەم هێنایە هەولێر ویستم مووچەی شەهیدانی کوردستان بچێتە سەر بەغدا، بەڵام سەری نەگرت و لە کوردستان پەسەند نەکرا، بە بیانووی ئەوەی ئەم کەیسانە کەیسی نەتەوەیین و نابێت بچێتە بەغدا، هەرچەندە مووچەی بەغدا زۆر زیاتر بوو.

دوای تەواوبوونی ماوەی خولی پەرلەمان، بەچییەوە سەرقاڵ بوویت؟
لەدوای پەرلەمان، وەک خوێندن، ماستەرەکەم تەواو کرد، ئەو خەونەم هێنایە دی و لە دکتۆراش وەرگیرام کە خەونی منداڵی و زانکۆم بوو.
هەر کە پەرلەمان تەواو لە تەمووزی 2018، مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ دەستم کرد بە ماستەرەکەم، نامەوێت لەسەر نازناوی پەرلەمانتاری بچەقم و دەمەوێت لە بواری ئەکادیمیشدا پێگەی خۆم بسەلمێنم.

نەچوویتەوە دەزگای شەهیدان؟
ویستم بچمەوە دەزگای شەهیدان و لەو مەکتەبە دەستبەکار ببمەوە، بەڵام بە ویستی خۆم نەبوو، منیان ناردە مەکتەبی راگەیاندن و لەوێ بە هەڵبژاردن بووم بە ئەندام مەکتەب و ئێستا لەوێ درێژە بە کارەکانم دەدەم.

لە بواری نووسیندا خەریکی چیت؟
وەک قەڵەمێکی ژن خەریکی نووسینم و لە هەموو بوارێکدا دەنووسم، دەمەوێت نووسینەکانم قورسایی خۆیان هەبێت و بە شێوازێکی ئەکادیمی بنووسم.

لە کوێ دەنووسیت؟
لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ نووسینم زۆرە و زیاتر لە باری فکری سیاسییەوە دەنووسم.
وەک کتێبیش یەک کتێبم چاپ کردووە.

دواوتەت چییە و دەتەوێت چی بڵێیت؟
دەمەوێت بڵێم مرۆڤ کە دێتە دنیا، ئەگەری زۆرە رووبەڕووی تراژیدیایەک یاخود چەندین نەهامەتی ببێتەوە، گرنگ ئەوەیە لەناو تراژیدیاکاندا بتوانیت لەسەر پێی خۆت بوەستیت بۆ ئەوەی چیرۆکەکەت نەمرێت و ببێت بە وانە بۆ خەڵکانی تر. مرۆڤ دەتوانێت لەناو ئازارەکانیدا چیرۆکی جوان دابڕێژێت، گرنگ ئەوەیە ئیرادەی هەبێت، نابێت بهێڵیت چیرۆکەکەت بسڕێتەوە بۆ ئەوەی خۆی بمێنێتەوە. دەکرێت هەردووکیان بەزیندوویی بمێننەوە. ئێمە بەشێکین لە چیرۆکی نەتەوەیەکی ستەملێکراوی مافخوراو و هەوڵی بێبەشکردنمان لە ژیان، ئەمانەش پاڵەوانی خۆی دەوێت تا ئازار بکات بە واقیع. ئازار دوو جۆر مرۆڤ دروست دەکات؛ یەکێکیان خۆی بە قوربانیی دەزانێت و تەسلیمی واقیعە تاڵەکە دەبێت و ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەوی تریان خۆی و ئازارەکان بەیەکەوە گەورە دەکات و ناهێڵێت رۆحی هیچیان بمرێت.




*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازی كردووە.

خ.غ





Qaiwan
Qaiwan