راپۆرت

كاكە حەمە شوڕشگێرێك وەك سورێن باڵابەرز

مەودا میدیا - سلێمانی |


كاكە حەمە شوڕشگێرێك وەك سورێن باڵابەرز
مەودا میدیا –

ئەگەر ئاوڕ لە مێژووی خەباتی شاخ بدەینەوە، محەمەدی حاجی مەحموود یەكێكە لەو سەركردانەی بە بێ پشت و پەناو عەشیرەت، لەگەڵ شۆڕشی كوردی خەباتی بێ وچانی كردوە، لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە، كوڕی شەهید و زیندانكردنی خانەوادەكەی و هەشت جار برینداربوونی كەمترین قوربانی محەمەدی حاجی مەحمودن.

محەمەدی حاجی مەحمود پیاوێك وەك سورێن بەرز وەك قەندیل بە ورە

محەمەدی حاجی مەحموود لای زۆربەی كورد بە كاكە حەمە و لای نزیكەكانی بە حاجی دەناسرێت، لە بناری سورێن لە گوندی قەدەفەری لەدایك بووە، لە تەمەنی هەرزەكارییەوە چۆتە شاخ و بە یەكێك لەو پێشمەرگانە دادەنرێت تەقەی دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێی كردووە، قسەی راستەوخۆ و تاقەتی پاشەملەی نیە، نەخوێندەوار و خاوەنی چەندین پەڕتووكی بیرەوەری، دەبابەكەی شارەزوور و هیچ شەڕێك نەكشاوەتەوە، پیاوێك وەك قەندیل بەورەیە و وەك سورێن باڵای بەرز، ژێر بە ژێر دەیانەوێت بەڕەی سەرۆكی حزبی لە ژێر پێ دەربێنن، كاكە حەمە تەقە كردن وەك ئاوخواردنەوە وایە چ بۆ برا چ بۆ دوژمن، ئەم راستییەش لە كێشە و گرفتەكانی لەگەڵ عەبدوڵای برای دەركەوت.

كێشەی نێوان كاكە حەمە و عەبدوڵای برای

لە شەڕی داعش تاكە سەركردەی كوردە كوڕە گەورەكەی كردە قوربانی، كاكە حەمە باوەڕی زیاتری بە كوردستانی بوون هەیە تا عێراقچێتی، هەر بێتە تینی دەڵێت با ئاوەكە لە عیراق بگرینەوە چی دەكەن با بیكەن، ئێستا پیاوێك تا راپەرینی بەهاری 91 نە دەوری هەبووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، نە قسەیەك نە وتارێك، تاكە وێنەیەك هەیەتی بە جلی پێشمەرگایەتییەوە لە ساڵی 1996 لە چیای هەیبەت سوڵتان گرتوویەتی و ئێستا تاكە شانازی ئەم پیاوەیە كە وەزیری شەهیدانی حكومەتە لە كاتێكدا نە شەڕێكی كردووە و نە بەعسییەك نە جاشێك بە فیشەكی ئەو كوژرابێت، بەڵام بەرژوەندی تاكە كەسی وایكردووە بە پشتی لایەنێكی دیكە بچێتە بەرەی دوژمنی براكەیەوە.

وەزیری شەهیدان.. وەزیرێكی بێ بڕوانامە

لە هەموو جیهاندا ئەوەی كاربەدەستی باڵای حكوومەت بێت دەبێت لایەنی كەم لە دكتۆرا كەمتر بەكارلیۆسی هەبێت، بە پێچەوانەوە لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری شەهیدان لە تاقیكردنەوەی دەرەكی قۆناغی شەش لە كۆی نۆ وانە حەوتی دەرنەچوو، خاترانەی كاكە حەمە لەلای خانەوادەی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی بە خودی مەسعود بارزانییەوە عەبدوڵای حاجی مەحمودی خستە سەر كورسی وەزارەت، لە ناشارەزایی ئەم وەزیرە سكرتێرەكەی خەزووری عەرەبە بەڵام بە مووچەی خانە نشین لەسەر سۆسیالست مووچە وەردەگرێت، لە بەختی ئەم وەزیرە نە چاوی رۆژنامەنووس و نە قەڵەمی رۆشنبیران كەوتووەتە كار، بەڵام ستافی مەودا میدا لەم چەند وشە كورتە راستی عەبدوڵا شیدەكەینەوە:

دەپرسین.. دوو خانوو هەریەك بە ملیۆنێك دۆلار لە گەڕەكی ئاشتی و بەختیاری بەچی..!
دروستكردنی خانوویەك لەسەر رووبەری دوو دۆنم لە گوندی گوڵەخانە بەچی لە كاتێكدا باخچەی ئاژەڵانی تێدایە..!
دامەزراندنی خەزوری سكرتێرەكەت خەڵكی روومادییە و بەرەگەز عەرەبە لەسەر لیستی خانەنشینان بۆ...!
وەستاندنی هێنانەوەی سەدان روفاتی ئەنفالكراو لە بەفرگرەكانی بەغدا بۆ و لە پای چی..!
وەستاندنی چەندین وەجبەی زیندانیانی سیاسیی لە وەجبەی 10 تا وەكوو 13 لە چی و بە چ مەرامێك.!

ئەمانە و دەیان كاری نابەجێی وەزیری شەهیدان، وایكردووە پەیوەستبوونی بە پارتێكی دیكەوە بچێتە بەرەی دوژمنی براكەی " كاكە حەمە" لە پێناو داگیركردنی یانەی بەختیاری، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە چەند دۆنم زەوی لە حكومەت وەربگرێت و بیخاتە سەر موڵكی خۆی.
لە كۆتاییدا بەر لەوەی وەزیری شەهیدان بێت عەبدوڵای حاجی مەحمود لە یەك كاتدا لەناو حزبەكە ئەم پۆستانەی هەبوو "بەرپرسی دەستەی كارگێڕی، بەرپرسی مەكتەبی ئیعلام، بەرپرسی دەزگای زانیاری سۆسیالست، پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە پەرلەمانی كوردستان، نا راستەوخۆ بەرپرسی مەكتەبی ئیدارە بووە كە نەوزادی حاجی عەلی سەرپەرشتی دەكرد.

ئەمانە هەمووی لە پێناو كاكە حەمە دا بووە ئەم پۆستانەی پێدراوە، لای خەڵكی كوردستان ئەگەر چاو بە مێژووی خەباتدا بخشێنرێتەوە، دەبێت ئەو راستییە بزانرێت كاكە حەمە هێندەی ئەوانەی ئێستا لەبەرەی كەسێتیدا دوژمنایەتی دەكەن پێڵاوی بۆ كورد و شۆڕشەكەی دڕاندووە.

بەشی راپۆرت

Qaiwan
Qaiwan