ئابووری
ئاگربەستەكەی ترەمپ نرخی زێڕی بە تەواوی شكاند
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
پاش بڵاوبوونەوەی لێدوانەكەی شەوی رابردووی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی.
دوێنێ نرخی یەك نۆسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 3,395 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرا، بەڵام دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی راگەیاند، نرخی ئەو كانزایە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەك بە 3,326 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا كاریگەری نەرێنی تەواوی لەسەر نرخی زێڕ هەبووە و هەر ئەوەشە وای لە بازرگانان كردووە كە مەترسییەكانیان كەم ببێتەوە و دەست بە فرۆشتنی زێڕ بكەن".
وتیشی"بەپێی پێشبینییەكانی ئێمە ئەم دابەزینەی نرخی زێڕ زۆر درێژە ناكێشێت و ماوەیەكی كاتییە، چونكە ئاراستەی نرخی زێڕ لە دوورمەودادا هەر بەرزبوونەوەیە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"ئێستا بازرگانان و ئەو كەسانەی كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی زێڕ دەكەن دەتوانن بۆ ماوەی كورتمەودا زێڕ بفرۆشن، بەڵام پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، چونكە هەر پێشهاتێك یان لێدوانێكی نوێ لەبارەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە كاریگەری لەسەر نرخ دەبێت و دەكرێت بەرزونزمی زۆر زیاتری تێدا رووبدات".
ئ پ
بیروڕا



