ئابووری
نرخی زێڕ بە هەفتەیەك نزیكەی 100 دۆلار دابەزی
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
تەنها لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 100 دۆلار و بە تەنها لە رۆژی هەینیشدا 50 دۆلار دابەزی.
هەفتەی رابردوو لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی جیهاندا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ نزیكەی 3,370 دۆلار بوو، بەڵام هەمان هەفتە لە كاتی داخستنی بازاڕەكاندا لە رۆژی هەینی نرخی ئۆنسەیەك زێڕ نزیكەی 100 دۆلاری لەدەستدا و دابەزی بۆ 3,274 دۆلار، ئەوەش لە كاتێكدابوو كە بە تەنها لە رۆژی هەینیدا نرخی ئۆنسەیەك نزیكەی 50 دۆلاری لەدەستدا و لە 3,323 دۆلارەوە دابەزی بۆ 3,274 دۆلار.
پێَشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"هەوڵەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ بەرپاكردنی ئاشتی و راگرتنی جەنگەكان بە تایبەت راگرتنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ئاگربەستی یەكجاری نێوان ئیسرائیل و غەززە یەكێكن لەو هۆكارانەی كە بووەتە هۆی دابەزینی زۆری نرخی زێڕ".
وتیشی"لەلایەكی تریشەوە چین و ئەمەریكا خەریكن دەگەنە رێكەوتنی تەواو لەسەر رێكخستن و كەمكردنەوەی پێناسی گومركی نێوانیان كە ئەوەش دیسان هەواڵێكی نەرێنییە بۆ نرخی زێڕ و وایكردووە نرخەكەی بە تەواوی دابەزێت".
ئ پ
بیروڕا



